فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

چەلاوی کەڵەباب

چيرۆک

 

چەلاوی کەڵەباب

 

جێگر بەختيار/ نووسەر/

 

هەموو دەم هەر وایە، کاتێک بەدوای شتێکدا دەگەڕێم، سەیری ئەو شوێنانە دەکەم کە هەرگیز ئەو شتەم لێیدا نەنابێت. یان هەرگیز بیرم لەوە نەکردبێتەوە شتێکم لەو شوێنە حەشار بدەم. ئەگەر بەدوای دەرنافیسەکە بگەڕێم، دەچم دەرگەی سەلاجە دەکەمەوە، ئەگەر بەدوای درەپێکەم دابگەڕێم دەچم سەیری ناو کتێبەکانم دەکەم. ئێستاEش لێرەم! چەندین ساڵە سەرم بەو کۆڵیتە دانەگرتووە، ڕێک لە پۆلی هەشتی بنەڕەتییەوە، ئێستا بۆ ئەوە بانگی باوکم بکەم بێت نانەکەی بخوات هاتوومە و لێرە بەدوایدا بگەڕێم. بە دوای باوکم دادەگەڕێم کەچی کلکی مریشکێکم گرتووە و لەسەر ڕاوکەی قونی بڵند دەکەم، قودەقودی لێ بەرز دەبێتەوە. کلکی بەر دەدەم، لەژێر دەستم هەڵدێت، داماوە ڕەنگە بیری چوو بێت دەیەوێت هێلکەیەک بکات، وەک چۆن منیش بیرم چوو هاتوومە دوای سۆراخی باوکم.

کەڵەبابێک کە لەسەر دەرگەی کۆڵیت هەڵنیشتووە، ڕای چڵەکاندم، ئاخر دەستم برد بوو بۆ ژنەکەی، ڕەنگە لەبەر ئەوە بێت، وا بە ڕقەوە سەیرم دەکات. سەیری دەکەم و سەیرم دەکات، هەستێکی سەیر لە هەناومدا پێچ دەدات.

لەناو بۆن جیقنەی کۆڵیتەکە بيرۆکەی ئەوە بە مێشکم دادێت، کە دەرفەتە جگەرەیەک دەربهێنم و بیکێشم. کەڵەبابە ڕەشەکە هەروا لێم دەڕوانێت، شامی ئەسڵییە، بە باشی ئەو جۆرە دەناسم، ملی درێژ و ڕووخسارێکی تووڕەیان هەیە، وەک ئەوی هەموو دەم ئامادە بێت بۆ شەڕکردن. سینگیان هەموو کات دەرپەڕاندووە و کوڵکی بەشێک لە لەشیان هەڵوەریوە و پێستێکی سوور لە ژێریيەوە دیارە. کلکێکی مام ناوەندیان هەیە، نە قووت و نە زۆریش درێژ، ڕەنگێکی ڕەشی قەترانیان هەیە.

هەر لەسەر سیلەی دەرگەیە و سەیرم دەکات، هەر ئەوەندەی جگەرەکە دەخەمە سەر لێوم دەست بە بانگدان دەکات، بەخێرایی جگەرە دەخەمە ژێر پێم و دەیکوژێنمەوە، دەترسم لەوەی بەو بانگدانە باوکم بێت و بە جگەرەوە بم بینێت. هەر کاتێک مریشک و کەڵەبابەکان دەنگیان زۆر هاتبایە، سەرێکی لێ دەدان، نەکات چەقەڵ و ڕێوی و دەرک و سەی تۆڕی بەنێویان کەوت بێت.

ئەم کەڵەبابەم لە کوێ؟ لە کوێم بینیوە؟ بیرم نایەتەوە، چەندین ساڵە بەلای ئەم کۆڵیتە دانەهاتووم، ئەسڵەم حەز بە ماڵی کردنی هیچ باڵندەیەک ناکەم، دوای مردنی سپۆ هیچ باڵندەیەک سەرنجی ڕانەکێشام، باڵندەیەکی خۆشەویستی بوو پێیان دەگوت (تەیر و حوب) سەرتاپا سپی بوو، لەبەر ئەوە ناوم لێ نابوو سپۆ، هەر بە ساقەسورەیی بەخێوم کرد بوو.

