فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

چرکەکانی تەنیایی

(چرکەکانی تەنیایی )

وریا جەلیزادە/ شاعیر /  ھەولێر

1
شەوان
دەیان ژن دێنە فەیسبووکی دڵمەوە
کەخۆر هەڵدێ
نەمن ئەوان دەناسمەوەو
نە ئەوان من
خەون
2
شەوان
بەقەد عاشقانی شار عاشقم
ترپەی دڵم توند لێدەدا
بەبێ ئەوەی ژنێکی تێدابێ
خەیاڵ
3
شەوان
چڕنووک دەگرێ لەسەرم
دەیەوێ بێتە ناو مێشکم
تا چرای شیعرم خامۆش بکا
شەمشەمەکوێرە
4
شەوان
لەوێنەی ژنێک
شێتانە ماچم دەکا ، ماچی ژەهر
دووپشک
5
شەوان
بەفێڵی فڕین بۆ ئاسمان
فریوم دەدا بۆ بەهەشت
سەرم کون دەکا
بەحەی .. حەی و حەی اللە
دەروێشێک
6
شەوان
چک..چک..چک
بەرەوپیریم دەبا
هەڵمدەگرێ بۆمردن
میلی کاتژمێر
7
شەوان
لەژوورە شێدارەکەم ناهێلێ بخەوم
توند لەباوەشم دەگرێ
ژنێک نا
جارجاڵۆکە
8
شەوان
تەنیا ژنێک دەسگیرانمە
تا دەخەوم
چاوم لەسەر هەڵناگرێ
بنمیچ
9
شەوان
منداڵ دەبمەوە
توند توند لەئامێزی دەگرم
لەترسی شەولەبان
لێفەکەم
10
شەوان
دەرگای ژوورەکەم دادەخەم
کاتێ کتێبێک دەخوێنمەوە ، قاچاغ
نەکا لەپڕ بێتە ژوورێ
هاوسەرەکەم
٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