سێوە کابەی شیعرمە
سەردار جاف/ شاعير و ڕەخنەگر / ئەڵمانيا
ئەو دەمەی ویزە ویزی زەنگ دەھات
من لە غوربەتی ئاوا بوونی
چاوە خومارییەکانی تەمەن بووم
ھێشتان لە گێژەڵوکەی تەپوتۆزا
خوولم دەخوارد
لە ئاوە ڕوونەکانی نیشتیمان
قێزم دەھاتەوە
پڕ پڕ بوون لە زاروو
ئەوکم بۆنی تاڵاو و ڕشانەوەی لێ دەھات
فریشتە خۆ وڵاتییەکانی ئەم غوربەتستانە
ستیانەکانیان بەدەم
سەگە ھارە ڕەنگاوڕەنگەکانەوەیە
مایۆکانیان بە نووکی عاجی فیلەکانی
ئەفریکاوەیە
کچە جوانەکەی مەملەکەتی من
ھەر ڕووکەشە
ڕووکەشێ خەڵتانی گەنیوی
تۆ نامۆ بە خاکی یان کچانی وڵات
بۆنی سێبوری دەکەی و
مەراقەکان دەڕەوێنی
لە ھەر دەرگایەکی چاو خومارانم دا
سێڵاوی تاڵاو و ژەھری کوشندە بوون
لە بن ساباتی چاو سەوزێکی ئەم نیشتیمانە غەریبەم
چاو دەرپۆقیوێکی پڕ حەژمەت و ھەسرەت بووم
لە بن تروسکایی
لرفەی کراس زەردەکەی دراوسێمان
لە چاوەنواڕی ڕۆشنایی
بینایی لێڵ بووم
لە ژووری دڵ سپییە جوانەکەی
وشە و حافز و شیرازیدا
درۆی ڕەش ڕەش بە ئەوکما کرا
بشێ تۆ ئەو کراس سوورە بی
شەرمی پێداوم و نەکەم دوای کراس سوویر بکەوم
ئەرێ ڕەنگە وا بێ
وەلێ من نابمە پەشێوێکی دی و
لاپەرە ڕەشەکان ئاشکرا کەم
ھەرچی بۆنی شەرابی سەر مێزی لێ بێ
ڕووھەڵماڵم
ھەنسکی ماچەکان دەجوومەوە
نیگای چاوان دەسڕمەوە
نەبا یەکێ دوای ئیرەییم پێ ببا
شەرم بیگرێ و لە دەست شەو ھەر با بیبا
سێوە تۆ لە نیشتیمانی و
ھێشتان دووری
دووری خاک بۆنی مرۆڤەکانی لای خۆمانی لێ تەکاندووی
دووری خاک بە ھەنسکەوە وێڵی حەرفەکان دەبی
مینا گوڵانی لای خۆمان
قێز لە زوانی دایە ناکەیتەوە
قێز لە بۆنی خاک و باڵای نیشتیمان ناکەیتەوە
قێز لە جوانی پیاو و کوڕێلی گەڕەک ناکەیتەوە
بە تەنزەوە ناڕوانیتە نالی و محوی و سالم و کوردی
بە فێڵەوە شیعر بۆ کوڕەیل ناڵێیتەوە
بە گریانی سیحراویتا
بۆ ئەوینێ ناکرووزێیتەوە
تۆ پێکی چ شەرابێکت ھەڵگرتووە و مەستخانەت لە سەر واتساب و فایبەر و مۆبایل خوڵقاندووە
تۆ چ زوو فێری گۆرانییەک بووی
تا ئەمێستا ھیچ کەس منی مینا رۆحت نەھەژاندووە
مەحاڵە گوڵ لە مەملەکەتی
خەراباتی منا ھەڵنایە
شنە، بیابانی گریانەکانی من پەی پێ نابا
مۆزیک ڕێی ناکەوێتە کۆتەڵستانی من
لە تەک ئەسکیمۆکاندا
تیشێرت بە بەرمدا نایە