ئای ئەگەر دەردەچووم لە پۆلی هەشتەم بنەڕەتی، ڕەنگە تا ئێستايش سپۆ هەر ما با، هێشتا باوکم قەفەسەکەی بە دیواردا نەکێشابایە سپۆ سەری بەر تێلەکان نەکەوتبایە.

ئەو یادەوەرییە تاڵانە هەناویان خوراندم، بە خێرایی کۆڵیتەکەم بەجێ هێشت تا بگەڕێمە ناندێنەکە، بڵێم دایە، باوکم دیار نەبوو. بەڵام خۆ ئەو نەیگوت بچم بانگی بکەم، هەر خۆم هەستم کرد کاتی نانخواردنەوە و پێویستە بچم بانگی بکەم، درەنگمە و دەبێ بچمە سەر کار با دوا نەکەم. بابە هەموو کات درەنگ دێتە سەر سفرە، خۆ نابێت بێ ئەویش دەست بە نان خوارد بکەین. دەست بە پندەپند دەکات، دەڵێت: ئیهمالتان کردوومە. یان دەڵێت: دەی دەی سبەی دوو سبەی فڕێم دەنە خانەی بەساڵاچووانیش.

پێشتر پندەی نەدەهات، هەر کاتی نانخواردن بایە، بەخێرایی دەبوو لە دەوری سفرەکە کۆ ببینەوە. پێی وا بوو خێزان واتە هەمووان لە دەوری سفرە کۆ ببنەوە. زۆرینەی ئەو ڕۆژانەی لێی داوم دەست پێکردنی قسەکان بەر لە لێدان لەسەر سفرەی نانخواردن بووە.

دەچمە ناندێن و دەبینم کەڵەبابەکە بەدوامدا هاتووە، کشەی لێ دەکەم، بەڵام ناڕوات، کەمێک دوور دەکەوێتەوە و دەگەڕێتەوە. بە کزۆڵی سەیرم دەکات، بەزەیم پێیدا دێتەوە. لەسەر چیچکان دادەنیشم و بانگی دەکەم، دێتە سەر ڕانم هەڵدەنیشێت. هاوسەرەکەم دەنگی دێت، پێ دەچێت تازە لە خەو هەستا بێت. بێت و ئەو کەڵەبابە لێرە ببینێت، بە لینگە نەعل دەیکوژێت. کەڵەبابەکە دەگرم و بە دزی دەیبەمە ژێر پەیژەکان، پەیژەکان نهۆمی خوارەوە کە دایک و باوکم لێی دەژین دەبەستێتەوە بە نهۆمی سەرەوە کەمن و هاوسەرەکەمی لێ دەژین. بەو سەرمای زستانە ئەو داماوە لێرە بێت ڕەق دەبێتەوە! سەیری پێیەکانی دەکەم، لەسەر ئەو کاشيیە ساردە چۆن خۆیان پێ ناگیرێت. قەمسەڵەکەم دادەکەنم و جوان لە کەڵەبابەکەی دەپێچم. سەیری دەکەم پێکەنینم پێی دێت، ئەوە بیر دێتەوە کە لە پۆلی حەوتی بنەڕەتی سەرەتای پاییز، نازانم یەکەم بارانی پاییز بوو یان نا، بەڵام هێشتا دایکم قەمسەڵەی بۆ نەکڕی بووم. کە خۆم حازر دەکرد بچمە مەکتەب، دایکم پێی گووتم: بێ قەمسەڵە ڕەق دەبیتەوە.

باوکم بە جواب هات: هێندەی منی لێهاتووە با قەمسەڵەکەی من لەبەر بکات.

