فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

مــــــــــاچ

كورتە چیرۆك

مــــــــــاچ

موكەڕەم ڕەشید تاڵەبانی/ شاعیر/ هەولێر

 

 

بێژەرەكە پرسیارگەلێكی زۆری لە خانمە شاعیرەكە كرد. چۆن خولیای شیعر بووەو لە كەیەوە دەستی بە شیعر نووسین و بڵاوكردنەوە كردووە. یەكەمین چامەی كەی بڵاوكردووەتەوە. كێ هاندەری بووەو چ ڕەخنەگرو نووسەرو ڕۆشنبیرێك پشتیوانی لێ كردووەو چ ڕەخنەگرێك شیعرەكانی هەڵسەنگاندووە، ئایە بەخۆی هیچ ڕەخنەگرێكی ڕاسپاردووە شیعرەكانی هەڵسەنگێنێت، یان وەرگێڕی ڕاسپاردووە چامەیەك لە چامەكانی بۆ سەر زمانی ئینگلیزی و ئەڵمانی و فەرەنسی و تەنانەت فارسی وەربگێڕێت؟ تا ئێستە چەند دیوانی نووسیوەو چەندی چاپ كردووەو كێ یارمەتی داوە دیوانەكانی چاپ بكات، یان هەر بە خۆی و لە گیرفانی خۆی چاپی كردوون؟ لە چەند فیستیڤاڵی شیعریی ناوخۆیی و دەرەوەو نێودەوڵەتیدا بەشداری كردووەو چ دەزگەیەك بانگهێشتی كردووە كۆڕی شیعری ببەستێت و شیعرو چامەكانی بخوێنێتەوەو چەند جار ڕێزی لێ نراوەو لە چ فیستیڤاڵێكدا چامەی خوێندووەتەوەو چامەكانی پلەی یەكەمیان بەدەست هێناوەو چەند وڵات گەڕاوەو چ وڵاتێكی لا دڵگیرە لەو وڵاتانەی سەری لێ داون، یان بانگهێشت كراوە لە فیستیڤاڵە شیعرییەكاندا چامە بخوێنێتەوە، چەند شاعیرو نووسەری ناوداری جیهانی دەناسێت و ئایە نامەیان لەگەڵدا دەگۆڕێتەوەو باسی تیوری شیعرو ڕەخنەی شیعریان لەگەڵ دەكات؟؟.

بێژەرەكە بەو پرسیارە گشتیانەیشەوە نەوەستاو خۆی هاویشتە ناو ژیانی تایبەتی خانمە شاعیرەوەو چەندان پرسیاری تایبەتی ژیان و گوزەرانی ڕۆژانەو كۆمەڵایەتییانەو خێزانی لێ كردو خانمە شاعیریش جار جار بە شەرم و جار جاریش بە سڵەمینەوەو جار جاریش بە بزەو دەست جووڵانەوەو زڵف لادانەوە وەڵامی بێژەرەكەی دەدایەوە، هەندێك جاریش هەڵوێستێكی بۆ دەكرد پێش ئەوەی وەڵامی پرسیارێكی ورووژێنەر بداتەوە.

تا دەهات بێژەرەكە دەیویست زۆر لە نهێنییەكانی بن بەڕەی ژیانی خانمە شاعیر بخاتە سەر بەڕەو بۆ بینەرانی ڕوون بكاتەوەو پەردەیان لەسەر لابدات، پرسیار لەبارەی دڵداری كردن و ئەوینداری لەو شێوەیەی خانمە شاعیر لە چامەكانیدا تۆماری كردوون و ئاماژەی بەوە كردووە كە لە پیناوی ئەوین و دڵداریدا چركەكانی ژیان دەگوزەرێنێت، بەلای (وێ)وە ئەوین كانی شیرینی ژیانە، ژیان بێ ئەوین هیچ چێژو واتایەكی نابێت، تەنیا ئەوین داینەمۆی ژیانێكی پڕ لە خۆشی و ئاسوودەیەو بێ ئەوین ژیان تاكە فلسێكی قەڵپ ناهێنێت، هەر ئەوینە سەرچاوەی داهینان و ژیان ئاسان كردن و بەرەو پێشەوەچوونی شارستانیەت، ئەوین نەبێت چركەكانی ژیان هیچ سوودو واتایەكیان نابێت، ژیان ڕادەوەستێت و چێژو خۆشی ڕەو دەكەن!!

بێژەر دەیویست خۆی لای بینەران بە كابرایەكی مۆدێرن و هەموو شت زان بخاتە ڕوو، ئەم جار دەستی بە پرسیاركردن لەبارەی جل و بەرگ و ڕەنگی چاوو ماكیاژو سووراوو سپیاوی ڕوومەت و پێڵاوی پاژنە بەرزی خانمە شاعیر بكات و چۆن جل و بەرگەكانی هەڵدەبژیرێت و چ جۆرە ڕەنگ و چ جۆرە ماكیاژو چ جۆرە بۆن و گوڵاوی بەلاوە پەسەندەو لە كۆڕو فیستیڤاڵە شیعرییەكاندا چ جۆرە جل و بەرگێك دەپۆشیت و چۆن خۆی دەڕازێنێتەوە.

