ئەو سەردەمە کوا؟!
رزگار کاوانی/ شاعير/ هەولێر
کاسەی سەرمان سیخناخ بووە لەو ئەهریمەنانەی
بە ماسکی فریشتەوە خەیاڵە جوانەکانمان لە سێدارە دەدەن
زەفەر بە ژیان و ئەوین و خۆشەویستیمان دەبەن و
ئاڵۆزی ڕێگای ڕق و کینەی دەکەن..
بۆییەی سپی لە تاریکایی دەهەسوون
بە ڕووناکی پێمان دەفرۆشنەوە
نقورچ لە خۆشبەختیمان دەهاژن و
لە نێوەڕاستی خەونی خۆشدا بێدارمان دەکەنەوە..
چاویلکەی ڕەشبینی لەچاوە جوانبینەکان دەئاخنن
تابلۆکان بە ناشیرینی دەگۆڕنەوە
سەما بە شین سەودادەکەن
زانست بە خەیاڵ لێکدەدەنەوە
دژی ماچ و شیعر و بادەن
هیوا کوژی
ژەهر ڕژی
خوێنمژی…
ئەوانەن کە هەرچی جوانی و ئارامی لەناویدا دەژی..
تۆ وەرە و وەک پێنوسی سپی بەر دەستی شاعیرێکی عاشق
گڕێ کۆرە ڕەشەکانی ناو کاسەی سەرت بکەرەوە
ئەهریمەنەکانی ناو خەیاڵدانت ئازاد بکە و
ئەو گڕەوە لەو تاریکییە ببەرەوە.
ڕۆژەکانی کۆتایی ساڵی ٢٠٢٤
کاوانیان