ترۆپکی ئاوات
ڕۆژا ناسر کاکەمەد/ نووسەر / سوید
لە خاکی هەوراز و بەرزاییەک!
دوو درەختی سنەوبەری بەرز
سەوزی سەوز، تەنها ئەوان سەوز!
دەمبینی کە فەرشی بەر پێیان،
گەڵا کەوتووەکانی خەزانی پاییز بوو!
بەفرە سۆڵەی زستانیش میوانی بوو!
بەڵام ئەو دوو درەختە سەوز بوون
چوار وەرزی ساڵ، هەمیشە سەوز!
بەرز و ڕێک، هێشتا ڕووە و لوتکە!
هەتا لە زریانی زۆر سەختی ژین!
ووتم؛ ببینە من و تۆش ئاوهاین!
سنەوبەر ئاسایە ترۆپکی خۆزگەمان،
خەزانە و بەفری زستان دایپۆشیوە
هەر لە دوورەوە،
سۆمای چاوەکانیشمان میوانی یەکترن!
وەکو دووری ئەم درەختە سنەوبەرانە!
لە هەمان خاک، لەیەک زەوی نیشتیمان،
هیوای یەکترن، سوچی دوورییە نێوانیان!
بەڵام،
ترۆپکی ئاوات، بارانی خۆزگەی خۆی لێ پرژاندبوو!
هەرچەندە بەفری زستان و خەزانی لێ پەخشاندبوو!