نامەیەک بنوسە
ئەوەر عەباسی ( ھەرەس )/ شاعیر / سوید
ئەگەرچی ئیتر
کۆترەکان سەختی ئێمەمانان نەماون
نامەیەک بنوسە
بەڵام نامە
با بۆنی خۆتی پێوە بێت
با پەنجەم پێش چاوم بیبینێت
ئەگەرچی ئیتر پێنوسەکان
ساڵانێکە رەوا نابینرێن بە سێکوچکەی نوسین
نامەیەک بنوسە
کە کۆتاییەکەی سەرەتاتر بێت
لە نەورۆزی دووگیان
من ئەبێ ئاگادار بم
من ئەبێ بزانم چۆن سرتە لەگەڵ خەو دەکەی
کە هەر دەمبینێ خۆی گێل دەکات؟
چۆن لەگەڵ گوڵاڵە گەزیزە ئەدوێی
کە لە خۆی دەرناچێ و لە من با؟
چۆن بۆڵە ترێیەک بە بەرچاوی خۆرەوە لێئەکەیتەوە و
دنیا خاپوور نابێ؟
نامەیەک بنوسە
تۆ ئەبێ وڵامێکت هەبێ بۆ چاوەکانی ئێوارە
کە هێشتا خوێنییان لێدەچۆڕێ
ئەبێ خەمێکت لە گوڵدانەکان خواردبێ
کە ئەگەر عاشقێک مرد بێناز نەکەون
ئەبێ شەقام دڵنیا کەیتەوە
کە پیاسەت لە بیرگەی هەنگاوەکانت نەسڕیوەتەوە
– لە بیرمە کاتێک ئەهاتی شەقام باڵای ئەکرد/ نەمامەکان باڵییان دەگرتەوە/ شار ئەشڵەژا / دیوارەکان ئەوروژان و سێو بە دەم پێکەنینەوە پێئەگەشت –
من هێشتا گوڵەکانی قاڵی ئەدوێنم
ئەوان پییان وایە
سەرییان باداوە لە فەرمانی ئاو
هێشتا باوەڕییان بە سیمان پتەوە و لە غەزەبی بنمیچ دەترسن
وەکوو جاران
بەیانییان نان و رووناکی دەخۆم و
چیرۆکی کۆن ئەخوێنمەوە
هەموو جارێک بە هەتاو ئەڵێم:
شتێک لە دڵی رووداوێکدا حەشار دراوە
کە لە بیرەوەری گیرفانی زەمانیشدا نییە
نامەیەک بنوسە
من باشم
هەر ئەوەندە نەبێ
کە سێبەرەکەم ئەیتر ناتوانێ لەگەڵم بێت
شتێکیتر رووینەداوە
نامەیەک بنوسە
بەڵام نامە
با پەنجەکانم پێش چاوم بیبینن
نامەیەک بنوسە

