پەیكـــــــــــوڵ!!
موكهڕهم ڕهشید تاڵهبانی/ شاعیر/ هەولێر
(له شیعره بڵاونهكراوهكان)
لە چایخانە دانانیشم
پێ خاوسم!!
نە پارەی (چا) و نە پارەی (وێڕ)م هەیە!!
لە چایخانە دانانیشم
ئەو نووسەرەی ئەو لاوە
زرتەبۆزی سینگ دادڕاو
قاچی لەسەر قاچ داناوە
ڕاپۆرتنووسە!!
دەم و زاری، لە زستان و لە بەهاردا
ساف و لووسە!!
لە چایخانە دانانیشم
چی ئێستگەی ڕادیۆ هەن.. درۆدەكەن!!
چایچییەكە هەڵەخەنە!!
*
ناچمە بازاڕ
گیرفانبڕێك دووم دەكەوێت
بۆسە بۆ خوێنم دەنێتەوە!!
ناچمە بازاڕ
پێناسەكەم بێ ژمارەو ..
بی پشتوێنە!!
دەروازەی شار
گرژ و مۆنە!!
ناچمە بازاڕ
پێم لە سیخوڕێك هەڵدەكەوێت
دەستڕێژێكم لێ دەكرێت!!
ناچمە بازاڕ
تاوانێكم بۆ هەڵدەبەسترێت
لە تاریكیی ژێرخانێكدا
چاوی هۆشم د شەتەك دەدرێت!!
ناچمە بازاڕ
بەچی ڕۆژنامەیەك
بۆ خۆم بكڕم..!
مانشێتە فشۆڵەكانی بخوێنمەوە!!
ناچمە بازاڕ
میوەفرۆشێك.. تووڕەیی دەفرۆشێت
لێی ناكڕم!!
ناچمە بازاڕ، گەنم و جۆ زۆر زۆرن
گیرفانەكان
ساردو سڕ و جێگەی مۆرن
بەچی لەتە نانێك بكڕم
فرمێسكی برسیەتیی پێ بسڕم!!
ناچمە بازاڕ
یاسا شاران بەدەر، دەركراوە
یاسا .. خۆی یاساغە!!
چۆن لە شەقام و وێستگەكان
بپەڕمەوە!
ماتۆڕێك، گالیسكەیەك
دەمشێلێت!!
ناچمە بازاڕ
شەقامەكان، لە پیادە مارەكران!!
شۆستەكانیش بۆ ئۆتۆمۆبیل!!
لە كوێوە تێبپەڕم
تفەنگەكان لوولەیان تێ كردووم!!
ناچمە بازاڕ
خەونیش دەستگیردەكەن!!
دڵم نایەت، خوێنی گەشی خەونەكانم
بە بەرچاوی خامەمەوە
سەرببڕن!!
جەرگەی شەقام چایخانەیە
گۆرانیی ئیكسپایەر
دوو گوێی چێژم
كەڕ كەڕ دەكات!!
ناچمە بازاڕ
پێڵاوەكانم جێ دەمێنن
لە بازگەكانی ناو شاردا
دەستڕێژیان لێ دەكرێت!!
ناچمە بازاڕ
پسوولەی دۆلارم پێ نییە
ڕەزنی حەفتا و پێنجی..
توند مۆڕم لێ دەباتەوە!!
تفەنگەكان ڕاوم دەنێن
گوللەكان
گوێ لە هەستی هەناسەم دەگرن
ترپەگەلی دڵم .. دەژمێرن!!
لیستێك درۆی ڕەش هەڵدەبەستن
قۆنداغە تفەنگ بەكاردێنن
ناچمە بازاڕ
لافاوی گرانی هەڵمدەگرێت
ناچمە بازاڕ
بازاڕ .. بازاڕی كوشتووە
خوێنی هەرزانیی ڕشتووە
ناچمە بازاڕ
ناچمە بازاڕ
ناچمە بازاڕ
لەسەر شۆستەی تۆڵە
ئاگرێك هەڵدەگیرسێنم
چی پەیكوڵی ناپاكییە دەسووتێنم!!
28 – 29/9/1995

