ئەی ئەو نیشتمانەی لە ناو مێشکم جێگەت خۆشە
جەلال ھانیسی/ شاعیر / نەرویج
بیرت ئەکەم
وەک چۆن بەهار بیری گوڵ ئەکا
زەوی تاسەی باران
باران تاسەی دەریا
دەریا بیری شەپۆل
شەپۆل بیری کەنار.
بیرت ئەکەم
وەک چۆن دڵدار بیری جێژوان ئەکا
بیری ماچی تاریکایی ئێواران
بیری خورپە و ترس و لەرزین.
بیرت ئەکەم
وەک چۆن ژەنیار تاسەی ساز ئەکا
گۆرانیبێژ بیری گۆرانی
چۆپیکێش بیری چۆپی.
بیرت ئەکەم
بیرێکی قووڵ
وەک قووڵیی نادیاری گۆم.
بیرت ئەکەم
بیرێکی پڕ لە خەیاڵی بە باڵ
کە وەک مەل ئەفڕێ
ڕێگای دووری دوور یەک نەفەس ئەبڕێ.