رۆژانە سەد وشە دەنووسم
٩٠٢
شێرزاد هەینی/ نووسەر/ ستۆکهۆلم
”ناڵەی جودایی”؛ دەق، شیعر، دەردەدڵ، سوتان، فەرهەنگێکی دەوڵەمەندی زمانی کوردییە. نووسەرەکەی ”هێمن”ی مەزنە. بە دیوان، لە گۆڤار، رۆژنامە، نامیلکە، فۆتۆ، تابلۆ، نامەی دڵداری، پەیامی سیاسیی باسیکراوە، بە نمونە ناوی هاتووە، بە دەنگی هونەرمەندانی ناودار و ژێیەکانی موزیک ناڵە و فیغانی بیستراوە! دەقێکی نەمر، گەورە، مەزن، درێژ، ناسکە!
لەودەمانەی دەقەکە بە فرمێسک و حوبر نووسراوە، نووسەرەکەی بەڕاستی ژیانی تاڵ، ئاڵۆز بووە، هیچ هیوایەکی بەدوارۆژی خۆی، میللەت و حزبەکەی نەبووە. دەقێکی درێژە وەک خەبات، خەم، چاوەڕوانییەکانی خۆی!
”ناڵەی جودایی” بەڕاستی ناڵەی جوداییە، رەنگدانەوە ژیانی خۆی بووە، جوان، بەسۆزە و ناسک باسیکردووە، بەڵام! بەداخەوە کەم، بەدەگمەن کاری هونەری، سینەمایی، شانۆیی، شێوەکاریی لەناو کراوە.

