چى ده‌بوو
ئه‌گه‌ر (ڕیتا) لێره بووایه!
(به‌شى دووه‌م)
عوسمان ھورمزیار/ شاعیر/ ھەولێر
گه‌رده‌لوولى یادگار
له ده‌رەزى دیواره‌كانى ته‌مه‌ن،
له كه‌لێنى شكاوى
په‌نجه‌ره‌كانى خۆزگه دێته ژوورێ،
هه‌را و ژاوه‌ژاو هێنده زۆره
گوێم له ده‌نگى خۆشم نییه،
له‌م ماڵه چۆڵه
له هه‌ژارێكى ڕووت ده‌چم،
له ترسى ته‌زووى بێ ڕه‌حمى كزه‌باى سارد
هانا بۆ په‌نا دیوارێك ده‌با،
به‌ڵام كه تۆ لێره‌نیت (ڕیتا)
دیواره‌كانى ئه‌م شاره
هیچیان به پێوه نه‌ماوە
له‌به‌ر چاوم گشتیان ڕووخاون،
مه‌رگ كه‌له‌شێرێكى ناواده‌یه، جاروبار ده‌قوقێنێ،
ته‌مه‌ن تێپه‌ڕى و تۆ نه‌هاتى (ڕیتا)
تا بڵێم: (ئه‌وڕۆ ڕۆژ له‌كام لا هه‌ڵاتووه؟)
ئازارى ویژدان
له ڕووخسارت نا…
له ناخت په‌نگده‌خواته‌وه
وه‌ك ئه‌و تفه‌نگه‌ى
له‌دواى فیشه‌كه‌كانى
كۆمه‌ڵێك منداڵى هه‌تیو كرد،
ڕۆیشتنى ئه‌مجاره‌م
له‌گه‌ڵ كاروانى ئه‌و ڕێبوارانه‌یه
كه به‌خته‌وه‌ریان له بیر كرد
كه پێكه‌نینه‌كانیان له گۆڕستان
له‌گه‌ڵ ته‌رم و خه‌ون په‌رش و بڵاوبوون،
به ترسه‌وه له ئاسۆ ده‌ڕوانم (ڕیتا)
وه‌ك داواكراوێكى هه‌ڵاتوو
له بازگه‌كان خۆى له گێلى بدا،
له‌م شاره
ماڵێك نییه لێى بمرم،
كه‌چى خانووه‌كان پڕن له ژیان!
باشتره
ده‌ست له‌و خه‌یاڵه خاوه هه‌ڵگرم
به‌ڵام خه‌یاڵ
كانیاوێكه به‌رده‌وام
له هه‌موو وه‌رزه‌كان هه‌ڵده‌قوڵێ،
به‌ڵام خه‌یاڵ
له‌و جوانووه ئه‌سپانه ده‌چێ
كه به‌دواى ڕه‌وه‌دا هه‌ڵدێن و ده‌سته‌مۆ نابن،
زه‌مه‌ن سه‌رگه‌ردانى كردم
وه‌ك ئه‌وانه‌ى له زیندان هێز و
ته‌ندروستى و هاوسه‌نگیان له ده‌ستداوه،
سه‌ده‌یه‌ك پێش ئێستا
سڵاو و ماچم وه‌ك كۆلێره‌ى گه‌رمى سبه‌ینان بۆ ناردى،
كه‌چى له ڕێگاى هه‌وراز و لێژى ڕۆژگار
ساردبوونه‌وه
چیڕبوونه‌وه
تامیان نه‌ما…
ڕۆژه‌كانم
ده‌ستى زبر و قه‌ڵه‌شتى و
نینۆكى چڵكن و ڕه‌شى كرێكارێكى داماوه،
كه‌س ناپرسێ بۆ وایه
ده‌گه‌ڕێمه‌وه كۆڵانه كۆنه‌كه‌تان
وه‌ك به‌ندكراوێكى تازه هاتوو بۆ قاوشى زیندان،
هه‌موو چاوه‌كان له سه‌ر منن
منیش به‌یادى چاوى كه‌سێك هاتووم،
وه‌ك هه‌ناسه به‌رده‌وام له‌گه‌ڵم دایه
وه‌ك سێبه‌ر نووساوه به‌چاره‌نووسمه‌وه،
چیڕۆكى ئێمه ڕاستییه‌كى ئاڵۆزه
من به زمانێكى ساده و ساكار به‌یانى ده‌كه‌م (ڕیتا)
مرۆڤ
ده‌بێ زه‌حمه‌ت بكێشێ
به ڕه‌نجى شان و ئاره‌قه‌ى نێوچه‌وان بگاته مه‌به‌ست،
به‌ڵام من ناگه‌م به مه‌به‌ست لێم یه‌قینه
وه‌ك چۆن لێم یه‌قینه جارێكى تر دایكم
له سه‌ر سفره‌ى نانخواردن جێگا بۆ هه‌موومان ده‌ستنیشان ناكا،
كه ناوه‌كه‌ت
ده‌بینم له فه‌یسبووك
وه‌ك ئه‌وه‌ى پڕووشكه ئاوى گه‌رم و كوڵاو
بپژێ به سه‌ر په‌نجه‌كانم له هێكڕا ڕاده‌چه‌نم
سه‌یرى په‌نجه‌كانم ده‌كه‌م، ساغن!
سه‌یرى دڵم ده‌كه‌م
داخ بووه داخ…
خۆر له سه‌رووى دره‌خته‌كانى (شانەده‌ر)
پڕشنگه‌كانى به‌ره‌و كزى ده‌چى،
سینگى ڕێگاى گه‌ڕانه‌وه‌م تاریك ده‌بێ
گژوگیاى ته‌ڕ
بریقه‌ى نامێنێ و
ترووسكه‌ى ده‌كوژێته‌وه،
بزه‌یه‌كى خه‌ماوى ده‌نیشێته سه‌ر لێوم
دڵم پڕ ده‌بێ له ئاره‌زووى خنكاو.

