پێنج کورتە چیرۆک
حەمەکەریم عارف/ چیرۆکنووس و وەرگێڕ/ سلێمانی
1-کوردستان
من تورکم، بە خۆم تورک بوونم هەڵنەبژاردووە . قەدەرێکەو دەستی منی تێدا نەبووە،پەشیمانیش نیم.. خوێندکاری زانکۆم. کۆمەڵێک هاوڕێی مرۆڤدۆست و لاشەڕو سازگارم هەن. وەختایەک لەبەینی خۆیاندا قسان دەکەن یەک حەرفیان لێ حاڵی نابم. کە لێیان دەپرسم : ئەمە چ زمانێکە! دەڵێن کوردیە..
لە بابم دەپرسم : بابۆ کورد کێن؟
– میللەتێکن هەموو تایبەتمەندییەکی کەلتوری و شارستانی خۆیان هەیە. خاک وزمانی خۆیان هەیە..
– ئەدی بۆ دەوڵەتیان نییە؟
– ئێمەو دراوسێکانمان داگیرمان کردوووە..
لە دنیادا هیچ ئابڕوچوونێک لەوە گەورەتر نییە دەسەڵاتێکی شۆڤێنی بە ناوی تۆوە پاکانە بۆ سڕینەوەی نەتەوەیەک بکات..
گوێم دەزرینگێتەوە: ” تورکیا، ئێران ، سوریا ، عێراق ، هەموو کوردستانیان هەیە ، تەنیا کورد
کوردستانی نییە !! ”
٢- لە دەفتەری عارفێکی گومناوەوە
باشە باش ، کە مردنت دانا ، داتناو بڕایەوە ، ئیدی چ پيویست بە سزای پیریی دەکات کە بە نەهەق بەسەر بەشەرتدا سەپاندوووە . مردنەکە بەس نییە ؟! باشە ڕەوای هەقە داهێنەر کەیفی بە ڕەزیلی و داماوی ئافەریدەی خۆی بێت !!.. یان لە دروستکردنی پەشیمانیت..
٣- پێشمەرگە
شەوە ، دنیا تاریک ، کش ومات ، لە تۆ وایە لە ماتەمینیدایە ! تازە لە شەڕی حیزبێکی خۆوڵاتی بووبوونەوە ، لوولەی تفەنگەکەت کردە ئاسمان ، دەستت بە پەلەپیتکەوە نا، تەتەتەتە.. بەڕیز..
– ئەوە کێیە ئەو تەقانە بە ئاسماندا دەکات ! ئا بڕۆن بۆمی بێنن .
– ئەوە چییە هەتیو، بۆ تەقە بە ئاسماندا دەکەیت ؟!
– شەڕی خوا دەکەم .
– یانی چی؟
– یانی ئێوە شەڕ نەما پێمانی نەکەن ؛ شەڕی خۆکوژی ، خەڵککوژی ، براکوژی ، شەڕی حیزب حیزبێنە… هەرشەڕی خوا ماوە ، وتم تا شەڕی ئەویشتان پێنەکردوین ، با خۆم دەستپێشکەری بکەم..
تا ئێستاش ژنێکی سەراپا سپیپۆش هەموو ڕۆژێک دەمەو ئێوارە ، لە چوار ڕیانەکەی خوار شارەوە بۆ چەند خولەکێک وەکو تارماییەک بە دیار دەکەوێت ، پاشان بە دەنگێکی زوڵاڵ هاوار دەکات : ئەم هەفتەیە مەهدی دێتەوە..
ئیدی کەسنازانێت کێوە دەچێت..
٤- سەرۆک
ئەوەی مایەی سەرنج بوو ، لەم وڵاتەدا سواڵکەر وگەدات بەدی نەدەکرد ! ئەمەت لەلا بوو بە مەراق . خۆ ئەرکی ڕۆژنامە نووسە بچێتە بنج وبناوانی دیاردەو بویەرەکان ، حەقیقەت بدۆزێتەوە..حەقیقەت لە جەماوەری خەڵک بزانە.. بە دەم ڕێوە : -کاکە پرسیارێك؟
– فەرموو
– ئەرێ ئێوە کە نەهیچ سەرچاوەیەکی داهات ونە دەرامەتێکی ئەوتۆتان هەیە ؛ نە غازێ نە کشتوکاڵێکی زۆر، بیابانێکی لمەڵان، چۆن وبەچی دەژین ؟
– قوربان ئێمە سەرۆکمان هەیە !
– سوپاس .
ڕۆیشتیت . ڕووبەڕووی کەسێکی دی بوویتەوە : – دادە پرسیارێک؟
– فەرموو.
– ئەرێ ئێوە کە نە هیچ سەرچاوەیەکی مسۆگەرو بەردەوامی داهاتتان هەیە ، نە نەوتێ ، نە غازێ.. چۆن دەژین ؟
– ئێمە سەرۆکمان هەیە .
