فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

کاتژمێر 7:10

کاتژمێر(7:10)

شیعری/هێرش عەبدولوەهاب حاجی/ شاعیر/ هەولێر

ئەمە
هەڵوەرینی تەمەن نەبوو٠٠
کە پاییز هات
ویستی سووڕی خۆی تەواو بکات ; بەڵام
مانگ لەوێ نەبوو
هەر ئەو شەوە بوو
بڕیاریدا زەمەن بوەستێنێ
هەتا
هەواڵی منت بۆ دێنێ
تۆش لەم ناوە
هیچ سۆراغێکت نەبوو٠٠
کچی خۆر
بۆ بڕیارتدا بڕۆی؟
خۆ
زەمەن
لەم کاتەدا وەستابوو
هێشتا ئەوین
لە سەرەتا چرکە ساتەکانیا بوو٠٠
ئەتۆ دەبووا
لەو شوێنەدا بووبای
چونکە ئەوێ
جێژوانی ئێمە بوو٠٠
سەعات٠٠٠
زەنگی کاتژمێر(6:00)ی لێدا
تۆ نەهاتی ، هەواڵت نەبوو
لە کاتژمێر(7:10)خولەکدا
ژیانی نوێی تۆ دەستی پێکرد
لای منیش
گەڵای عیشق هەڵوەری و
ژیان تەواو بوو٠