رۆژانە سەد وشە دەنووسم
٩٢١
شێرزاد هەینی/ نووسەر/ ستۆکهۆلم
لە کۆڕەکەی نووسەرانی هەولێر دەرچووم، لە حەوشەکە کەوتمە تەنیشت ”موحمەد زادە”؛ هونەرمەند، نەخشەساز، نووسەر، قەڵەم، هزری دێرینی رۆژنامەگەریی کوردی، خامەی رەنگینی بەرگی کتێبی کوردی، نووسەری مانشێتی هەواڵی رۆژنامەکانی ”النور”، ”التاخی”، ”هاوکاری”، ”کوردستانی نوێ”، ”ئاڵای ئازادی”، زۆریش لەبیرم نەماون!
هەر لە سەرەتای حەفتاکانی سەدەی رابردوو؛ کام دیوانە شیعر، چیرۆک، رۆمانی کوردی هەیە، ناوە ناسکە وردەکەی ”زادە”ی لەسەر بەرگەکەی نەبێت!
هەموومان زادە؛ پیاوە نەرمەکە، قەڵەمە جوانەکە، حوبرە بۆندارەکە، نەخشەسازە گوڵزارەکە دەناسین. لەوەتی رۆژنامەگەری، کتێبی کوردی لەبەغدا، کوردستان چاپکراوە، ناوی لەسەرە.
شەوانە بەر لە چاپی رۆژنامەکان؛ زادە، ئیمزای لەسەر کردوون. پێش سەرکردە، نووسەر، کتێبفرۆشەکان بابەتەکانی دەبینی. ئەو پێش هەمووان هەواڵەکانی زانیووە، لاپەڕەکانی نەخشاندوون.