فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

جێ ماچێک بۆ یادگاری 

جێ ماچێک بۆ یادگاری 

عوسمان دەروێش/ نووسەر / کەرکووک

 

چیرۆک پێش گەیشتنی بە دوکانەکە ، هەنگاوەکانی خاوکردەوە و کەمێ لەچکەکەی لەژێر گەردنیا توند کردەوە ، بەشەرمەوە لە دوکاندارەکەی پرسی … هێلکەتان هەیە ؟ ژێیەکانی گەرووی ئەو ناسکە کچە جوانترین سەمفۆنیایاندا بە گوێی مامەی دوکانداردا .. ناسک وەکوو خاوەنەکەی ، جوان ، خۆش ، بزوێنەر . ئەو چەند بڕگەیە ئاوێتەی هەموو جەستەی بوون ، لەوەتەی دوکانی داناوە تا ئەو دەمە ، هیچ کڕیارێک وا سەرنجی ڕانەکێشاوە ، لەگەڵ پرسیارەکەیدا دڵی لە قەفەسی سینگی پەنجا ساڵەی دەرهێنا و دیلی دەستی خۆی کرد . بەچاو تێبڕینەوە وەڵامی دایەوە

.. بەڵێ هێلکەمان هەیە .

ـــ بایی هەزار دینارم دەوێ .

ــ بەچاوان ،

شەش هێلکەی لە ساردکەرەوەکە دەرهێنا لەناو نایلونێکی تەنکی ڕەنگ ئاوی کرد و دەمی بۆ گرێدا .

ــ فەرموو گوڵەکەم . بەنازێکەوە لێی وەرگرت و کەمێ چاوەکانی لەچاوەکانی نقوم کرد …..

سوپاست دەکەم .

لەگەڵ پشت تێکردنی ئەودا بیرو هۆشی وێڵ بوون و بەدوای ئەودا ڕۆیشتن . هەناسەی توند بوو ، خۆزگەی دەخواست کەمێکی دیکەيش لەلای بوایا ، لانی کەم جارێکی تر سەردانی بکاتەوە و ساتێ چاو لەچاوەکانی ببڕێ و گفتوگۆیەکی لەتەکدا بکات . چەندێ بیری خۆی جەڕاند زەینی نەچووە سەری ، ئەو کچە کێیە ؟ خۆ عەیامێکە دوکانی لەو گەڕەکە داناوە ، بە ورد و درشتی خەڵکی ئەو دەڤەرە ئاشنایە ، ئەمە یەکەمین جارە دێت بۆ دوکانەکەم ، تۆ بڵێی تازە هاتبێتە ئێرە و من ئاگەدار نەبم ، یان لەخانووی کرێدابن ….؟ باوەڕناکەم ، خانووی چۆڵ لەم گەڕەکە نيیە ، هەمووی خاوەنی خۆی تیایەتی ، ئەی ئەم پەرییە لەکوێوە هات ، لەئاسمانەوە دابەزیوە ، ؟ بەدڵنییایەوە میوانە و لەیەکێ لە ماڵانەدایە . بۆچوونی دووەمی بوو ، میوانی ماڵی خوشکێکی بوو لە کۆڵانی پشتەوەیان . لەناو گێژاوی بیرکردنەوەدا بوو ، گرفتاری سۆز و ئەوینی بوو ، ئەگەر پێی شەرم نەبوایا دەکەوتە دووی تا شوێنی دەدۆزیەوە . لەسەر کورسیەکەی دانیشت و قامکی شایەتی خستە سەر مێشکی ، لە ئەفسونی جادوکەرانەی ڕامابوو … ئەی خوایە بەم تەمەنەوە چۆن گرفتاری ئەڤینی کچۆڵەیەکی وات کردم . ئەمەی لەبەر خۆیەوە وت و دیسانەوە کچە خوێن شرینەکە هاتەوە ، ئەمجارە لەچکەکەی توند نەکردەوە و شەرمی لە ڕووخساری دوکاندارەکە نەکرد ، لەگەڵ سڵاوکردندا … لەناوەندی دوکانەکە گیرسایەوە ، چاوی بەسەر کەل و پەلی ناو دوکانەکەدا گێڕا ، بێئەوەی بیانکڕێت لە نرخی چەند شتێکی پرسی . هەستی بە شڵەژان و پەشێوی دوکاندارەکە کرد بوو ، نیازی دڵی خوێند بۆوە ، زانی تووشی ئەڤینێکی لەناکاوی کردووە ، هێندەی تر نازی بەسەردا باراند و خستیيە داوی خۆیەوە . چەند جارێک بۆ هەڵگرتنی شت و مەک بەرەو ڕووی نەوییەوە ، هەردوو مەمکۆڵەی توندی لەیەخەی ماکسیيە شینەکەیەوە بەدەرکەوتن ، بەهەر نیگایەکی چاوەڕەشە گەورەکانی زیاتر مامەی دوکانداری لە خشتە دەبرد . وەک پەیکەرێک وشک و بێدەنگ بەدیاریيەوە وەستابوو ، سەرنجی باڵاو جەستەی ناسکی دەدا ، بەزیانی دەزانی بۆ چرکەیەکیش چاوی لەسەر هەڵگرێت ، دەویست نزیک بێتەوە لێی و پێی بڵێ … تۆ خەڵکی کوێت ، یان لەماڵی کێ میوانیت ؟؟ زمانی گۆی نەئەکرد ، لەوەيش دەترسا کچەکە هەڵشاخێ پێی و لەناو گەڕەکەکەدا ئابرووی ببات . نتقی لەخۆ بڕی بوو ، جگە لەسەرنجدان هیچی نەوت ، خەمی ئەويەشی لەدڵدا بوو لەپاش ڕۆیشتنی دیسانەوە مۆتەکەی خەم و پەژارە سواری کۆڵی ببنەوە . کچۆڵەی خوێن شیرین هیچ باکی لە دڵی ئەو نەبوو … چەند پەشێوە ، تا دەهات زیاتر نازی پێ دەفرۆشت ، تا ئەوکاتەيش کەسێکی تر وەک مامەی دوکاندار گرفتای نەببوو ، ئەویش بێئەوەی تامەزرۆی کەسێکی وابێت ، ئەوینێک لەدڵیا چەکەرەی کرد ، هەستی بەسۆزێکی سیحراوی کرد بەرانبەر بە ئەو پیاوە ،بەهێمنی عەشقی دزەی کردە ژووری دڵە بچکۆڵانەکەی ، هەرچەندە جیاوازی تەمەنیان زیاتر لە سی ساڵ دەبوو ، بەڵام عەشق و ئەوین سنوور بۆ تەمەن دانانێت . ئەڵقەی ئەو ترسەی پساند و بەجورئەت و بوێرانە پێی وت ..

