گەڕان بەدوای (هیچ)دا
مەھدی زریان/ شاعیر / کەرکووک
بیرکردنەوە لە هیچ هەموو شتێکە
تێپەڕین بەنێو هەموو شتێکدا
دەتگەیەنێت بە هیچ
عیشق ئەفیونێکە
بێ ئەوەی بەخۆت بزانیت
خەیاڵت پێدەبەخشێت و
هەموو شتێکت لێوەردەگرێت
وەکو رێگرێك
لەکۆڵانێکی تاریکی داخراودا
رێگەت پێدەگرێت
جادووگەر ئاسا
بێئەوەی هەستی پێبکەیت دەست دەخاتە گیرفانەکانی دڵتەوە و
هەر چیت هەیە بۆ خۆی دەیبات
بەبێ دەنگی
غرورت تێكدەشکێنێت و
لە بازاڕێکی ئاڵۆزی مەجازیدا
دەتکات بە فرۆشیارێکی بێ حەیا
عیشق باڵندەیەکی کێویە
بە دڵێکی لەرزۆکەوە
لەنێو دووکەڵی شینی گوماندا
بەتەنیایی جێتدەهێڵێت
رەنگی شین بەشێوەیەك
لەنێو خۆیدا ونت دەکات
وادەزانیت هەر لە ئەزەلەوە
ئەم بوونە جگە لە شین
هیچ رەنگێکی تێدا نەبووه