خوساوتر لەباران
ئەبوبەکر شەریف زادە/ شاعیر / بانە
هەینییەو…
نەرمەبارانێک دەبارێ
چاوەکانم جوتێک
چۆلەکەی خوساوی بەر بارانن و
لە نەهامەتێکانی با و باراندا دەجریوێنن،
تۆیش لە پشت پیاڵەیەکی نیوە بەتاڵدا فرمێسکت دەشاریتەوە ،
خەریکی حاشا لەو ساتانە دەکەی باران چەتری سەرمان بوو …
فرمێسک دڵنیایت پێنابەخشێ و دیسان پیاڵەیەکی پڕ و پڕتر….
پڕم لەمەرگ
لێوانلێوم لە دابڕان،
سوتماکێکم ، دەسوتێم و دانامرکێم،
دەبێ بتگێڕمەوە نێو خەونی ئەو کۆڵانەی
لە بەر نیگام ڕێی هاتووچۆت لێگۆڕیوە،
لێرە چیدی ئێوارانی هەینی بۆنی ژوان و پیاسە نادات
چەترەکان خنکاوترن لە تینوێتی ساتەنەگریسەکان،
شەو و باران و من و…
ئەوچەترەی لە دەستمدا
نا ئەوە
دەستەی بە دەستی
چەترەکەوە شەتڵ بووە…
هەڵوەریوی ئێوارەێکی ناوەختین،
نامۆیی لە چاوماندا
تۆختر دەبێ و…
باران هەروا ڕیوایەتی
پەلکەزێڕینە دەگێڕێتەوە
بۆ پەنجێرەو
ئەو سنەوبەرانەی
خوساوترن لە نیگای من،
لە کوێی ئەو چیڕۆکەدا جێماوین!؟
لە ئاپۆرەی خەیاڵمدا
شەقامێک ڕووت دەبێتەوەو
ژنێک
بە لێوی جگەرەکەمەوە کز دەسووتێ،
بەهاری۲۷۱۹