فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

دڵی شێدارم لە تۆدا دەچێنم

دڵی شێدارم لە تۆدا دەچێنم

دەق: محەممەد موجتەبا
کوردییەکەی: نووری بێخاڵی/ شاعیر/ ڕواندز

 

دەرگاکە پاڵ بدە و بە شێنەیی وەرە ژوورەوە
تا گورگی ترسەکانم بێدار نەکەیتەوە
ژنێک کە لە خەونێکدا و
لە ئێوارەیەکی سارددا نیگامان دەگۆڕیەوە،
وای گوت
نەمدەزانی بڕێکی خەونەکان ڕاستن
نەمدەزانی چاوم بە ژنێک دەکەوێت،
کە دڵم بە خۆشییەوە هاوار دەکات (خۆشم دەوێیت)
ئەو وەک پشیلەیەکی گەمژە،
ملی بادەدات
وەک ئیسفەنجێک کە خەمساردیی هەڵمژیوە
خۆشەویستی، چاوەڕوانیی هیچ لەناومدا دەچێنێت
هەر ئاوا و بێ کۆت،
لەسەر ڕێگا لە خاچم دەدا و
تەنیا بە پێکەنینەکەی بەخۆیەوە دەمنووسێنێت
دەبوو لە یەکەم دیداری نێوانماندا هاوار بکەم
بۆ ئەوەی فێری زمانی گریانی بکەم و
لە هاتنی لافاوی شیعرێکدا
بە چامەگەلی وەک ڕم تیژ و
بە کانییەکی گەرمی دڵتەنگی و
بە یادەوەرییەکی بۆمبڕێژکراو کە خۆیشم لێی دەرنەچووم،
ئاگاداری بکەمەوە
پێویست بوو ئەو چرکەساتە سەرخۆش بام و
لەپێشیدا مەستانە سەمام بکەم
تا بزانێت من بەتاڵم لە ژن و
نە ماچێکی کۆن بە هەڵە دەکەوێتە خوار
نە دەنگێکی خۆش یادگاریی هیچیانم تێدا زیندوو دەکاتەوە
پێویست بوو لەو چرکەساتەدا باوەڕم بە مەکری جیهان و
بە خودپەرستییە زێدەڕۆکەی هێنابا
منی سەرڕێژ لە دڵتەنگی و ماندوێتیی،
چۆن بە دڵێکی بریندار،
هەست بە دۆشدامانی خۆشەویستییەکی سوێر بکەم؟
عەقڵم وا دەڵێت
لەکاتێکدا دڵم لە کانیی برینەکانتدا،
تا بیناقاقا نقووم بووە
ئەی خۆشەویستی
ئەی ئەو پیاوەی لەسەر داو و دەزووەکانی شیعر دەڕۆیت
کەمێک بوەستە،
تا لەسەرخۆ و لە تۆدا، لە خۆمان ڕابمێنین
تا دڵە شێدارەکانمان لە تۆدا بچێنین
بوەستە و وەک نیشتمانێکی ترساو، هەناسەسوار مەبە
هەستمان تێدا مەکوژە
لەکاتێکدا لەسەر پەتی جل وشککردنەوەکەتدا،
هەستەکانمان وشک دەکەیتەوە
بە تیلەی چاو سەیرمان مەکە
پێکەنینەکانمان بۆ ئێمە جێبهێڵە
ئێمە دارکەرانێکین کە لە زووەوە بیورەکانمان ون کردووە و
لەبەر ئەمەشە تابووتێکمان بۆت دروست نەکردووە
تا لەکاتی هاتنتدا بتخەینە ئەوێ
لە نووسینەوەی ئەو چامەیە نەبووینەتەوە،
کە تیایدا خۆمان دەلاوێنینەوە
هێشتا بۆ لەباوەشگرتنی دڵتەنگییەکی بەم قەبارەیە و
بەم تاڵییە،
ئامادە نین
ڕەنگە پێویست بێت کەمێک چاوەڕێ بیت
لە دوورەوە چاودێریمان بکەیت
تا ئەوکاتەی لە ناوماندا،
ئاماژە بە خۆشەویستیی ڕۆیشتن و
چێژی تاسەمان بۆ مردن، دەکەیت
تەنیا ئەوکاتە پێویستە بێیت و
تابووتی گەورە لەنێو دەستەکانتدا بن
بێ ماندووبوون دڵەکانمانی تێدا ببەیت
بەبێ ئەوەی بە ڕووتدا هاوار بکەین و
داوات لێ بکەین بیانگەڕێنیتەوە
بیان بە و
تابووتێکمان بە قەبارەی جیهان بۆ جێبهێڵە
کاشکێ بەشی دڵتەنگییەکانمان بکات
ئێمە،
ئەو پیاوانەی لەسەر برژانگی ژنێکدا،
بەسەر یەکدا لە خاچ دراوین