شتەکانیشت وەکو خۆت جوانن ، نازانم سەیری کامیان بکەم ؟

ــ نەخێر شتەکانی من جوان نین ، بەڵکو ڕەنگی جوانی تۆیان لێنیشتووە ، تۆ سەیریان دەکەیت بۆیە ئەوانیش جوان بونەتەوە .

بەبزەیەکی نەرم لێوە گۆشتنەکانی ڕەواندەوە ، دوو ڕیز ددانی وەکوو بەفر لەودیوی جووتەلێوێکی لەگوڵی هەنار ئاڵتر بەدەرکەوتن ، بە ئەنگوستی ئەو چەند تاڵە پەرچەمەی لەسەر چاوی لابرد ..

ـــ تا ئێستا هیچ کوڕێکی هاوتەمەنی خۆم بەم شێوەیە نەیدواندوم .. تۆ بڵێی ئەوەندە جوانبم ؟؟

ــ بەدڵنیایەوە دەڵێم جوانی ، جا ئەوانەی هاوتەمەنی تۆن چوزانن جوان و ناشیرین لێک جیا بکەنەوە ، ئێمەمانان ئەزموونمان هەیە .

ــ من وەکوو خۆم پیاوی کامڵم خۆشدەوێ ، حەز بە هەرزە و گەنج ناکەم ، بەتایبەتی تۆم خۆشدەوێ ، بەم چەند چرکەیە هۆگرت بووم ، حەزدەکەم بۆ هەتایە لەگەڵتا بژیم .

ــ ئەمە چی خەونێکە … بۆ من حەزم لێی نیە ؟ ئایا کەس و کار و باوک و برات قایل دەبن مێرد بە پیاوێکی بەتەمەن و خاوەن ژن و منداڵ بکەیت ، ئایا ئەو خەونە دێتە دی ؟؟

ــ سوور دەزانم نایەتە دی ، بەڵام زۆر ئارەزوومە . مامەی دوکاندار لە سوچێکی دوکانەکەی ڕاوەستا و بانگی لێکرد …

منیش دەزانم شتی وا نابێت ، بەڵام دەتوانی یادگاریەکم بۆ بەجێ بێڵی تا کۆتایی تەمەنم یادت بکەمەوە . ـــ ئەو یادگاریە چیە ؟

ماچێکە لەو لێوە گۆشتنانەت . دوور لەچاوی خەڵکی تا تینی تیا بوو هەنگ ئاسا شیلەی هەڵاڵەی گوڵی لێوەکانی مژی . شیرینی ئەو ماچە بوو بە یادگارییەک تەنها ئەو یادگاریەيشی بۆ مایەوە ، جارێکی تر ئەو ناسکە کچەی نەبینیەوە .