بەشێک لە قەسیدەی
تەمەنت لە سەرووی پەنجا ساڵیدایە ڕووخسارت هەر لە کچە جوانەکەی جاران دەچێت
خالید کۆچەر/ شاعیر / ھەولێر
تەمەنت لە سەرووی پەنجا ساڵیدایە تۆزقاڵێک ڕەنگی ژنێتییت هەڵنەگرتووە
ڕووخسارت هەر لە کچە جوانەکەی جاران دەچێت
وا هەستدەکەم تازە پۆڵی پێنجی سەرەتاییت
جانتای دەستت بە شانتاوەیە پریەتیی لە کتێبی ئەلف و بێی خۆشەویستیی
بۆ ناو نیشانی قەسیدەیەکی تازەم
تەمەنت لە سەرووی پەنجا ساڵیدایە
وا دەبیینم وەکو جاران قژی زەردتت بە باڵاتا شۆربۆتەوە
بۆتە شەبەنگیی خەمێکیتری هەمیشەییم هەرگیز لە یادم ناچیتەوە
وا هەستدەکەم تازە گەیشتییە قۆناغی ناوەندی یەکە یەکە پۆلەکان بە رێدەکەییت
ئێستاش بە یادی ڕۆژانی ڕابردووت
دڵە عاشق و مەستەکەم بیست و چوار کاتژمێر بەدوات وێل و عەبدالە
کە شەو دادێت خەوی لە چاوی شێتانەی من ناکەوێت
تۆش بە تیلە چاوێکی عاشقانە جارناجارێک چاوێکم بۆ دەنووقێنیت
هەرکە بزەیەکت بەرووتا دێت
دڵ و دەروونم پر دەکەییت لە خۆشەویستی خۆت
منیش بە دواتەوە وێلم و لە نێوان ڕێگای قوتابخانەو مالەکەتان پیاسە دەکەم
هەرگیز هەست ناکەم تەمەن بەرەو پیری هەڵدەکشێت
وا هەستدەکەم تازە شاعیرێکی هەرزەکارو عاشقێکی چەندە بەدبەختم
بە وشە خەماوییەکانم
وێنەی کچێنییت بۆ مۆتیڤیی کتێبەکەم ڕەسم دەکەم
تەمەنت لە سەرووی پەنجا ساڵیدایە هەروەک ئەوە وایە تازە گەیشتبییە خانەی مامۆستایان
هەر لەم خانەش فێری عەشقێکی گەورەم دەکەییت
منیش بە دواتا وێل و نامۆم
چاو دەگێرم تا هەموو ڕۆژێک دەربکەوییت
تا عەشق بمینێت شانازییت بە ڕۆژانی ڕابردووت دەکات
برایمۆک تا ئەو ڕۆژەی مرد
شینی فیراقی بۆ پەریخان دەکرد
نالی تا ئەو ڕۆژەی مرد چاوی هەر لە ڕێگا بوو تا حەبیبە دەرکەوێت
مەولەوی هەموو ڕۆژێک لە ڕێگای ژواندا نوێژی دادەبەست
تا عەنبەر خاتوون سڵاوێکی عاشقانەی لێبکات
دڵدارەکەم
ئەم نیشتیمانە مالی هەزاران عاشق و مەعشووقی خێر نەدیووە
ئەم نیشتیمانە هەزاران گۆڕی بێ ناونیشانی لە ئامێز گرتووە
ڕۆژێک دادێت ئەم خاکەش من و تۆش بە غەریبی دەگرێتە باوەش
نازانم بە چییت بچووێنم بە کچە جوانەکەی ساڵانی هەشتایەکان
یا خوود بە شۆخە جوانەکەی ئێستای شیعر
گوتم : دێت هەر نەهاتی
گوتم : دەردەکەوێت کەچی دیار نەبووییت
گوتم : لە دەرگای ژوورەکەم ئەدا
لە دەرگات هەر نەدام
گوتم : ڕۆژێک بە زەیی بەگریانم دێتەوە
بەزەییت هەر پێمنەهاتەوە
گوتم : ڕۆژێک باوەشم پیا دەکا
باوەشت هەر پیا نەکردم
گوتم : ڕۆژێک بە زەیی بە لێوەکانم دێتەوە هەر ماچت نەکردم
گوتم : ڕۆژێک بە گۆی مەمکەکانی گریانەکەم ژیر دەکاتەوە
بەرکۆژەت بە یەکجاری داخست
گوتم : ئەمرۆش نەبێت سبەینێ هەر دێت هەر نەهاتی
ئەوەتا هەموو ڕۆژێک دوور لە ئاگایی چاوە پیرۆزەکانی تۆ
لەناو ئاگردانی یادگارەکانتا شێت دەبم
بانگت دەکەم گوێیت لە دەنگم نییە
نەک تەنیا دڵم
شیعریش وەکو چۆڵەکەیەک بە ئاسمانی مالی تۆدا تێکدەسوورێت
لە شەقەی باڵەکانی ئەداو ئەدا
نزم نزم دادەبەزێت بە سەر مالەکەتان دەنیشێتەوە و لە دەرگای دڵت ئەدا
ئەمجارەیان دەرگام لەسەر ناکەیتەوە
شێتی هەموو ڕەنگ و ڕووخسارمی گرتۆتەوە
پێم نالێیت : سبەی بمرم چۆن وەڵامی خودا دەدەیتەوە
دەلێیت : من بووم بکوژی ئەو شاعیرە کۆچەرەی لە پێناوی عەشقی مندا ژیاو
بە خەمی منیش مرد