رۆژانە سەد وشە دەنووسم
٩٣٢
شێرزاد هەینی/ نووسەر/ ستۆکهۆلم
بەرانبەر کەلاوەی گەڕەکە کۆنەکانی هەولێر دەوەستم! ناتوانم؛ دیوار، پەنجەرە، دەرگە، نەخش، سواندە، بەردەرگە، کەرپووچ، کاریتە، جام، شووشە، دار و بەردەکانیان نۆژەنبکەمەوە! ناتوانم؛ بۆ ئەوەی دەربازم بێت بلۆکی دەرگە، سەرەکۆڵانەکان، دانەدانە داگرم! ناتوانم؛ دەستی ناز بەسەر کەرپووچە شکاوەکانی دابهێنم!
دەسەڵاتی هیچم نییە، بێجگە لەوەی ماوەماوە گۆشەیەکیان لەسەر بنووسم، بپاڕێمەوە، بنوزێمەوە، بڵێم؛
ناکرێ چیتر جەرگەی شار، ناوبازاڕەکە، داون تاون، گەڕەکە کۆنەکان، شوێنەوار، کەلەپوور، نەخش و بیرەوەرییەکان؛ بکوژن، بروخێنن، بمرێنن، بسڕنەوە، بەبەرنامە، بۆ قازانجی تایبەتی، زۆریان بکەن بە ”گەراج”، پارکی گەورە، پانوبەرینی راگرتن؛ بۆ ئۆتۆمبێلە سپییەکان، کە بوون بە؛ نان، ئاو، شانازی، شەرەف، سمێڵ، حزب، ناوداری! هەموو شتەکانیان کردیتە قوربانی چوار تایەی بۆدییەکی تەنەکە.