بێ دەنگی بەڵای زمانە
ئەنوەر حسێن (بازگر)/ نووسەر/ سلێمانی
ئەگەر سکوتی من، مانای قەدەری ڕازيبوونە ئەوە بزانە، چرپە لە هاوار کاریگەرترە ئەگەر بێ دەنگی من، مانای قبوڵکردنە ئەوە بزانە، ژانی سرکم، لە ناڵە ناڵ بە ئازارترە ئەگەر نوزەم دێ و خۆم لە بەر خۆمەوە دەخۆمەوە ئەوە بزانە، قورگم پڕ لە هەنسکی تاساوی گریاوترە ئەگەر بە ژانی بێ دەنگی، هەزار ناسۆر و برینم هەڵگرتوە ئەوە بزانە، ئازارەکانم بە سکوتی، لە سەد ژان ژانگرتوترە ئەگەر چاوەکانم، هەزار ڕاز و ڕەمزی توڕەيی بێ دەنگی پێکەوەبوونی، تێچزاوە ئەوە بزانە، نیگا ئەنجن ئەنجکراوەکانم، لە سەد ئاماژە زیاتر، مانای جوانی هەڵگرتوە ئەگەر شەو، بەو هەموو گلەییەوە، بەبێ دەنگی تاریکی لە ناخی خۆیدا مەڵاس داوە ئەوە بزانە، زایەڵەی تاساوی حەسرەتی تاریکی بەربەیانە، بە تامەزرۆییەوە خۆری لەگەڵ خۆی داگرتوە ئەگەر زمستانی شەختە، بە بەدبەختی گوڵ ناوی دەرکردوە ئەوە بزانە، شەقایق بە مەیلی بەهار، لەناو دڵی بەفر گوڵی گرتوە ئەگەر بێ دەنگى، بە بەڵاى دڵ و زمان ناوى ڕۆيشتوە نيگا و ئيشارەكانى، ڕەمز و ڕازى سەرم باش گەيشتوە ئەگەر ئازار لە ناو دڵی پڕ حەسرەتی خوێنينم، نرکە و هاوار و بۆسۆى دێت دە پێم بڵێ، چۆن چۆنی، ئەو هەموو ساڵە، بە بێ هاوار، بەرگەی ژانی تۆی گرتوە……؟
ئەگەر دوری، نیشانەی کۆتایی ڕاز و ڕەمزی، سەرمەدى ئەوینیت بێت ئەی بۆچی، ئەو هەموو ساڵە، دڵ وادەزانێ نزیکی و بە سکوتی دەسوتێ بۆت و بەرگەی زامى تۆی گرتوە…..؟ ئەگەر قەرارە گۆڕستان، کۆتا حیکایەتی ژیانی ئازيزان بێت کە لە چاو ونبون ئەی بۆچی شیعر و گۆرانیان بۆ دەڵێين و وەک سۆما لە چاواندا هەڵمانگرتوە…….؟
ئەگەر شار و شەقام تەرک دەکەین، بۆ مەنزڵ و پەسێوى سەرپەناى پڕ لە يادگارى ڕێ دەكەين ئەی بۆچی ڕەنگ و بۆی باران، وەک عەتری سەوسەن، هەموو خانە و ماڵ و گوڵ و بادە و كتێب و وێنەكانى دەوروبەرمی بۆنکردوە….؟ ئەگەر وادەزانم، بادە و شەراب، دەردەسەری پڕ ژانی ڕۆژگارێكى بێ تۆییم بۆ هەتوان دەکات و دەمخاتە سوچێكى گومانەوە بۆچی هەموویم تاقیکردەوە، لە جیاتی بەدمەستی، خەیاڵی منی بۆ مەستى نيگاكانى تۆ مەستكردوە؟
ئەگەر وا خۆم دەرئەخەم، سکوتم و لە خەیاڵم بە سادەیی دەرمکردوی بۆچی بێ یادگاری و عیشق و خەیاڵی تۆ، لەم دۆزەخە ئارامم گرتوە…….؟ سکوتی ئاسمان، هەزار ساڵە باوەشی موحییبەتی پڕ نوری، بۆ ئەستێرە و باران و هەور کردۆتەوە بۆچى لە ئاسمان میهرەبانترم کەچی، لە تاریکی بێ زوڵمەتى تۆ، واش لە کەنار ئارامم گرتوە……..؟ گوڵەبەرۆژە بەو هەموو حەسرەتەوە سەری نەویە و سوژدە بۆ نوری خۆری مەعشوقی دەبات بۆچی تۆ کە کەعبەی ئیمانی منی، لە سایەتدا هەزار بەدبەختیت بەنسیبی ئەم بەختەى من کردوە………؟
باز، بەوەفا و عیشقەوە، لە سەر دوندی چاوەڕوانی، بە هەزار ئازارەوە، چاو لە یار غافڵ ناکات بۆچی هام بە شوێن میراتی بازەوە، هەر لە دەوری نیگاتم، بەردەوام وێڵم بە دواتدا، كەچى خۆتت لێم ونکردوە……؟ بەهاران گوڵ و شەونمی سەحەریى و پەڕەزە و گوێزى هەورامانت بۆ دەچنم و پایز گەڵای زیز و پەلکە زێرینەت بۆ ڕام دەکەم بۆچی وەك زستان فرێم دەدەیتە دەست ڕەشەباى قەدەر و هاوینانيش ڕووت و ڕەجاڵ بێ سایەت منت لە قرچەی گەرما و سوتان ڕاگرتوە…….؟ من چيم دەویست، جیا لە بۆنی هەناسەی جاویدانیت و تامەزرۆيى بۆ ئەم کاولاشە بێ موحيبەتەى تەمەنێك زايەڵەم دێت بە دەست ئاهــ و فوغانتەوە، تا ئەو کاتەش بە ئارامی هەواڵی منت پێ دەگات لە گۆرستان جێم گرتوە ئەگەر جانتاى سەفەرى سيخناخنكراوم، پڕيەتى لە بۆن و بەرامە و غەدرى دڵڕەقيت خەريكم پارچەكانى ئاوێنەى شكاوى دڵم بە سەرابێك گرێبدەم، بۆنى خنكانى لێدێت، كە نوزە و هەناسەت لێگرتوە ئەگەر كتێبەكانم نيشانەى گێليمە، حيكايەت و چيرۆكە بێ سەمەرەكانى تۆ، سەرچاوەى دڵشكانمە، چيان لێ بكەم…..؟
ئاخر، هەموو وشە و دێڕێكى پڕ لە حەسرەت، تۆزى بێ باوەڕى تۆيان لەسەر نيشتوە و واش لە باوەشم گرتوە. كە پايز دێ، وەك هەتيوێ ڕووت و ڕەجاڵ، لەبەر سەرماى تۆڵە و ڕقت، ڕەگى دڵمى لە خاكى جێماوى بێ وەفايت هەڵكەندوە كە چەند ساڵە وەكو زێوان، ئاوێزانى ئاوەدانى و پاسەوانى قەد و باڵاى لاسك سەوزێ بووم، كەچى هەموو ڕەنجم وەكو فەرهاد بەباچوە سەدان شيعرم لەناو ڕەزى ڕەشى ترێ و ڕيحانەى دێراو و نەغمەى قومرى و مەلى ئامين، لە بۆت ڕيز كردوە كەچى وەكو پوش و پەڵاشى يادگارييەكان، فڕێتداون، وەك گەڵاى زيزى زيوينى پايزى بەختى من، شيعرەكانيشت زيز كردوە ئەو هەموو گۆرانى و سەمفۆنيايە، كە نەغمەى پاسارى سەر درەختى ماڵى دايكم و خەتمى نيوە شەوى، ڕەنجى وەلى دێوانەم بۆ چێشتوە بە دەست بێ موحبەتى تۆ، كە لە نەغمەى كەمان ناگەيت و تامى ئاوازى حەسرەت ناكەيت، هەر وەكو شەم، گوێچكەى فەرامۆشيت كەڕ كردوە هێندە تاساوم، وەك بەردى جێماوى ناو ڕووبارێ، وەكو تەمى دواى بارانێ، وەكو شەپۆلى دواى تۆفانێ، وەكو سكوت و تەزينى دواى دابڕانێ بەڵام ئالودەبوونى تۆ دەمكاتە، ئەڵماسى ناخى زەرياكان، ڕەنگ و ڕومى وەك فريشتە و قەوز و قەزەحى زەرد و سور پەڕ پەڕ كردوە سكوتى من، گەر ماناى ڕازيبوونە بە چارەنووسى نەڕۆيشتن و بەهانەى لەلات مانەوە،
بنە و بارەگام لێخستوە هەموو هاوار و قيژەكانم سپارد بە ناخى تاساوى گۆڕستانم، بە خاترى تۆ، شەمع و مۆمێكى جاويدانى پڕ نورم سەر لە نوێ هەڵكردوە ئەگەر عیشقمان لە چاواندا وەک لاسکی ڕێواسی ناو خاکی وەرزی زستان بۆ بەهاری سەوزی ژیانەوە هەڵگرتوە بۆچی وەکو تیشکی خۆرەتاوی هاوینانەی بێ بەزەیی ئەم دڵە ناسکە بەدبەختەی منت بە دەردی تاشە سەهۆڵی زستان شکاند و لەت لەتت کردوە گەر بێ دەنگم زۆر جار لە بەردەمدا چاوم هەزار خۆزگەی پڕ سکوتی موحیبەتی هەڵگرتوە ئەترسم ئەوەی نەموتوە بیڵێم و دڵت بەرگەی ئەو هەموو غەدر و دڵشکان بێ وەفاییە نەگرێ کە وەک شێرپەنجە عەقڵ و دڵمی داگرتوە حیکایەتی بێ وەفایت کە سواڵی وەفا و گەرمی هەستەکانتم دەکرد پاش گەردەلولی گەڕانەوت بۆچی وا خۆت نیشاندا کە گومانی منە لە ئامێزى میهرەبانی تێناگا کەچی وەکو شەیتان هەزار جێ پەنجەی فێڵ و خیانەتت لە ماڵ و مەنزڵت جێهێشتوە بۆچی باوەڕ ناکەی بەو ڕاز و ڕەمزەی هەموو ئێوارەیەک وەکو باران دەڕژێتە ژێر نیگای ساردی بێ بەزەیتەوە پێتوایە کەمم وتوە بە قەد مەجنونی سەرگەردان و فەرهادی ڕەنج بە باچوو بەردوام خەم و دوری تۆم نەچێشتوە؟
با ڕێگای دوریش ببڕی و باران هەموو گیانت بشواتەوە ڕێگا بە هەنگاو زیندوە، بۆ ئەو نیازەی لە خەیاڵتا ئاگری گرتوە بۆچی ئەوە نابینی بەو زستانە تەڕ و توشە دەستی گەرمی میهرەبانیم، دڵ و دەستی ساردی غەدرلێکراوی ئەو هەموو ساڵەی بە زەمەنێکی کورت بۆت قەرەبوو کردوە
12/11/2022 پاریس

