یەڵدا دە قەبارەی ژنێتییەکی سیاسی دا
لەیلا گورگانی / شاعیر / سنە
یەڵدا، “من”ێکی خۆمە لە کچێنیم دا بوو بە شێعر
داخی ئەو هەنارانەیە، کراسەکەم ماچ دەکەن و
“ئازادی”یان پێ هەڵەیەکی شاعیرانەیە…
درێژەی ئەو خەمەی من لە هەناردا
کە پێی نایە رەنگەکان
بوو بە دایک بۆ پاییز وەک دوا تڕاژیدی ساڵ…
سووراییم
پێوەندی بە خوێنەوە نییە کاتێ ئاو
تینووترین کێشەی زەوییە و
شەڕ، شەقامەکان شەق دەکا تا
نیشتمانەکان فریز بن دە تەنانەتەکانی سیاسەت دا…
ئەی هەناری وێران لە کراسەکەمدا
ئەی دواکەوتووترین هەڵە دە شاعیردا
ئەی من کە کچێنیم دە هەنار دا
ئەی پاییز کە هەمیشە تەنیاییەکانم دەڕزێنی
تا خۆت لە سێبەرم دەخشێنی
نیشتمان دە بەفر دا جێ دەمێنێ خاترەی.
شەڕ دە کازیوەدا لە دایک دەبێ رێبەندان
ئەو کاتەی خۆرەتاو بە بەژنی ئەم شارەدا لەت لەتە و
خەونەکانی دەداتەوە چوارچرا
تا مێژوو رەنجێکی سیاسی بێ و
بکێشرێ بە دەماری جۆغڕافیایەکی نا سیاسی دا…
ئیمان دێنم بە پاییز
بە دوا هەڵەی شاعیرەکان
بە هەنار کە دەنگم دەگوشێ و
لە درزێکدا کچێنیم دەڕەگێنێ.
ئەرخەیانم کە ناوی تەواوی وەرزەکان خوێنە و
نێوی تەواوی هەنارەکان کچێتی
بەو مەرجەی یەڵدا تێ بگا
پاییز، خیانەتێک بوو
لە داوێنی خوێن و ئاوێتەم دا نووسرا
لە سووراییدا بوو بە ژن..