ژانی_چاوەڕوانی
ئەیوب ئەحمەدی تینوو کۆکەیی/ شاعیر / بۆکان
چاو بە دەرکی ئینتزاری تۆوە دایم مایەوە
وەختە هەڵقرچێم لە تاوت دیدەمەست بۆ نایەوە؟
ئەو دەمەی ڕووگەی منی ئاوارە بوو جێ و مەسکەنت
ڕووحی سەرشێتم لە دەوری ماڵەکەت دەخولایەوە
تا بەڵێنت دا کە جێم بێڵی لە هەردی بێکەسی
گشت خەمی دنیام لە دەرکی ماڵی خۆم گل دایەوە
کەی قەرار بوو وەرزی دووریمان ئەوەندەی پێبچێ؟
ژانی دووری تۆ لە دڵدا مایەوە و نەبڕایەوە
دەردی بێتۆیی ئەوەندەی ژان و مێحنەت داوە پێم
دەستی ئاواتم لە ژینی پێپەتی بەردایەوە
کێوی دووری تۆ لە شانم قورسە چۆنی هەڵگرم؟
چۆن دڵی سەوداسەرم شێواوە بەو سەودایەوە
بۆنی کەزیەت بێ لە سروەی بای شەماڵی سەروەشێن
نامرێ تینوو دەمێنێ هەر دەژی بەو بایەوە
۹بەفرانباری۲٤

