دیجلە و فوڕات
عەبدوڵڵا سەڕاج/ نووسەر و ڕۆماننووس/ سويد
دەمێکە بیر لەو دوو ڕووبارە پیرۆزەی سەرەوە دەکەمەوە ئایا دەشێت لە جێگەی هەڵقوڵان و مەڵبەندی خۆیان بێناو بن و ، لە دەڤەرانی خواریندا ناویان لێنا بێت!؟ ئەمە پەسەند نییە و مەنتیق قبوڵی ناکا، بۆیە دەڵێم هەر دوو ناوەکە بە زمانی شاگەلی ئەو باکوورە شاخاویانەیە و ئێستا دەکارم لێکدانەوەیان بۆ بکەم .
ناوی دیجلە بە بۆچوونی بەندە دوو لێکدانەوە هەڵدەگرێ:
یەکەمیان ( دەچڵە) بێت چونکە ئاوەڕۆکەی کانی بچوك بچوك لەو شاخانەوە هەڵدەقوڵێن و بەفراوی بەهارانیشیان دێتە سەر. هەر بۆ خۆم لە ساڵی ١٩٧٧ دا، بە پێخاوسی بە چڵێکی ئەو ڕووبارەوە ڕۆیشتوم لە دیاربەکر، پاشماوەی پردێکی ڕووخاویشم لێ دیار بوو کە زەمانی زوو بەسەر ئەو چڵە ڕووبارەوە بووە.
دووەمیان : دەشێت ناوەکە لە (تیژلە) وە بێت واتا: ئاوێکی بەخوڕ و تیژ بەڵام بۆچوونی یەکەمم زۆر لە لا پەسەندە.
ناوی ڕووباری فوڕاتیش دیسان دوو بۆچوون هەڵدەگرێ.
یەکەمیان: ( فەڕ ، هات) بێ بە واتای : خێر و بەرەکەت هات. بۆچوونی دووەم : لە ( فرە، هات) بە واتای ئاوێکی زۆر هات.
تێبینی:
جێی خۆيشیيەتی ئاماژە بۆ وشکە ساڵی و کوژانەوەی چاوگی ئاوەکان بکەم خۆ لە پاڵ ئەو دیاردە سروشتیيە سەدامی نەگریس جینۆسایدی نەك بەسەر کوردا بەڵکوو جینۆسایدی بە سەر کانیاوەکانی کوردا هێنا، ئەوە بوو بە دەیان کانیاوی چیمەنتۆڕێژ کرد لەوانەيش، کانیاوەکانی شوانی سەرخاسە ، بە نمونە لە گوندێکی شوان دەیان کانی هەڵدەقوڵا بۆیە ناوی ( هەزارکانی) بوو، بە تەك بنکەکەشمانەوە ( بنکەی شەهید مەئمون دەباغ ) لە شۆڕشی ئەیلولدا چڵێ لەو ئاوانە تێدەپەڕی.
ئەو شوێنەی ڕووباری دەچڵە و فەڕهات وەکوو دوو دڵداری شەیدا بەیەك دەگەن ناوی (قوڕنە) یە ئەمەيش وشەیەکی ڕەسەن و دێڕینی زمانەکەمانە کە لە زۆرینەی زەمانە ڕۆژئاواییەکان هاوتای هەیە وەك کۆرنەر بە واتای گۆشە و سوچ و پەنا.
لێرەدا خۆشحاڵ دەبم کەسێکی شارەزا بە بەڵگەوە پشتگیریم بکات یان بە پێچەوانەوە چونکە خۆم هەمیشە لە تەمەنی ٩٠ ساڵیدا بە فێرکار زانیوە.