هێندەی ئەوم لێ نەهات بوو، بە گریانەوە لەبەرم کرد، قۆڵەکانی لەسەر پەنجەکانم تێ دەپەڕین، هێندە گەورە بوو بەبەرم ئەگەر ویستبام دەست لە گیرفانم بنێم دەبوو لەسەر چۆکم تا سەر کەمەرم قەمسەڵەکە هەڵ کەم.

دیمەنێکی وای بیر خستبوومەوە کە بە خۆمی ئەو کات پێدەکەنیم.

هاوسەرەکەم بە پەیژەکاندا هاتە خوارەوە و پێی گوتم: چی دەکەیت لەوێ.

– هیچ

من وام گووت، وەک ئەو منداڵەی بە دزی دایکییەوە کەتنێک دەکات.

بیرم کەوتەوە هێشتا بانگی باوکمم نەکردووە، یان دروست تر بڵێم هێشتا نەم دۆزیوەتەوە. لەوەتەی ماڵنشین کراوە، خۆشی نازانێت چی دەکات، ڕۆژێک خوو دەداتە مریشک بەخێو کردن، ڕۆژێک دۆمینە کردن لەگەڵ هاوڕێکانی، ڕۆژێک شەڕ بەدایکم دەفرۆشت و ڕۆژ بەیادەوەرییەکانی.

ئا ڕەنگە ئێستا لەگەڵ هاوڕێکانی خەریکی دۆمینە بێت، شەرمەزاری کردووم، ئاخر بەو تەمەنە کابرا بڵێ چ ئیشت بەو شتانەیە؟ بەڵام چی بکەم؟ ئێستا بچم و دوو قسەی پێ بڵێم، بەر لەوەی دەم بکەمەوە، دەور و بەرەکە قسە دەکەن؛

– ئەها کوڕی پیاوان هات.

– سەیری کە منداڵ تۆ چۆن بووە بە جێی شانازیت و ئێمەيش چمان لێ دەکات.

– دەستت خۆش بێت بۆ خۆت و پەروەردەت.

– منداڵی بە ئەدەب و بە ڕەوشت.

ئیدی منیش لە شەرم ڕادەچم و دەبێت بەخێرایی بە وێ تێپەڕم، هەر بیرم دەچێت کە بە دوای ئەو دا چوومە.

خۆ دەتوانم نەهێڵم ئەوان قسە بکەن، یەکسەر بێمە قسە، بەڵام ئەو کات بابم هەموو پولەکانی دەستیم تێ دەگرێت و دوو شەش لە نیو چاوانمدا دەتۆپێنێت.

– خوێڕی چۆن قسە بە کەسێکی لە خۆت گەورەتر دەبڕی؟

شەرمەزارم دەکات، خۆ ئەگەر دوای قسەکانیشیان بمەوێت قسە بکەم، ناتوانم قسەیەک بکەم دژی قسەی ئەوان بێت، نەکات باوکم تووڕە بێت چی جنێو هەیە پێمی بدات. بیری بچێت منداڵەکەی جاران نیمە و لەناو خەڵکی دەشکێمەوە، ئێستا نووسەرێکی گەورە و گرانم.

نا ناچم بەدوایدا، خۆی دێتەوە، درەنگیش بکەوێت ناچم بەدوایدا، هەر نەهاتەوە تێلێک بۆ بەڕێوەبەرەکەم دەکەم و ئەمڕۆ دەیکەمە پشوو ناچمە سەر کار.

تا بەر دەرگە دەچم بەڵکوو بگەڕێتەوە، نانەکەم بخۆم و بچمە کار،

– ئەی ئەی ئەوە چییە، من تازە تۆم نەبردە ژێر پەیژەکە.

من لەبەر خۆمەوە ئەوە بە کەڵەبابەکە دەڵێم، هاتووەتە دەرەوە و لە حەوشەکە هەڵنیشتووە.

– بە بەلاش نییە هەندێک پێت دەڵێن کەرەباب، ئاخر کەر نە بای لەو جێیە خۆشە نەدەهاتیتە دەرەوە.