بێژەر بەوەیشەوە ناوەستێت پەل بۆ ناو ژیانی خانمە شاعیر لەگەڵ خانمە شاعیرو خانمە نووسەرانی دیكە دەكوتێت و چەندان پرسیار لەبارەی ژمارەی دەستەخوشكان و دۆستان و لایەنگران و ئەو خوێنەرانەوە لە خانمە شاعیر دەكات كە پێوەندی لەگەڵیان هەیەو شیعرەكانیان خوێندووەتەوەو داوای دیوان و چاپەمەنییەكانیان لێ كردووە.

پاش ئەوەی بێژەری هەموو شت زان خەریك بوو دیمانەكەی بەرەو كۆتایی دەبردو گۆمی ژیانی تایبەتی خانمە شاعیری دەشڵەقاند، ویستی بە پرسیارێكی سەرنجڕاكێش و پێشبینی نەكراو لە خانمە شاعیر دیمانەكە كۆتایی پێ بهێنێت. پرسیارەكە جێی شەرم و نیگەرانی بوو، پرسیارێك بوو نەدەكرا ڕاستەوخۆو لە دیمانەیەكی ڕاستەوخۆو زیندوودا لە خانمە شاعیرێكی قژ زەردی چاو شین و سپیلكەو جوان بكرێت.

بیژەرەكە دەیویست لەبارەی ماچەوە پرسیار لە خانمە شاعیر بكات. ماچ جیهانێكی پەی پێ نەبراوی قووڵەو بێژەر دەیەوێت ئەو قووڵاییەی ماچ لەژیانی خانمە شاعیردا تەنك بكاتەوە، بیكات بە پیازو توێكڵی بگرێتەوەو بیداتە دەستی بینەران. بێژەر سنووری ئەتەكێتی پرسیاركردن و نەریتی باوی كۆمەڵایەتی لای خۆمانی تێپەڕاندو پێی بە جەرگی شەرمدا ناو خانمە شاعیریش خۆی لەبەردەم پرسیارێكی سەیرو ناباودا بینییەوە.

بیژەر پرسیاری كرد: لە ژیانتدا چ ماچێكت لە هەموو ماچەكانی دیكە پێ خۆشتر بووە؟

خانمە شاعیر سوور هەڵگەڕاو ئەم جار شین و مۆڕ بووەوە، ویستی شەقامی شەرم ببڕێت و خۆی لەو داوە لەناكاوییە قوتار بكات، بۆیە بازووی وەڵامی لێ هەڵكردو شەرم و نەریتی باوی خستە ئەو لاوەو بە بزەیەكەوە گوتی:

كاتێك منداڵ بووم، پرچ زەردو چاو شین، پێست سپی، هەموو ئەندامانی خانەوادەو كەسوكارو خزم و دۆست و دراوسێ و ئەو میوانانەی دەهاتنە ماڵمان لە ئامێزیان دەگرتم و ماچی گۆنایان دەكردم و هەزار جار دەبوونە قوربانم و خۆیان بە ساقەم دەكرد. سەریان دەنایە سەرم و دیاری و نوقڵ و شیرینییان پێشكەش دەكردم و دیاری جوانیان پێ دەدام بێ ئەوەی هیچ چێژیك لەو ماچانە وەربگرم و لە واتای ئەو ماچانە بگەم، ئایە ماچی خۆشەویستی و ئەوین و خزمایەتین، یان هەر ئارەزوویەكی سەرپێیی مرۆڤن و كاتی بینینی شتی جوان و منداڵی جوان و هەڵوێستی جوان و بۆنەیەكی تایبەتی دەورووژێن.

هەركە ساڵانی تەمەنیش بەرەو پێش چوون هیچ چێژو تامێكم لەو ماچانە وەرنەدەگرت لەكاتی جەژن و بۆنەو ڕووداوە كۆمەڵایەتییەكاندا لەنێوان دەستەخوشك و دۆستان و خزم و كەسوكاری خۆماندا ئاڵوگۆڕ دەكران، تەنیا بە نەریتێكی كۆمەڵایەتیم دەزانی و هیچی دیكە.

بەڵام ئەو ماچەی كە بەلای منەوە لە هەنگوین شیرینتر بوو، ئەو ماچەی‌ ژیانی گۆڕیم و بەرگێكی دیكەی بە بەردا كردو خوێنی دەمارەكانی لەشی هەژاندم و پاڵی پێوە نام زۆرتر خۆم بۆ شیعرو ئەوین تەرخان بكەم، ئەو ماچەی یارەكەم بوو، كاتێك یەكەمین چامەم لە بارەی ئەوینەوە بڵاوكردەوە، ئەو كات چامەكەی خوێندبووەوەو‌ كاری تێ كردبوو، بۆ پیرۆزبایی لێ كردن ماچێكی گەرم و مزری لە لێوم سرەواند، تا ئێستەیش شیرینی ئەو ماچەم لەبیرناچێتەوە.

ئیدی بێژەر هیچی بۆ نەمایەوە ئەوە نەبێت بە شەرمەوە سوپاسی خانمە شاعیر بكات و كۆتایی بە دیمانەكە بهێنێت و ماڵئاوایی لە بینەران بكات تا لە ئەڵقەیەكی دیكەدا بەیەك دەگەنەوە.

28/11/2019