تێکست
ھبە فەیسەڵ/ نووسەر
ئاااای جەرگە گیان، گوتت زۆرن ئەوانەی ژیان تەنها بە ئاوەژوو دەبینن..
گوتت ڕەنگە ئازایەتی مرۆڤ هەمیشە لە هەڵگیرسانی شۆڕشێک نەبێ، بەڵکوو لە داڕشتنی نەخشەی دوو دەرکەوێت.
ڕەنگە تەمەن، ئەزمون، هەوڵ و گەیشتنی خۆت بتگەیەنێتە ئەو ئاستەی کە هێڵی بێژنگەکەی دەستت تا دێت باریکتر و وردتربن. بۆت دەردەکەوێت کە نەک تەنها کێت خۆش بوێت، بەڵکوو فێردەبیت چۆنت خۆشبوێت.
بوێری و ترس لە تۆدا هەمیشە دوو ڕووی یەک پولن.
ڕۆژانێک بوو خۆت لەسەر ڕۆخی دەستاڕێک دەبینییەوە. وەک ئەو دەنکە گەنمانەی لە پڕی خۆیاندا، ملیان بە لاسک خوار کردبوو. هێدی هێدی خەریک بوو خل دەبوویتەوە بەرەو ئامێزی فەنا بوون.
خۆت لە ڕووناکی دەشاردەوە و لە سوچێکی دڵتدا کەوتبوویتە دارکاری مناڵێکی پێنج ساڵ. یەکە یەکە سوکایەتیت بە خەونەکانی دەکرد. گڕت بەردەدایە ئەو نامانەی کە بە نیازی گەیاندنیان لە کۆڵەپشتی بووکەڵەیەک حەشار درابوون.
وەلێ تۆ دەتزانی مرۆڤ ئەو کاتە دەمرێ کە بە چەشنی کاڵا ئاڵوگۆڕ بە خەونەکانی بکات. یان کاتێک حەزەکانی لەگەڵ ئارەزوی خەڵکدا بگونجێنێت.
جا سەرت نەسوڕمێت لە مرۆڤێک کە بۆتە دوومەڵێکی قوڵ ڕەگ. مەگەر ئەویش لە ئەنجامی نینۆکێکی چەپەڵەوە لەدایک بووە.
بەڵام هەر چۆن چاو بە تاریکی ڕادێ، ئەوهایش مرۆڤ دەتوانێ لە وردیلەکانەوە دەست بە گۆڕان بکات.
ئارەزووی گۆڕان قەبارە و خێرایی نازانێ. پێشینان دەڵێ لەکەم کەم و لە زۆر زۆر.
ئەتوانی بە هەڵگرتنی ناز و گەڕانەوە بۆ ئەو ڕۆحە دەست پێبکەی، کە هەموو جوانی و مانای ژیانی لێ هەڵدەقوڵێت.
ئەو ڕۆحە بێگەردەی کە بریقەی لە بیلبیلە هەنگوینییەکانتەوە ئەچۆڕێت.
مەگەر تۆ نازانی ئەوانەی پاکیزەیی ژیانیان لێ ئەپرژێت، تایبەت و دەگمەن پەسەندکراون؟
#جەرگوجگەر
#بەردەوامی
#هیوا
#جوانی
#ڕۆحت
#مرۆڤ
#💜