دەتاوەێ مۆرکی ناپاکی ھەڵگرم
بەنێو گەڕەکەکانی بەکرەجۆ
تاپۆ کرێم
لێرە بۆنی خۆفرۆشی سەدا و نەعرەتە و ھاوارە
لە تەک تۆ دا
لە ڕۆخانەی زرێبارا
شکۆ باڵی خۆی تەنیووە و
مەریوان مۆری ئەبەدی و
ڕۆحم ھاوڕێی دوانزە سوارە
**********************
گێلاسە ڕەنگ جوانەکانی وڵاتی من
لەم ھەسارە نامۆستانەدا
چێژە درۆینەکانیان بە بەر بێژنگی خۆرەوە
گوێزئاسای ھەورامان ھەڵدەتەکێن
ژێوان بوون لە خود
لە ڕەنگە تاڵەکانی قاوە
لە ھەنسکە ئەوک شلوێکانی غوربەت
لە جامانە پێچراوی برینی پێشمەرگە
لە من لە تۆ لە ئەو لە ئەوان
ژێوانێکی ڕەھان و
ڕووەو خوار خوارەوە ھەڵدێن
سەرابستانم بە باڵای خۆ دووری بوو
بۆگەن و غافڵگێر
کەچی گێلێ بووم پاکنوێژیم لە زرێبار وەر نەدەدا
بە نێو ژانرە بریقەدارەکانا
لە رکاتەکانی وسڵی دوێنێ بووم
شەرابێ بەدەم ئێوارانێ گێلی کردبووم
شەو قەڵای مێردانە
ھێندە نەزان بووم
نەم دەمگووت ئەم زەردەی ئاوا بوونە بۆ دانەھات
ھەفتانە لە نێو نوشتەکانی باجی گوڵچین
پیاسەم دەکرد
مەستێ خەراباتی کرد بووم
لەنێو غوباریا نوقم نوقم
بەسیلەی کەچەڵی و لەڕی و لاوازیما
لە خەوی غەفڵەتما
بوومە پاسارییەکی دەمگوێسەبانەکەی زرێپار
ھاتمەوە بەر دەرگا شلۆقەکەی
لێی تووڕ درام
ھاتمەوە باغی ئیرەم
لە بن ساباتەکەی مەریوانا دەسکەنەی
پرچەکانی سێو دەکەمەوە
بە ئیشقی مەولاناوە
گوێ دەدەمەوە شیعر و
لە ھەڵەتەکانی نائاگایی گیر نابمەوە
**********************
نمە بارانی
دوا غوربەتیم
بە تەنافی دوا دوای ھەناسەوە مۆڵ بووە
لە بەر تیشکی مۆمی تەمەن چۆکی داوە
لە نێو لانکە و دەسرازەی دوماھی
ڕاژانێ ڕایدەژەنێ
لە سیحری سەمای وشەکانییەوە
ڕایەڵەی مەودا دوری تەسک تەسک.کردۆتەوە
چرپەکانی سرتەن ئازاری دوا دوای تەمەن نەرم نەر نەرم ھەڵدەگەڕێ
لە چرپەی دەنگە دوورییەکەوە
وا دەزانی مەریوانی کردۆتە گوندێکی ئێرە
حەرفەکانی لە شلوێی ھەڵەشەیی قورتار بووە و بڵقن بە سەر کزە کزی نیگاکانم
لە کوێی ئەو ئاپۆڕا پیاسەی تەنھاییت دەکرد
لە کوێی ئەو چراخان و چراتۆڕ و مەنزڵە ڕۆشناییەوە
مۆمێکت بە دەستە و بەر پێی خۆ ڕۆشن دەکەیەوە
لە کوێی مەملەکەتی شارا لە سۆراغی گوێدرێژێکی بۆ سەفەر
لە کوێی ئێکس و تێلگرام و ئینس و فەیس و تیک تۆکی ئەورۆ
لە بن دارە گەورەکەی دووری گوند
