فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

شیبای هه‌ناسه‌

شیبای هه‌ناسه‌

ستار ئەحمەد/ شاعیر/ کەرکووک

نمه‌ی ئه‌شكێك بینی گرتووم

دڵم چه‌شنی پارچه‌ هه‌ورێ‌

دیده‌ی ئاسمان ده‌گرێنێ‌ و

هه‌نگاوی كۆچت هه‌ڵده‌گرێ‌

…………………………….

شیبای هه‌ناسه‌ت ده‌مگاتێ‌

به‌رامه‌ی عه‌شق ده‌مهه‌ژێنێ‌

ئه‌ستێره‌یه‌ك نایه‌ته‌ لام

هه‌واڵێكتم بۆ بهێنێ‌

……………………..

له‌تارمایی ژووره‌كه‌ما

نیگات روانگه‌م لێڵ ده‌كا

وشه‌ی ناخم ده‌توێته‌وه‌

ماچی لاپه‌ڕه‌و هێڵ ده‌كا

…………………….

ده‌بمه‌ شیعرو داده‌مركێم

تیله‌ی نازت نامدوێنێ‌

كۆرپه‌ی ناخم له‌دار ده‌ده‌ی

دووریت جه‌رگم ده‌سووتێنێ‌

……………………………..

رووت وه‌رگێڕاو به‌جێت هێڵام

له‌ده‌روونت به‌ده‌رتنام

بۆ نه‌تزانی من به‌بێ‌ تۆ

شاعیرێكی نامۆو ته‌نهام

……………………….

ئه‌مێستاكه‌ش به‌خه‌مباری

كه‌وێنه‌یه‌كت ده‌دوێنم

ترووسكه‌ی رووت رووم تێده‌كا

بۆ كۆچت فرمێسك ده‌ڕژێنم