فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

مەرگ و نهێنی

مەرگ و نهێنی

چرۆکی کورت

نووسینی/ احمد عارف/ نووسەر/ سلێمانی

٩/١٠/٢٠٠٨
سلێمانی
پیرە ژنێکی روح سوک ،. نەرم و نۆڵ ، ئازا و گورج و گۆڵ .. هەموو رۆژێ بەر لە هەموو کارمەندەکان دەگەیشتە فەرمانگەو دەستی دەکرد بە خاوێنکردنەوەی ژوورەکان ، کاتێ هەستی بە هاتنی ئەم دەکرد خێرا بە ژوورەکەی بە خنە خن دەکەوتە رێ ،. هەموو رۆژەکان بە گەرم و گوری
دیگوت ؛« مامۆستا بەیانیت باش ..» ئیدی چاوەروانی وەڵام چۆنیەتی وەڵامی نەدەکرد ، دەکەوتە پاککردنەوەی ژوورەکە .. گۆرینی ئاوی ساردکەرەکە ، داگیرساندنی سپلیت و ئەو دوای کارەباکانی ژوورەکە .. هەر دەتگووت ئەم بۆ خۆی ژوورەکە ساز دەکات و مامۆستا میوانە ، . ئەوەندەی پێندەچوو لە پرێکدا دەیگووت ؛« مامۆستا فەرمایشتێکت نییە من دەرۆم ..!!» هەر بە هەمان ریتمی بەیانی باشەکەی چاوەروانی وەڵام نەدەبوو ، دەرگای ژوورەکەی لە پشت خۆیەوە دادەخستەوە …
ئەم هەمیشە لە ناخی خۆیدا نهێنییەکانی رەشپۆشی و بێ دەنگییەکەی ( غوربەتی ) تاو تێ دەکرد و نەدەگەیشتە ئەنجام ،. دەستی بە کارکردنی خۆی دەکردەوە ، رۆژێکی دیکە کە دەهاتەوە بە هەمان شێوەو بە نەگۆریی هەر وەک نە گۆری شێوە و شێوازی ( غوربەت ) دەکەوتەوە ململانێ لەگەڵ ناخی خۆیدا وبێهودە سەری بەسەر داواکاری خەڵک و نووسراوەکانی سور مێزەکەیدا دادەگرتەوە ..
قەت بە قەد ئەمرۆ بێ ئارامانە چاوەروانی ( غوربەت ) نەبوو .. لە دوێنێ دوای گەرانەوەی بۆ ماڵەوە بەرنامەیەکی دارشتبوو ، ئەگەر ( غوربەت ) گەیشت نەیەڵێت کارەکانی بکات ولە بەرانبەر خۆی داینێت و ژیانی خۆی لێبپرسێت و کەشکۆڵی نێنییەکانی ئاوەڵا بکات ، بۆئەوەی ئەمیش لەم نەهامەتییەی تێیدایە رزگاری بێت …
کات تێپەری ، ئەم دەڵێی مەنجەڵی سەر ئاگرە و قڵپ دەدات ، کەسێکی وەها دیار نییە و هەواڵێکی ( غوربەت ) تی پێ بڵێت ، کات بەسەر چوو ، خاوەن کار و نووسراوەکانی دوێنێ بۆ ئەنجامی کارەکانیان بەر دەرگایان پێگرت ،. زۆر نیگەرانە .. چی بکات .. لەم خۆ دواندنەدا بوو ، زەنگی تەلەفۆنەکەی بەر دەستی شریتی بیرکردنەوە و ململانێکانی بچراند ،. ئە لۆ !!! بەڵێ کێیە بفەرموون … قور گێکی نوساو بە گریان تێیگەیان ئەمرۆ ( غوربەت ) لە رێگای هاتنی بۆ فەرمانگە ئوتۆمبێل شێلاوێتی و جەنابتان خۆش ….
تارمایی گریانێکی بە کوڵ ، وەک رەشە هەورێکی پر باران سەرو چاوی لێڵ کردو سەری خستە سەر مێزەکەو بە هەموو توانای خۆی دایە سەڵای گریان ، کاتێ سەری هەڵبری ، کەسێک لە خۆی بەولاوە لەوێ نییە ..
هەموو پێداویستییەکانی سەر مێزەکەی پێچایەوە و لە کارتۆنێکی گەورە نووسی ؛ ( غوربەت ، بە غەریبی هەموو نهێنییەکانی بردە ژێر گڵەوە …………)
دەرگای ژوورەکەی داخست و کارتۆنەکەی پێدا هەڵواسی و بەرەو نهێنییەکانی ( غوربەت ) کەوتەرێ ، کاتێ گەیشتە هەواری خاڵی ، ( غوربەتی ) بێکەس لە تابووتی غەریبیدا چاوەروانی خێرخوازەکان دەکات بۆ ئەوەی خۆی و نێنیەکانی لە گۆر بنێن …
ئازیزان دنیایەک دەق و نووسینم لێرەو لەوێ بە پەراگەندەیی ماونەتەوە و زۆریان دەستم نایانگاتێ بۆیە لێرەدا بە پێی رۆژ و هاتنەوەیان بە مێژووی نووسینی خۆیانەوە بڵاویان دەکەمەوە لە دوا رۆژیشدا ئەگەر تەمەن وەک غوربەتی لێنەکردین بە نێوی نووسینە پەراگەندەکانەوە دەیانکەم بە کتێبێک
٩/١٠/٢٠٠٨
سلێمانی