گوێ لە ڕادیۆکەی ماڵی کۆێخا دەگری
عەلی مەردان بە نێو ڕیتمی میلۆدیا
شەو و ڕۆژ لە خەیاڵ و بەرچاوە
وەک من نییە
سەری سپی و
چاوی کز و
پشتی کۆم و
ڕووخساری سیمای چرچ و لۆچی
دیفاکتۆی ئەندیشە ئەفسوناویەکانی ھزر و بیری بێ
ئەو ھێشتا لە بەزمی گۆرانیا
ئەگریجەی خاوی بە سەر کوڵما دەبینێ
نەک وەکو من
قژە خورماییە درێژەکەی بەسەر سینگی
سپی و بەفرینی بن
لاملی گەردن کریستاڵی زەردەوە ببینی
کە دوادوای پرچی نیمچە نیگرۆی
بە سەر ھەر دوو مەمکی
گڕن لە نێو لانەی قامکەکانم
کە ژانی توانەوەیش دەمانگرێ
ئەشک دەڕژێتە چاوە سوورەکانی
ژنێتی کوڵمی توندی و
سەما لێوی فڕینی و
ھەنسکی ئاوێتەی حەسرەتەکانم
من ڕێی کاروانی نیشتیمانی تۆم نییە
جەللادەکانی بەردەرگای ماڵت
لە سۆراغی حەرفەکانی پیریمن
ئاااای خودایە ئەمە چ ناسینێ بوو
لە زۆڵاڵی دەنگی عایشەشانەوە
بەرەو خوارخوار غلۆرت کردمەوە
ئەمە چ ناسینێ بوو
دوای ھەڵاتنی ھەر ڕۆژێ
ژێوان بوونی دوێنێم پێ دەنۆشی
دوای ئاوا بوونی ھەر ڕۆژێ
حەرفێکی ترت شەوم جوان دەکا
شەو لە تەک نزای ئازارەکانم، چیرۆکەکانمی بۆ دەگێڕمەوە
لە تەک رکاتەکانی نوێژی ژێوان بوونم
ڕنوویەکی غلۆر بووی ژێلوانم
سەراپا ژیانم لە نێو حەرفەکانت دەنووسی
نیگاکانم دەبزوێنی
شیرینی لە تاریکیما دەبخشییەوە
نازانم تۆ شەکەتی دەستی نامەردی
یا من فریو دراوی بێ بەزییانم
**************************
لە دەلەمەی منداڵدانی ڕک و کینەم
تروسکایی ئەوینم دی
بەدەم شەن وکەوی پاڵە
تەپوتۆزی بوغزم ڕەوی
نسرمێ بووم بە دەم میلۆدی تۆوە
دۆراندۆرم بووە چڕە داری پڕ بەر
قەڵای زەنوێرێکم بوو
شنەبای سپێدان و
نەرمە ڕەوتی زنە و
پلوسکەبارانی پایز و
زەردەگەڵای جوانی دڵی شاعیر و
سەمای خۆری نێوان گەلا و
تەزینی کانیاو و کارێز….
لە دەڵەمەی رکی مندا
بوونە کۆرپەی ئەوینباران ، بەفرانبار و ڕێبەندانی دەبڕێ
ترازانی دەرگای شتڵ
ھەر لە تۆ دێ ، گوڵ نەوەرێ
لە کام نسرمەوە فێری ختوکەدانی تەوێڵی دار بووی
لەکام تیشکی خۆرەوە فێری وەرینی گەڵا بووی
لە کام تیلەی نیگاوە فێری مۆڵەقبڕینی چاو بووی
لەکام شنەوە فێرە ڕتووشی چیمەنی ماڵ بووی
لە کام پێکەنینەوە فێری گۆڕینی دڵی جاو بووی
لە کام فێرگەی سۆزەوە چراخان ھەڵگری ڕێ بووی
لە کام جوانی وشەوە فێری ختوکەدانی ناخی پیاو بووی