بە حەوشەکە دێت و دەچێت، منداڵێک دێت بە دەوری دەخولێتەوە، دەمەوێت ئاگاداری بکەمەوە، تا ئازاری نەدات، هەر زوو پەشیمان دەبمەوە، کە دەبینم زۆر بە جوانیی و بە خۆشەویستی یاری لەگەڵ دەکات. منداڵەکە پشتی لەمنە، سەیری من ناکات، بەڵام کە ڕووی وەردەگێڕێت دەتوانم ڕووخساری ببینم، شێوەی منداڵەکە غەریب نییە، هەر سێزدە ساڵانێک دەبێت، تیشێرتێکی سوور و شۆرتێکی شینی لەبەرە، کەڵەبابەکە بەرەڵا دەکات و کاتێکیش چەند هەنگاوێک دوور دەکەوتێتەوە دووبارە دەیگرێتەوە و دەیهێنیتەوە لای خۆی، بەم شێوەیە یاری لەگەڵ دەکات.  پیاوێک بە گارەگار دێتە دەرەوە، ڕادەچڵەکم، خۆ ئەوە باوکمە، چەند سەیرە چۆن وا گەنج بووەتەوە، دەستی نالەرزێت و پشتی کۆم نە بووەتەوە. بەرەو لای منداڵەکە دەچێت و بەبەر دەمم تێپەڕ دەبێت، پێی دەڵێم: بابە هاتیتەوە؟ لە کوێ بوویت؟

هیچ قسەیەکم لەگەڵ ناکات، دەگاتە لای منداڵەکە و پەلی دەگرێت؛

– نازانی وەختی نان خواردنە؟

وەردەگرژێتە گیانی و بە سۆندە لێی دەدات، دەستێکی منداڵەکەی گرتووە و منداڵەکە دەیەوێت خۆی لەدەستی ڕزگار بکات، بەڵام هەموو سۆندەکان بەر قونی دەکەون، کە بەم شێوەیە دەی بینم بەزەیم پێدا دێتەوە، بە گریانەوە لێی دەپاڕێمەوە: لێی مەدە تخوا لێی مەدە..

کەڵەبابەکە دەگرێت و بانگی دایکم دەکات، داوای لێ دەکات چەقۆیەکی بۆ بهێنێت. دایکم بە ترسەوە چەقۆکەی دەداتە دەستی. هەر لە حەوشەکە لەپێش چاومان کەڵەبابەکە سەر دەبڕێت. بە دایکم دەڵێت: ها  نیوەڕۆ چەلاوێکی کەڵەبابی خۆش لێ بنێ.

بە هەردوو دەستم قونم گرتووە، نازانم لەبەر ئازاری شوێنی ئەو سۆندانە بگریم کە بەرم کەوتووە، یان بۆ سەر بڕینی کەڵەبابەکەم. بە پشتی دەستم لوتم دەسڕم، هاوار دەکەم. ئەمە چییە؟ دەنگم گۆڕاوە، لە دەنگێکی گڕەوە بەرەو دەنگێکی ناسک، داواکارییەکەيشم گۆڕا، لەبری ئەوەی بڵێم: لێی مەدە، لێی مەدە. دەڵێم: مەیکوژە مەیکوژەوە.

پڕ بە دەنگی خۆم هاوار دەکەم، ئەوە من بووم، ئەو منداڵەی کەڵەبابەکەیان سەر بڕی، دەگریەم و هاوار دەکەم، ئاگام لە دەور و بەرم نامێنێت، هاوسەرەکەم باوەشم لێ دەدات، هەوڵ دەدات ئارامم بکاتەوە، سەیر دەکەم نە منداڵەکە لەوێ ماوە و نە بابە، هاوسەرەکەم پێم دەڵێت: بۆ وا لە خۆت دەکەیت ئازیزم؟ هێشتايش چاوەڕێی باوکتی؟