سۆزێك بۆ دایکم
سەلما تۆما کاکۆ/ نووسەر/ ئەلمانیا
دایە …باڵات..
وەك چنارەکانی شەکرەشاری
بناری سەفین بوو،
لەپەنایدا داڵدەت دەداین
خۆڕاگریت
لە پیرە داربەڕووەکانی
جارانی سەربەن دەچوو
کڵپە وقرچەی سووتانی جەرگیشت
ئازاری سووتانی گزنگ و
ئەنفالی داربەڕووەکانی نیشتمان بوو !
چاوەکانت
قاوەیی هەموو خۆشەویستی دونیایان لەخۆیاندا حەشار دابوو ،
وەك ئەستێرە
لە شەوەزەنگدا دەدرەوشانەوە
بۆ ڕۆشنایی ڕێگای ژیانی ئێمە .
بسکە سپیەکانت
چەند جوان
نازیان بەسەر ڕوخسارتەوە دەکرد
دڵێکت هەبوو
لە پەڕەی گوڵ ناسکتر
وەلێ وەك قەتران ڕەش بە خەم
فرمێسکەکانت
وەك باران نەرم نەرم
بەدزی چاوەکانتەوە
بەسەر ڕووخسارتا دەهاتنە خوار
دایە …
تۆ لە کچی هەور دەچووی
هە موو سپێدەیەك
وەکو ساقی ،
ئاوی درەخت و گوڵەکانی
باخی ژیانت دەداین و
بە گفتی شیرینت
ئاو پڕژێنی ڕۆحمانت دەکرد،
دایە..
تۆ لە شیعر دەچووی
ئەو ساتانەی
کەبێ دەنگیی ناختی دەپێکا
هەزاران چیڕۆك
بە ڕۆحتا گوزەریان دەکرد و
مانگ لە لەشەودا
پڕشنگی ڕووناکی
بۆ تاریک و ڕوونی ڕۆژ کۆدەکردەوە
دایە … تا مابووی
سەرقاڵی کردنەوەی
گرێ کوێرەی پریاسکەی ژیان و
تەقەڵی
برینەکانی تەمەنمان بووی
ژیان چە ند جوان لە نێو تۆدا توایەوە
چەند جوان خۆت کرد بە ژیان
لە نیشتمانی ناخی ئێمەدا
دایە ، مەرگی تۆ و
غوربەتی سەرکێشی من
دەستیان خستە ناو
بینە قاقای برینەکانمەوە !!
ئێستامن
بەم هەموو برینەوە
لەم ڕێگا هات و نەهاتەدا
چۆن ڕێ بکەم !؟
ئێستا کەشتییەکی سەرگەردانم
هەرچەندە سەوڵ لێ دەدەم
ناگەم بە
کەناری ئارامی ڕۆحی تۆ !
نەخۆشی شەرمی نەکرد
خۆی خزاندە ناو ئەو ڕوحە جوانەتەوە ،
تۆش بۆی چەمایتەوە و
هیچت نەوت !
دایە گیان
تۆ ئێمەت سپارد بە ژیان و
هەموو غەمەکانت
لەنێو ناخ و..
فرمێسکە یاقوتیەکانتا قووتدا
، تا ئێمە دوور بین لە غەم !
****
دایە
چە ند جوان بوویت !
ئەو ساتانەی،..
چڵە ڕێحانەیەکت
دە ئاڵاندە بەر کەمەری دڵ و
لاجانگی ڕۆحی ئێمە!
دایە بیرمە وەك شاژنێك
لە بەردەم تووڕەیی ژیاندا
دەوەستایت و
ژیانت لە ئاسمانی فڕیندا
کەوی دەکرد
من لە تۆوە فێر بووم، دایە
ژیان بەو زلیە …
بخەمە دووتوێی دڵمەوە
دێم ،نەهێڵم
خەم و غوربەت بێ ڕەحمانە
ڕوحم بگوشێ و وێرانم کا !
***
ئێستامەرگی تۆ
هەنگاوە بەرینەکانی ئازایەتی شل کردووم ،
زمانی نووسینی لاڵ کردووم !
هەرچەند دەکەم
جوانیەکانی تۆم بۆ نانووسرێنەوە !
***
دایە بیرمە..
ئەو ساتانەی پێت دەووتم :
کچم
ژیان دۆزەخێکە بۆ ژن و
کە لتوور و نەریتیش جەلادد
بۆیە ئەڵێم ،
لە هەرکوێ بیت خۆت بەو
مەهێڵە ژیان کەلەپچەت بکات!
بیرمە دەتوت :
بەسەر ژیاندا هاوار بکە و
قاقا لێدە
تا ژیان لەوڵاتی ڕۆحتا دەستەمۆکەی!
***
من لەتۆوە فێر بووم خۆم بم و
دەست بە درەختی ئاوەزی خۆمەوە بگرم !
ئەوەتا لەکتێبی سپی ڕۆحتا
مردن لە کفنی کتێبێک دەپێچم
تا لێیەوە فێربم
چیڕۆکەکانی ،..
ژیانی مەرگەساتی تۆ
بنووسمەوە
ئەو چیڕۆکانەی ژیان و
سپی بوونی بسك و کەزیت لەخۆدەگرن
ئەو چیڕۆکانەی
لە دەستپێکەوە تا کۆتایی تەمەن
فرمێسکم پێ دەڕێژن !!
***