فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

بێهوودە یادکردن، بێئاگا پیربوون!

بێهوودە یادکردن، بێئاگا پیربوون!

 

نوری بێخاڵی/ شاعیر/ ڕواندز

 

وا هەست دەکەم زۆر زوو
زووتر و پێش وادەی هاتنی خۆی، پیر بووم
ڕەنگە ئەوە پەیوەندیی بە ئەوینەوە هەبێت
ئەو ئەوینەی مرۆڤ پڕ دەکات لە برین و
بە ئازار دەیهەنوێت
ئەو ئەوینەی وەک داگیرکەرێکی ستەمکار دێت و
هیچ شتێکی مرۆڤ بەسەر هیچییەوە ناهێڵێت
ئەوینێک، کە وەک تۆفانێکی وێرانکەر دێت!

ڕۆژانی پێش هاتنی ئەو تۆفانەم بیر دێنەوە
ڕۆژانی منداڵیی،
کە ژیان بە پەلە دەڕۆیی و چرکەکانی وەک پەشمەک،
شیرین و خێرا، لەسەر زمانمدا دەتوانەوە
ڕۆژانی گەنجێتیی،
کە تەمەنیان هەر هێندەی پەپوولە،
نا، هێندەی خەمڵین و ئاوابوونی پەلکەزێڕینە،
کورت بوو

زۆر زوو،
زووتر لەوەی چاوەڕێم دەکرد، پیر بووم
لەوانەیە ئەمە بە هۆی ئەوینەوە بووبێت
ئەو ئەوینەی وەک (با)،
نا، وەک باهۆزێکی نەگبەت و گەردەلوولێکی شووم هات و
ماکی منداڵیی لە ڕووخسارمدا ڕاماڵی و
ڕەگەکانی گەنجێتیمی لە بێخەوە هەڵکێشا!

ڕۆژانی بەر لە هەڵکردنی ئەو باهۆزەم دێنەوە یاد
ڕۆژانی منداڵیی، کە سەرەڕای سادەییان،
ژیان تیایاندا ڕەنگاڵەیی و پڕ بوو لە خۆزگە و خەونی فڕین
ڕۆژانی گەنجێتیی، کە وێڕای سەختییەکانیان،
کاتەکانیان سەرڕێژ بوون لە مەستی و سەرگەرمیی

ئێستا کە پێش وادەی خۆی، پیریی یەخەی گرتووم
بیری ڕۆژانی منداڵیم دەکەم، کە وەک (با) تیژ تێپەڕین و
یادی ڕۆژانی گەنجێتیش، کە وەک ئەستێرە ڕژان

بە کورتی:
ئێستا کە پێش وادەی خۆی، پیریی بەردەرگای گرتووم
بیر لەو ساتانەی منداڵیی و گەنجێتیی دەکەمەوە بەفیڕۆم دان
ڕاستتر، چۆن هێشتم بێ ئاگا و خێرا لە دەستم ڕابکەن!

منداڵیی هیچ، کە گەوزین بوو لەناو بێ ئاگاییدا
گەنجێتیم ئەگەر بێدەنگییش بووبێت
ئەگەر بێ یاریش بووبێت
ئەگەر بێ ژوانییش بووبێت
وەلێ پڕ بوو لە گۆرانیی، کە فریای گوتنی زۆربەیان نەکەوتم
هەنووکەش ئەستەمە هێزی گوتنیانم تێ بگەڕێت
ئاخر دڵێکی کەنەفت کوا حەوسەڵەی گۆرانیگوتنی هەیە؟

بە پەشیمانییەوە بیری ئەو ڕۆژانە دەکەم،
ڕۆژانی منداڵیی و گەنجێتیی
نەک لەبەر ئەوەی ڕۆژانی خۆش و پڕ لە ئارامیی بوون
لەبەرئەوەی پەلەی گەورەبوونم بوو و
نەمزانی گەورەبوون واتە ئاگایی
ئاگایی واتە بیرکردنەوە
بیرکردنەوەش واتە بەفیڕۆدانی زۆربەی کات و تەمەن

پیریی دۆخێکی زۆر ئاڵۆز و تەواو جیاوازە
ڕۆژگاری پیریی پڕە لە سەمەرە
هەتاو لەبەرچاوتدا خۆڵەمێشیی دەچێتەوە
مانگ دەبینیت لە خوێنی خۆیدا دەگەوزێت
ئێستا کە هەست دەکەم پێش کاتی خۆی پیر بووم،
قێز لە ژیان دەکەمەوە!