شیعر
مەجید ھەرشەمی/ شاعیر / ھەولێر
خەمەکان بێ کۆتایین
بەڵام تۆ
خەمەکانت
هاوسەفەرتن
لەدوا قۆناغ لەگەڵ خۆتدا ڕێک دەمرن
ئاسمان لەخەمی ئەستێرەکانیەتی
کە زۆر بوونە
دەبێ خوڵگەیتریان بۆ چێبکا
نەوەک لە ڕاکە ڕاکەی شەو و ڕۆژیان
خۆیان لەیەک بدەن
لەخەمی کشان و فراوان بوونە
دەریاش خەمی کوێربونەوەی کانیلەکانیەتی
نەوەک کەنار قاچی هەڵکاو
پەری دەریا بە ڕووتی بۆخۆی ببا
هەر خەریکی شەپۆڵ و هەڵچونە
منییش
تەنگە دڵم وەک شوێنەکەم
لەهەر شوێنێ دەڕوانم
دیوارێکی بەرزە
یا پەرژینە
ئاسمانی سەریشم هەریەک ڕەنگە
ئەویش شینە
ئەو دڵە بچوکەم
عەمبارێکی بێ بنە
خەم لای ئیمە
برسیەتی، تێنویی، ترس، حەز و لە دەست چونە
حافز گوتەنی
ئەو سینە تەنگەی تۆو ئەو داخ و خەمەی من
هەیهوو چ لەیەک چونە!

