فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

وەی لە من وەی لە تۆ

وەی لە من و وەی لە تۆ
موحسين ئاواره/ شاعیر / ھەولێر
‌ ١
دوای تۆفانە گەورەکە و
دوای نیشتنەوەی ئاو و هێوربوونەوە
حەزرەتی نوح ، لە نێو قوڕ و لیتاودا سندووقێکی دۆزییەوە
سەرجەلەیەکی تیا بوو
لە گەڵ چەند پەڕاوێکی زەرد هەڵگەڕاو
بە زمانی کوردی نووسرا بوو
حەزرەت نەیدەویست نهێنی نێو ئەو سندووقە بدرکێنێ
تەنیا ئەوەندەی گوت
کورد میللەتێکی دێرینە
هەموو گیانی ڕەشبینی و برینە
٢
بەو زمانە شیرینەی کوردی
وشەگەلێکی زۆرمان چاند
ڕستە و دێڕێکی زۆرمان دورییەوە
قەڵاتە خەرمانێکمان هەڵدایەوە
کەچی وا هەرزانفرۆش کرا
چ دەستکەوتێکی بۆ میراتگرانیشی نەما
٣
لەوەتەی هەم
پێمزانیبێ یا نەمزانیبێ
لە نێو فێڵ و گەمەم
نە بۆ ئیمڕۆی خۆم ژیاوم
نە بۆ سبەی
بۆ دەستباری کەسانی دی خوڵقاوم
گەر ئێستا بە تەمای گلگامێش بم جحێڵم کاتەوە
لە تۆمارگەی خەون و خەیاڵەوە نووسراوە ناوم
کاتێ ئاوڕ دەدەمەوە
زۆر دەمێکە دۆڕاوم
٤
ئەگەر ئەوکەسە خۆشنوود بووایە
هێندە متوی مەیخانە نەدەبوو
ناچار بووەو بە ناچاری
شەوانە زیاتر مەیگێڕ دەبینێ
نەک کەس و کاری