فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

پرۆسەیەکی بێگەڕانەوە

پڕۆسەیەکی بێگەڕانەوە
بەفرین شەڕەفکەندی/ شاعیر /مەهاباد

ڕۆژهەڵات نا ڕۆژئاوا بوو

بەرلەوەی وڵات هەنارمژ کەم

یا قەپاڵێکی لێ بگرم

بە شارێتیت دەدۆڕێنم

نێوکی مێژوو دەکەوێ؟

نا

مێشکی دەکۆڵێنم!

وڵات بەتامێکی کرمێ بوو و

ئەمن ئەستامیپرایدی مێژوو

بە درۆیەکی کرمەڕێزەوە

دانەهێندرا درۆدەرخەرێک بۆ شار

تۆزتەکێنی دەکەم

بە ڕەوینەوەی مەترسییەکان

ویشکەساڵ بوو و

هەنووکە پیت بە پیت

بە ستڕاتیژییەکی بەرفراوانەوە

دادەڕژێتە سەر ئەو دێڕە

کەچی لەخۆمڕانابینم

دووگیانی بم

یا لانیکەم دابەشی کەم بە بارێکی دیکەدا

بەدرێژایی مێژوو کە دەسهەڵبەستی مێژوونووسە

وڵات داربەڕوویەک بوو بێ سێبەر

نایگەزم

ددانە دەسکردەکانم کول بوون

بە عەقڵییەتێکی گەشەکردووی ڕامیاری

دەیتەکێنم

پێش ئەوەی کرمەکان

خەونەکانم

چوارقەد کەن

گریمانەی مان بەدۆخی هەیی

دەکەمەوە و

بە دیاردەیەکی پۆزیتیڤەوە

هاوتەریب

بەرەو ڕۆژئاوا دەڕوانم …