فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

ئێوارانە سێ

ئێوارانە

سێ

سەردار جاف/ شاعير و ڕەخنەگر / ئەڵمانيا

 

 

ئێوارەيەک ملوانکە شينی گەردنی، بە نێو پەنجە دڕەکانم ئاڵۆسکاوە

لە پرياسکەی ڕووخساريدا

لەو ديو پەنجەرە تەڵخەکە دەرکوتەوە

شپڕێوی من، بريسکەی مۆمی ژوورەکەی هەرەسان و بێ نووزە کرد

لەو کاتەوە تا بە ئەمڕۆ چاوەکانم ئۆغری فڕینی خۆيە و

بۆ مەملەکەتی ئاوێزان غلۆر بووە

چاويلکەکەم بە دەم باوە ياخی و وڕكگرتووی دييە

قەڵەمەکە ون بوو و ژانی جواناوی لە هەست ئاڵا

لە نێوانی مان و ياخی

بۆ خۆم ونم لێم مەگەڕێن

لە بڵندگۆی مزگەوتەوە، سۆراغ بوونم جاڕ مەدەن و هەواڵپرسين ببڕنەوە

پۆليس و دەزگای کنەم لێ مەئاڵێنن

چاوی شەهلا ئاسۆی توولە ڕێی ئەبەدی

بە دەم پياسەی ون بوون و توانەوە

نوێژی شەوی ليلة القدر بۆ يارم دادەبەستم

شەوێ هەر گيرۆدەی مووروو هونينەوەم

شەوێ بۆم دەبێتە شيعر و

دەنکە زەنگيانە و موورووی شين

دەبێتە منارەی تەسبيحەکەی دەستم و ئەو گەردانە جوانەی گەردن

ئەم حەشاماتی مووروو و زەنگيانانە بۆ لە ناو چاوم داگيرساون

ئەو ژاوەژاوی پوولەکە بۆ کەتوونەتە پياسە، بر سەر سيما و لەشمدا دێن

دەڵێی شەوی بەراتە و لە خزمەت يارم

ئەو فرمێسکە ڕوو بەخەندە، چراتؤڕی ڕووناهيمن گەردنێکن و ياخی لە رووح

بە تيشکی گڕی ئاگری سەر ڕێ و ئەو ديو ماڵە باوان

خۆمان دەشۆين

پاک دەبينەوە لە گوناه

فيراقی کام مەملەکەتە بۆ باوەشی شار ڕێ دەگرێ

با هەر ئێوارە دابێت و شەو مينا منی ون بوو بێ

نەبا سووتان لێمان ئاڵێ و

کوژانەوەی تاريکستانی شەو چاڕدا

بە دەم زيکری شەوی قەدر ناڵە ناڵينی بێکەسم

خۆشمدەوێی، خۆشەويسترينی کەسم

 

 

4 . 12 . 2022

Bad Camberg