فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

غه‌زه‌ل

غه‌زه‌ل

هونەر موکريانی/ شاعير / مەهاباد

جارێ نەمدیتی لەسووچێک و پەنایەک لەنزیک

نەبوو نەکرا دەگەڵت هیچ سەفایەک لەنزیک

بەرگی تاریکی بەبەر ژینەوە دووراوە، کە دوور

له‌منی تا نەگرم قۆڵی کەوایەک لەنزیک

عومری ڕەعنایەتی عەسرێکە لەشێوانی مرۆڤ

گوڵێ! دابەستە شەوێ نوێژی خودایەک لەنزیک

کەس‌وکاری قەڵەم و قەولی ئەوین بوو دڵی مەست

تا نەبێژێ قسەیێ هەر بەڕەڵایەک لەنزیک

مەست ئاوێنە لەسەر تا قەدەمت کەوت و کوتی

ناکەوێ چاوی بە تۆ بێ‌سەروپایەک لەنزیک

تاقەتم کوا؟ هەوەسم باری کەژە و ڕێگە درێژ

چ لەبارێکی کەژێ؟! بێرە هەوایەک لەنزیک

چی بەڵا بوو بەسەری هات دڵی چووکە بەکۆچ

یاڕەبی تووشی نەبێ هیچ بەڵایەک لەنزیک

باوەشێ نووری لەڕوو کردمەوە شەمچۆڵەیێ خاس

ماڵێ ڕووناک دەکا چۆڵەچرایەک لە‌نزیک

دەنگی سازێکە دەڵێن دوور دەخا سۆزی خەمان

من کە نەمبیستووە لەو چەشنە سەدایەک لەنزیک

خزمی نەخشی بە، هونەر! مەنزڵی ئەخلاقە تەمەن

تا نەکا دەستی تەماکار خەتایەک لەنزیک

 

٧ی به‌فرانباری ٤٠٣