فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

ئاڵوودە

ئاڵوودە

فەرهاد  کەریم/ شاعیر/ ئەمەریکا

 

بیستنت دەبینم

گوێم لە بینینتە

بۆنی دەنگت دەکەم

بە چاو باوەشت لێدەکەم

دووریت و دەستت لە دەستمدایە

پیاسە لە گەل تۆ درێژە تەمەن کورت

پێکەوە بوون بە ئازارە پڕە لە دوورییت

کەمێ ئەڤینت هەڵگرە بۆ باران و بای تەڕ

ئەڤین و ژیان بە مرۆڤ نامۆن

ژیان تژییە لە شەڕ، دڵ ماڵی تۆیە

بۆ پشوو بیابان

ژێر لم ماسی

قوون دارستان

راوە ژیان

رێگاکان مردوون، شێرێش راو دەکا ژیان

بۆنی جەنگ دەکەم، هاتنی سەوز نییە

بۆنی مردنی ژیان…

هەناسە و ژیان جییان

ژیان شەڕ،

شەڕ شەرم

بەو هەموو شەرم و شەڕەوە، شەرمە ژیان…

سەرم دەرگا بایە دەشکا

من هەموو رۆژێ تەق تەق لە دەرگا دەدەم

دوورکەوە لە گۆڤەندی گووفەک، روبار بکە دۆستت

سەرت باخ

سەرم روبار

سەرت روبار

سەرم باخ

مرۆڤ لە روبار و باخ ناگا

لە باخ و روبار ناگا مرۆڤ

ئاو روونە و باخ رەنگ

ئاو ژیانە و پێکەوە بوون باخ

مرۆڤ ئاڵوودەی گۆڤەندی گووڤەکە

پڕە لە هەناسەی خۆکوژ لە گۆڕی تاریک و تەنگ

پڕە لە شەرمی شکاو لە جەنگی بچووک

پڕە لە شەڕی دڕاو لە مردنی گەورە

هەناسە پێویست نییە

ژیان مرد

مردن کۆن بووە بە کەڵکی ژیان نایەت

ژیان نامۆیە بە مرۆڤ

ڤیان گۆڕی مرۆڤە

مرۆڤ ئاڵوودەی گۆڤەندی

گ

و

و

ڤ

ە

ک