فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

تێکست

تێکست

ھبە فەیسەڵ/ نووسەر

 

هەتا توانیم توند خۆمم نوقاند. هەر لە پەنجەتەزیوەکانی پێمەوە تا ماسولکەکانی پوز و ڕانم، وەک پیریژنێکی توڕە گرژ بووبوون.
پەنجەکانی دەستم وەک شوڵی حەسیر سفت و سۆڵ لەیەکم ئالاندبوو. بە قۆڵ و بازوو توند ڕان و لاقی خۆمم گەمارۆ دابوو، بەجۆرێک خوێن تیایاندا تەزی بوو. هەستم دەکرد کرم و مێرو تێیداوم. خۆمم وەک ئەو جوچکە دەهاتە پێش چاو کە لە پلی مناڵێکی دوو بەهاردا خەریکە جیقی دەردێ و دەفلیقێتەوە. گەر بمتوانیایە لە قاچی سیسەمەکەم چوار باسکی دیکەم قەرزدەکرد، تا لە خۆمی بئاڵێنم و نەهێڵم ئەو جڵفە تێکسمڕاوە زەفەرم پێبەرێت.

گوێم لێ بوو دیوارەکانیش چاوی بزیان تێ بڕی بووم و کەوتبوونە ورتەورت. فسکەفسکیان تێکەڵی ڕەنگی ئەو ترسە ببوو، کە تا دەهات و بەرچاوەکانی زیاتر لێڵ دەکردم. هەڵمی گەرم و گڕ لە کەپووم وەک چاوم پریشکی دەدا. جەستەم وەک شەقشەقەی دەستی دایکێک کە هەرچەند ڕایدەوەشێنێ، ناتوانێ کۆرپە برسیەکەی پێ ژیر بکاتەوە، دەلەرزی. دڵۆپی ئارەقەی نێوچاوانم پێشبڕکێیان بوو، داخۆ کامیان زووتر بتکێ. مەمکەکانم لەبری شیر، زەرداویان لێدەتکا.

هێڵنج و فرمێسک بێ سەروبەر تێکەڵ بەیەک بووبوون. چاوەکانم بە گوژمی هێڵنج ببوونە گۆمێک لە خوێن. زەق و دەرپۆقیو. ئەو هێڵنجە نەعلەتیانە دەتگوت لە دژی خواستی من هەڵدەسوڕێن. تا من زیاتر هەوڵی قوتدانەوەیانم دەدا، گوژمی ئەوان بەهێزتر دەبوو.

لەگەڵ هەموو هەنگاوێکی ئەو بڵحە سپی پۆشە چاو شینە، من بە دەم و لێوی سیپاڵ ئاسام توندتر و زوڵاڵتر وەک دێوێکی دڕندەیەک دەمنەڕاند. لەگەڵ هەموو زریکەیەکیش ، شریخەی ئازار بە هەناو و سێبەندەم وەک بەرق ڕاست و چەپ لە ناوەندا هەڵیدەدڕیم. تا دەهات بەر و کۆشم زیاتر قورس و تەڕ دەبوو. دەتگۆ بارێکی زۆر گرانتر لە توانای خۆم و بە بزیسک و گەرچەک سواغ دراو هەلگرتووە. بارێک هەروا دێ و لە ژێر ڕکێفم چاوقایمانە هەڵدەخلیسکێ.
بۆ چەند چرکەیەک داڵغەیەکی دیژاڤو ئاسا لێیدام و لە دڵی تۆقیوی خۆمدا وتم سەر و بیچمی ئەم بێ دەستەڵاتییە دەناسمەوە. بۆنی ئەو ڕۆژانەی لێدێت، کە دوور لە ماڵی ئەقڵ پاساوەکانم یەک لە دوای یەک دەهێنایەوە و وەک گۆ زێڕینەکانی دەستی دایکم ڕیزم دەکرد. ورد ورد و لەسەرخۆ وەک تەشتێ سەوزە، بەسەریاندا کۆم دەبومەوە و بژارم دەکردن. ئەو لاسکانەی لە چاوی ئەواندا تورت و گەش و پەسەند بوو گلم دەدانەوە و لار و لەڕ و نیمچەڕزیوەکانیش زیندە بەگۆڕ بۆ ژێر سەرینەکەم. بە قێز و بێزارییەکەوە گوتم، کڵۆڵ دەبەنگێکی وەک تۆ هیچ کات فێر نابێ. عار نانێی.. هەتا کەی باری قورسی سەرشانت بەلاری دەبینی..بەرماڵی تۆ هیچ کات لەسەر ئاو نەگەڕاوە..هەتا کەی ڕێگە دەدەیت ترس هەنگاوەکانت بهۆنێتەوە و بە داری ڕاڕایدا گرێبەستیان بکات؟ ناتوانی گەر بۆ جاریکیش بێت، دەرهەق بە ویستی خۆت مەردانە پێداگربیت؟ مەگەر ئەم ژانەی هەنوکە تۆی ئاژن کردوە، هیچ ئامێزێک نایشکێنێت. ئەوەی خۆت بڕیت، هەر خۆیشت دەبێت بیدوریتەوە.
بە پەل و بازوی سڕمەوە گورجم دایە بەرخۆم و بە یەک قەڵمباز هەڵسامە سەر لاق و پای تەزیوم. ویستم لەسەر پێی خۆم بوەستم، سنگی لێببمە پێش. ئەم چاوە پڕ ژانەی لێ سور بکەمەوە و  بیچەقینمە چاوی نالەباری. بەرەنگاری ببمەوە، پیشانی ئەو و دیوارەکانیش بدەم کە ئەم دوگیانیە چۆن چەتونی کردوم. من نەمزانی ئەو سپی پۆشە تەنها دەیهەوێت پیمبڵێت کە سەرتوێژی دایکایەتیم بە گۆمێکی قرمزی شکاوە و گیانی پاکیزە و ساوای تۆم بۆ هەتایی لەبارچوە.
#دایک #منداڵ #لەبارچون #دووگیانی #ژان #ژیان#بەردەوامی #جەرگوجگەر #💜 #2002