فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

با دەتبا

با دەتبا

رزگار کاوانی/ شاعير / هەولێر

 

رۆژێک دێت؛

وەک ددانێکی ڕزیو فڕێت دەدەن.

وەک گەماڵێک تێتهەڵدەدەن.

کەوێکی پیریت و

حەز ناکەن قاسپە قاسپەی دوێنێت ببیستن

تێتدەگەیەنن؛

ئیتر تۆ بەکەڵکی ڕاوکردنیش نەماویت..

وەک جلی مردوو دەبەخشرێیت

وەک کۆڵکە دارێکی پایزە دەسوتێنرێیت.

ئینجانەیەکی کۆنیت و

بەدەستی گوڵەکان دەشکێنرێت

دەبیتە مستێک خۆڵ و

لەگەڵ نیشتیماندا دەفرۆشرێیت..

دەچیتە ناو قەدی کتێبێکی مێژوو و

ناخوێندرێیتەوە.

چیرۆکێکیت و نانوسرێیتەوە

تابڵۆێکی دانسقەش بیت

لەناو ڕەنگی ناشیرینیەکاندا نادۆزرێتەوە

وەک دەستنووسێکی پەڕپەڕکراو

بێ ژێدەر و ژمارە و ناو.

ڕەشەبا

بۆ دوورترین شوێن

دەتبا..!

با دەتبا

دەتبا…با.

ڕزگارکاوانی

2025