فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

((کەژاوەی شارو نامەیەک ))  ئاوای بۆ گێڕامەوە ……

چيرۆک

【21 】

((کەژاوەی شارو نامەیەک ))

 ئاوای بۆ گێڕامەوە ……

ئەمير پاشا نامدار/ نووسەر / هەڵەبجە

 

کچەکە بە منداڵی ئالودەی باوکی بوو بوو . هەمیشە بە دەستە بچکۆلە وردیلەکانی دەستی شەکەت و ماندووی باوکی دەگرت و دەی بردە بازاڕ ، باوکی لەدوکانە ناسراوەی کە نوقڵی ترش و شیرین و کورسی نەعنای بۆ دەکڕی ، بەناو بازاڕدا زۆر بە کەمی دەگەڕان، بەڵام کە دەگەيشتە بەردەم دوکانی بەرگ و کەژاوەی بووکێنییەکان وەک موگناتیس دەنوسا بە جامخانەکانەوە و چەندان خولەک لە بەردەمیاندا ڕادەوەستاو سەیری دەکردن، باوکیشی بێزاری دەر نەدەبڕی تەنها دەیووت: کچم تۆ جارێ مناڵ و  کاڵی کاتی کەژاوەت نییە. کە شووت کرد شەرت بێ هەرچی قوفڵی پۆڵاو جامخانەکانە بۆ کەژاوەکەت بیشکێنم ، با ئێستا بڕۆین. ڕۆژگار تێ پەڕی، قەیران درووست بوو، باوکی زیاتر قەرزار بوو، خۆیشی ڕۆژ بە ڕۆژ لە تەمەنی قەیرەیی دەدا،لەو ڕۆژانە بەدواوە، باوکی بە زۆر لەگەڵ خۆی دەی بردە بازاڕ. باوکی هەرچی خوڵک و میوانداری دەکرد بۆ شیرینی، ئەو دەیگوت بابە گیان تەمەنمان کردووە شیرینی بۆ ددان و تەندروستی باش نییە، ئەو هەستی کرد بوو باوکی قەرزارە، باوکیشی هەستی بەوە کرد بوو ئەوە  چەند ساڵێک زیاترە لەبەر شەرم نە بە بەردەم دوکانی کاژاوەی بووکێنییەکاندا دەڕوات نە سەر بەرز دەکاتەوە بۆیان. ئەمڕۆ لەگەڵ باوکیدا ڕۆيشتنە (کتاو خانە)کەی شار یەک بەیەک دەستی دەدایە ڕۆمان و دیوانە شیعرەکان ڕۆمانی (زۆربای ) هەڵگرت و داینایەوە مۆسیقارە سپی یەکانی پەڕە پەڕەکرد و دای نایەوە، دواجاری ناڵەی جودای هەڵگرت ، پێناسەکەی داناو گەڕانەوە بۆ ماڵەوە. ئەو ڕۆژەی جەستە سارد و سڕەکەیان دانابوو مەلا نوێژی مردووی لەسەر بکات پەرستارێ نامەیەکی دایە دەست مەلاکە. بابەگیان  لێرە زۆر دەترسم دەبینی ڕۆژێ نا بیناو زمان بەستە و کەڕو و لاڵ، بێ پەڕو و باڵ، بێمەوە بەری دەست ئەگەر هاتمەوە، بە مێخێ وێنەی دایکم لەنێو گلێنەی چاوم ناوی خۆت لەسەر زمانم لەناو ئەم دڵە خاڵی و چۆڵ وهۆڵە هەڵکۆڵە، بیکەرە دیوانی تاقەوسان با نەڕۆم ون نەبم بێ ناو نیشان. بابەگیان ئەمڕۆ دەڵێی هەوای پایز لێی هەڵ کردووم دەست و پێم زۆر ساردە وەک خۆت فەرمووت تا ئێستا تەماتە و شەمامەی کاڵم لەنێو کا کۆنەی دڵی تۆ نەبێ نە سوور دەبم نە بۆن دەگرم نە کلی کێوی سوتاو دەڕەژم خەت و خاڵم. بابەگیان ئیتر مناڵەکەی جاران نیم مەترسە لە قەرزی شیرینی بازاڕ من دەمم تاڵ تاڵ بووە ، من ئێستا لە قەیرانی مرۆڤ بوون قەییرە ترم، پێش هەموو قەیرانێ من مردووم، هیچم ناوێ هیچ ، تەنها ماچێکم بکە دەزام کچ دەسنوێژی لە باوکی ناشکێ ماچێکم بکە ئیتر نە نوقڵم دەوێ نەشیرینی، نە دەمەوێ قوفڵ و جامخانەی کەژاوەکانم بۆ بشکێنی. باوکی هاتە لایەوە کڕنوشی برد سەرپۆشەکەی لابرد و ماچێکی کرد، لەولاوەکوڕێکی جوان کەژاوەیەکی هێنا و دای بەسەر دارەمەیتەکەی دا تاسەر قەبران. پاش ئەسپەردە کردن، هەموو کوڕانی گەنج لە دەوری کەژاوەکە ڕاوەستان و کوڕە جوانەکە ئاوڕی لە کەژاوەکە هەستان لەو ڕۆژەوە ئەو شارە هەموو دڵیان بریندارە کچان نە پەتێکیان داوە لەمل نەچاویان ڕەشتوە بەکل  نەکوڕان دەکەن خەیاڵی  ژنهێنان .