فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

کوێ کۆتایی جەنگە!

کوێ کۆتایی جەنگە!

نوری بێخاڵی/ شاعیر/ ڕواندز

 

جەنگ درۆی گەورەی سەرۆکەکان و
هاوار و هوتافی فەرماندەکانە
تا هاوڕێکانت نەکوژرێن و بە تەنیا نەمێنیتەوە،
لەو ڕاستییە ناگەیت

دەمامکی درۆی جەنگ،
لەناو تەنیایی و ترسی خۆتدا دەکەوێت
ئەو کاتەی هەر خۆت دەمێنیتەوە و
درۆ بۆ خۆت دەکەیت

بێدار دەبیتەوە و تێدەگەیت،
نیشتمانی چی
هاوڕێ و هاوسەنگەری چی
دەبێ لەپێناوی خۆتدا بجەنگیت و
لەبەر دڵی دایکت،
نابێت بمریت

نە سەرۆک
نە فەرماندە
لە بەرەی پێشەوەی جەنگ
لە سەنگەر و بۆسە
لە هێرش و هەڵمەت
لە شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوەدا نین
تەنیا خۆتی و بەس

سەرۆک نا،
(سێبەر)ی
فەرماندە نا،
(فریو)ی لەوێیە
لە شوێنکاتی جەنگدا

جەنگ فێرت دەکات
ڕاستگۆترین سەرۆک،
درۆزنترینیانە
ئازاترین فەرماندە،
ترسنۆکترینیانە و
باشترین جەنگاوەر ئەوەیە،
زۆرتر دەترسێ و
کەمتر ئازایە

جەنگ فێرت دەکات
چانسی مانەوەت،
پێکرانی هاوسەنگەرەکەی تەنیشتت،
یان ئەوەی پێش خۆتە

جەنگ چاوەڕوانییەکی کوشندەیە
چاوەڕوانیی:
کوشتنی کەسێک
کوژران بە دەستی کەسێک
کەوتن بەسەر بۆسەیەک

جەنگ چاوەڕوانییەکی تاقەتپڕووکێنە
چاوەڕوانیی:
پشوودانێکی کورت
خواردنی ژەمێکی تر
دەرفەتێکی دیکەی نەمردن

جەنگ چاوەڕوانییەکی بێهوودەیە
چاوەڕوانیی:
شکاندنی سەرخەوێکی تر
بینینی خەونێکی نوێ و
کردنەوەی بەیانیی ڕۆژێکی تازە

لە جەنگدا ڕاست و هەڵە جوێ ناکرێنەوە
شەو و ڕۆژ تێکەڵ دەبن و
تاریکی و ڕووناکی لە یەکدا ون

جەنگ یەک دڵنیاییت دەداتێ
کەس وەک خۆی و
لەسەر سروشتی ڕەسەنی نامێنێتەوە
هیچ کەس
هەمووان دەگۆڕێن

لە جەنگدا پاساوی فریوخواردنت دەدەیتەوە
بەرگری لە درۆی نیشتمان دەکەیت
نەک لە مرۆڤبوون

جەنگ مرۆڤ دەکاتە دڕندە
لە خراپە و
گوناە و
تاوان زیاتر،
فێری هیچی تری ناکات

جەنگاوەر دڵ بە کەس نادات و
گوستیلەی ئومێد ناخاتە پەنجەی
ئەو دەزانێت،
لە جەنگدا خوێن و خار و خەزان هەیە
خەون و خۆزگە و خۆشەویستی نا

ئەو دەزانێت،
ڕێگای جەنگ درێژە
هیچ ئۆتۆمبێلێک ناگاتە کۆتاییەکەی و
هیچ شەمەندەفەرێک ئەوسەری نابڕێت

ئەو دەزانێت،
ئۆتۆمبێلە سەربازییەکان،
کە لە ڕێی بەرەو جەنگدا پڕن لە ژیان
لەوسەرەوە، بە باری مردن دەگەڕێنەوە

جەنگ تا بە تەمەنتر بێت،
سەربازەکانی گەنجتر
قوربانییەکانی زۆرتر
برسییەکانی زیاتر
کاروانی کۆچەکانی درێژتر دەبن

لە جەنگدا نۆرەی مردنی هەمووان دێت
لە بەرەی پێشەوە بن یان دواوە
لە سەنگەر بن یان بۆسە
لە ڕیزی نان بن یا ڕێی سەرهەڵگرتن

براوەی یەکەم و کۆتاییی جەنگ،
مێش و مەگەز
قەل و داڵن

جەنگ قەسابخانەیەکی گەورەیە
کۆتاییەکەی ئەوەیە بمریت

جەنگ پرسیاری مردن نا،
هی چۆنیەتیی مردنە
چۆن دەمریت؟

فڵان ڕۆژ و هەفتە،
فیسار مانگ و ساڵ کۆتایی جەنگ نین
جەنگ لەو شوێنەدا کۆتایی دێت،
کە تێیدا دەستی پێ کردووە
لەناو مێشکی بۆگەن و
میزاجی نەخۆشی سەرۆکدا!