تا پێچاو پێچی سریالیست باران !
ڕۆژ ھەڵەبجەیی/ شاعیر / سلێمانی
(1)
باڵندەیەک دەکەمەوە،
تا باران ،
خەیاڵدانم بەردی تێچووە ،
تەنگم بە باڵندە
دەرگایەک تا باران،
لە چاوەڕوانیا داکوتان !
(2)
هەڵمبکەنە تا بە شیعردا بڕۆم ،
چیایەک لە مندا دائەنیشێت ،
فڕینێک دەچنم،
هەڵۆیەک کرێ نشین !
(3)
لەچکەکەم پڕە لە درەخت،
ئەوەندە نوێژم ناشت،
ئاو چەترێکی پێکا لە فوارە
لەچک ، نوێژ ، چەتر
سێگۆشەیەک تەزبێح،
موناجاتێک لە چاوما،
زیکرو تەهلیلە !
(4)
چیمەنێک دەناسم دراوسێمە،
دوو هەنگاو سەوزایی،
پێڵاوی لێ دەڕژێ
بە کۆڵانەکانی تەنیشتم دەڵێم/
لە نوچێکدا ڕێگایەک بوەرێنە،
تا ڕۆشتنی چۆلەکەیەک،
چینەیەک لە چیمەن !
(5)
لەم دەرگایە دامگرە،
با خەیاڵم بکەمە بەرت
گرێیەک لەولاتر بکەرەوە ،
تا قیامەت ڕۆشتووم لە گۆچانێکا،
بیرچوونەوەت توحفەترین باران !
(6)
ئەم پاییزە هەڵکە،
من پێچاو پێچ سریالیستم ،
تا سەرما بوونی باران،
جانتاکەت بخەرە چاوی قفڵێک،
هێشتا پەنجەرەیەک ماوە ڕابکا،
هەور مەکوژە، غەزەل پەشموردە،
تەنزیک ئەی شێخ ڕەزا !
(7)
ئاوەدانیم ئێش دەکا،
چۆڵییەکم پیا بدە
لە وەسێتی دەستەکانما دادەنیشم،
ئەوەندە سەرماوەرزم چەشت،
جلەکانم گریاوە،
ئەمە زەنگێکە زستان !
(8)
مۆمێک وەنەوز ئەدا ،
تا شەو پیاسە بکات..
کەمێک نوقتە ئاوڕشێنکە،
تا شەو نوقتەکانی داکەنێت،
تا فوارەی ئیشراقت ،
هەڵدەمە جۆگەلەی دێڕێک
(9)
خەریکە پێچ دەکەمەوە بۆ کلاسیک،
جادەی ئەم هزرە درزی تێکەوتووە،
ڕۆمانسییانە تێکەڵی غەزەلتم…
ببورە مۆدێرنە !
(10)
هەڵەبجە دەگەڕێتەوە،
لە سەبەتەکەدا هەنار پێدەکەنێت،
گریان گوزەشت،
تکایە لەبەرمکە ، مردن تەنگە بۆ بەرم !
(11)
دەمەوێت بە ماسییەکدا تێپەڕم،
تا ئاو بگرم،
بە کەشتییەک بڵێم /ئێستا چەندی بارانە،
لە دەریا ؟
کە باران دانیشت بێ جووڵە،
کەشتی دادەنیشێت لە مردنا !
(12)
بڕێک مناڵی ملوانکەیەکە،
لە گەردنما جریواندن،
بە حەوسەڵەم وتووە
ئەگەر مناڵی دانەکوتی لە دڵدا ،
گەورەیی لە کاتژمێرا سفری دادەخا !
(13)
سێو لە گازێکدا پێگەیشتن ،
نوقتەیەک گریان کرم کرماندی ،
ئەگەر کرم نەدەبوو ،
هیچ پارکێک پێنەدەکەنی
(14)
گریانێکم بۆ قاژ بکە،
تا فێرت بکەم خەم لە مندا کەوتووە،
جادەم لێ مەڕژێنە،
من دنیام پێوە نەماوە
(15)
من دەمێکە زەینم قەپاتکردووە ،
نەمزانی تۆ دەپشکوێی لە خەیاڵدانم ،
نالەبار تۆ درەخت بووی،
منت گرتووە !
12/11/2024