***
ڕۆژنامەنووس: جەنابی سەرۆک ، بەندە زۆر شوێنی ئەم وڵاتەی ئێوە گەڕام ، ئەوەی سەرنجی ڕآکێشام دەرۆزەکاری وسواڵکەریم بەدی نەکرد..
سەرۆک: – ڕەنگە باش دیقەتت نەدابێت..
ڕۆژنامەنووس: – چۆن ؟
سەرۆک : – ئەدی ئەوە نییە من لەبەردەمتدام !
ڕۆژنامەنووس: – مەبەستت ؟
سەرۆک : – بەندە سواڵی حەوت دەوڵەتان دەکەم تا میللەت ناچاری گەدایی نەبن..
٥- چاوەڕوانکوژی
وات دەزانی “ن” هەرچییەک بڵێت ڕاست دەکات . قەناعەتت وابوو نابێت کەس لە قسەی دەربچێت . ئەویش هەستی بەم گەمژەییەی تۆ کردبوو. زیاد لە پێویست دەیلاواندی ، دەیگەوجاندیت.کردبووی بە پاسەوانی متمانە پێکراوی خۆی.. ئیدی دۆگما مرۆڤ لە مرۆڤایەتی دەخات ؛ دەیکات بە ڕۆبۆت ، ویژدان دەسڕێتەوە..
“ن “، فەرماندەیەکی گوایە شۆڕشگێڕو گەورە بوو. بەبێ نەیار هەڵینەدەکرد ؛ یەکێک بکوژە هەزار چاوترسێن دەکەیت . حەوانەوەی لەبەر دەبڕا ، هەرکە نەیارێکی لە ناو دەبرد، هەستی بەبۆشاییەکی دەروونی بێ ئامان دەکرد ، ئیدی بە هەر بیانوویەک بوایە نەیارێکی بۆ خۆی پەیدا دەکرد، هەمیشە زندانەکەی پڕ بوو لە زندانی . هەر یەکە بە بیانوویەک ؛ جاش ، جاسووس ، خایەن بە خاک وخەڵک ، نیازی تیرۆرکردنی مامۆستا “ن” ! یەکێک لەو زندانییانە کوڕێکی گەنج بوو بە نێوی ڕەوان. “ن “، کۆنە قینی حیزبایەتی لەگەڵ بابیدا هەبوو. بە تۆمەتی ئەوەی هەوڵی تیرۆری ئەمی داوە ، گیرابوو..
گوێت دەزرنگێتەوە، دەنگی ن : ” بەدەم چاوەڕوانییەوە بیکوژن.. هەر شەوێک نۆرەی پاکسازی کەسێک هات ، ئەمیش لەگەڵ خۆدا بەرن ، با بەچاوی خۆی مەرگی هاوزندانییەکانی ببینێت ، پاشان بیگێڕنەوە بۆ زندانەکەی ، شەش حەوت کەڕەت ئەمەی لەگەڵدا بکەن ، تا خۆزگە بە مردنی خۆی بخوازێت ! هەر کەڕەتەی جارێ مەرگی خۆی بدینێت.. یانی بەر لەوەی هەواڵەی دۆزەخی بکەن ، شەش حەوت کەڕەت بمرێت..
شەوێکی درەنگی ئەنگوستە چاوە ، نۆرەی پاکتاوکردنی ڕەوانە.. بردت، ویژدانت بێدار بووبووەوە، پێتگوت: هەڵێ ، بڕۆ ، خەمی منت نەبێت . شەش حەوت فیشەک دەتەقێنم ، پاشان چاڵەکە پڕ دەکەمەوە ، گوایە کوژراویت ، تەواوبوویت..حایرو حەپەساو تەمەشای دەکردیت ، بەزەیی بە تۆدا دەهاتەوە ! ترسی لە مەرگ شکابوو ! ئازادی بە بەهای مەرگی کەسێکی دی !..
گوێت دەزرنگێتەوە : ” شونێکم پێ بڵێ مردنی تیا نەبێت تا بۆی هەڵێم ، ئەمانە گەمژەن ، کار بۆ لەوتاندنی ویژدانی خۆدەکەن ، لە ئینسانییەتی خۆ هەڵدێن ، دەنا مەعلومە ئەوانیش نەمکوژن ، هەر دەمرم . خۆ هەڵدەخەڵەتێنن ، بە چ پێوەرێک ئەوان لەسەر هەقن ومن لە سەر نەهەقم !..
بەیانی کە چوونە شوێنەکە . پاسەوانەکە ، بێ تفەنگ بە دەما بەسەر بارستە گڵەکەدا کەوتبوو.. ئەدی تفەنگەکەی !!..