له کووچه‌باغی پاییزی
ڕاژان حیسامی/ شاعیر و گۆرانیبێژ/ تاران
بێ‌مه‌یله‌که‌م!
ئه‌و ڕۆژه‌ی وا ئاگر پژێنی سه‌هۆڵ بوو
شه‌پۆلی سه‌ردی هه‌ر نیگا
زه‌رده‌ی بێ‌مێهری ئه‌نگاوته‌ی گوڵی لێوی بزه‌ی هیوا
تێگه‌یشتم ته‌رمی ئه‌وین له ژێر ڕنووڕنوو به‌فری قورسی بێ‌وه‌فایی ناشتراوه
زستان زستان زووقمی نه‌فره‌ت باڵی به‌سه‌ر جه‌سته‌ی عه‌شق داکێشاوه
هه‌ستم پێ کرد گوڵجاری حه‌ز و خۆشویستی مۆڵگه‌ی مۆته‌ی بێزارییه
پێ گه‌یشتم به‌ڵێنیی باغ و باغه‌وان به‌ڵگه‌ی شیتاڵی داوه‌ڵه به زریانی بێ‌وه‌فایی مۆری ده‌ستنووسی سڕاوه
به هه‌ر نیگای ته‌ژی له به‌و نیگاته پڕ
پڕپڕ ده‌بوو ده‌ڤری قووڵی باوه‌ڕی دڵ
خێڵگه‌ی ناز و ئامێزی خۆشویستیت بۆ که‌سێ تر چێ کراوه
ئیدی غه‌ریبه ته‌یری حه‌ز
ئیدی غه‌ریبه ته‌یری حه‌ز باڵی فڕین به‌ستراوه
نامۆیه بیری پێگه‌یین
بێ‌هۆیه بیری تێگه‌یین
گرێبه‌ستی خۆشه‌ویستی هه‌تا مردن هه‌ڵوه‌شاوه
ئه‌ڵێی په‌یمانێ هه‌ر نه‌بووه
قه‌ت باسیشی لێ نه‌کراوه
ئه‌وه به‌م حاڵه‌وه گه‌لۆ
ئێستێ زانیم
به ڕای خێڵی هه‌موده‌می ده‌م به درۆ
ئه‌وین دارێکی هه‌ڵۆڵه
وشک بووه ڕیشه‌ی باوه‌ڕ
متمانه ده‌ر ناکا چرۆ له‌م شۆره کاته پڕ خۆڵه
تێگه‌ییشتم هه‌ڵپه‌ڕکێی ده‌می دڵداری تراویلکه‌ن
ته‌پ و کوتی دوور ده‌هۆڵه
هه‌ستم پێ کرد ئه‌وین فۆڵه
ئه‌وین فۆڵه
ئێ جا گه‌لۆ!
کاتێ ئه‌وین به‌سته‌یه‌کی خه‌یاڵییه
غه‌ریبه باسی داره به‌ن
هه‌زار شکی له پاڵییه
له‌م حاڵه‌دا له حاڵی خه‌ج کێ حاڵییه
گوێ هه‌ڵخه جارێکی به دڵ، ده‌بیسی ناڵه‌ی گۆڕ غه‌ریب
سیامه‌نده‌که‌ی جوانه‌مه‌رگ
به ده‌م په‌لی داره به‌نێ
ئێسته‌که‌ش ناڵه‌ناڵییه
گوێ بگره شینی خه‌ج ده‌ڵێ:
«مه‌ناڵه
خێر له جوانی خۆ نه‌دیو
ئه‌تۆ مه‌گری هه‌تا من نه‌ناڵم
ئه‌من ئه‌وه‌نده‌ی له‌به‌ر برینی خۆم ناناڵم
سه‌د هێنده له‌به‌ر گریانی تۆ بێ‌حاڵم
سیامه‌ند، سه‌د خۆزگه‌م به نه‌خۆش و ده‌رده‌داری خه‌ڵکی ئه‌گه‌ر سه‌ریان له‌سه‌ر کۆشی مه‌عشووقه‌یانه داوا ده‌که‌ن له شه‌ربه‌تێ
قومان ده‌ده‌ن له جاموولکه جاموولکه‌ی ده به‌فراوێ به‌ڵام زێده له نه‌خۆش و برینداری عاله‌مێ سیامه‌نده‌که‌ی من به په‌لی دار به‌نێوه ده‌ناڵێ و قومان ده‌دا له گۆمیلکه
گۆمیلکه‌ی ده خوێناوێ
ئاخ خه‌جێ
تۆ خودا ئه‌گه‌ر براکانت هاتن
پێیان بڵێ چی دی شپرزه‌ترم نه‌که‌ن و به ئه‌سپایی بمهێننه‌وه خوارێ
سیامه‌ند
ئه‌وه ڕۆژم لێ که‌وته‌وه مه‌جه‌لی ده ئێوارێ به‌خودای ئه‌وه له چار و قودره‌تی مندا نییه ئه‌منیش له‌جێگه‌ی تۆرا خۆم هه‌ڵده‌دێرمه خوارێ
نا خه‌جێ نا
ئامۆزا
سه‌ری سیپانێ له من به‌تاته
ناوه‌ڵا هه‌ر به تاته‌تاته
خاڵی ڕووانت وه‌ک تاکه‌شایی و په‌ناباته
ئامێزت بگره‌وه سیامه‌ند ئه‌وه خه‌جت بۆ هاته»
خۆشه‌ویستم
هه‌ناسه‌که‌م
هۆ که‌سه‌که‌م
به‌سه ئیدی له قامووسی ئه‌ندێشه‌ما وشه‌ی وا ڕه‌نگین نه‌ماوه
مانای خۆیان له‌م چاخه‌دا له ده‌ست داوه
حه‌قمه هه‌رده‌م بوکلێمه‌وه
ڕۆژێ سه‌دجار بڕشێمه‌وه
به سه‌ر ته‌رمی ئه‌م واژانه‌ی ڕۆژێ منیش بۆ ئازیزێکم داناوه
پێگه‌یشتم
تێگه‌یشتم عه‌شق جۆرێ که‌ڵک گرتن له فورسه‌ته
به ڕای ئه‌وان ژین هه‌ر ئه‌و ده‌مه‌س
ده‌شڵێن که ده‌م غه‌نیمه‌ته
ده جا گه‌لۆ
به ڕای خێڵی هه‌مووده‌مێ ده‌م به درۆ
عه‌شق ده‌مێ غه‌نیمه‌ته
ئه‌وین هه‌ر هێنده‌ی قیمه‌ته؟
بێ ئه‌مه‌که‌ی وه‌فاداری؟
خۆشه‌ویستیی خواره باری
وه‌باڵی عه‌شق به گه‌رده‌نیان
بار ده‌که‌م لێره به تیژی
بار ده‌که‌م لێره به زی‌زی
ده‌نێژم ته‌رمی ئاواتم له کووچه‌باغی پاییزی