١١ پەنجەرەی ڕەنگاوڕەنگ
جەمال حەمید/ شاعیر/ دەربەندیخان
دیوانێک شیعرم بۆ نووسی
بە هانای دڵمەوە نەهات
دامە دەست خواوەندی شیعر
خۆی سزای دڵڕەقی بدات!
١
باڵندە سەروەختی فڕین
لە ئاسماندا ڕادەوەستێ
کاتێک دەنگی ” ئەو” دەبیستێ!
٢
ئەگەر
تەونی جاڵجاڵۆکەی مردن
نەئاڵێ لە قاچم
سبەینێ
بە هیوای ماچم!
٣
دەرگەی دڵم لەسەرپشتە
بۆ ئەڤینێک
کە کلیلی
بەختەوەریمی لە مشتە!
٤
زەوی لە سوڕان دەوەستێ
کە دڵدارێک
دڵبەرەکەی ڕادەمووسێ!
٥
دوو شت
زۆر لە ناکاودا دێن
مەرگ و ئەوین!
٦
ژیان گەمەیەکی خۆشە
گەر منداڵی چەتوونی مەرگ
لە ناکاو لێمان تێک نەدا!
٧
هەتا درەختێک دڵی لێ بدا
هەتا باڵندە لە شەققەی باڵ دا
منیش هەر بۆ ” ئەو” دڵم لێ دەدا
٨
چوکلێتەنامەی هەواڵێک
زارم پڕ دەکات لە هەنگوین
ژیان گەلێک بێ مانایە
ئەگەر بژین بە بێ ئەوین!
٩
کە لە مانگی بەفرانباردا
جار جار ئاسمان هەڵدەوەرێ
لە نێو کولوە بەفرەکاندا
بۆ سیمای ونبووم دەگەڕێ!
١٠
ئەو بزرە لێم
بەڵام لەرەی
سیمفۆنیایی دەنگی پڕ سۆزی
لە هەر کوێ بێ
دەڕژێتە گوێم!
١١
چی لە ئەوە دژوارترە
کاتێک لە سەفەر دێیتەوە
نە کەس چاوت بۆ دەگێڕێ
نە کەس دێت بە پیریتەوە!
29ی فێبریوەری 2024

