دوو دڵ
ناسر وەحيدی/ چیرۆکنووس
چیرۆک
وەبیرم دێ یەکەمجار ئەو نوکتەیەم لە دەمی ئەوەوە بیست. ئەو ڕۆژەی کە بۆ هەوەڵجار لەگەڵ باوکم بۆ نانی نیوەڕۆ هاتە ماڵمان. پێشتر لە مەجلیسی باوکم و هاوڕێکانیدا زۆرم تاریفی ئازایەتی و جوانمێریی ئەو لە ناو قسەکانیاندا بیست بوو. هاوڕێیيەکی باوکم کە پیاوێکی بەتەمەن بوو جارێک گێڕایەوە: ئەو هەر لە تافی توڵفییەوە لە ساڵەکانی چل و شەش و چل و حەوتەوە کە باش چاک و خراپی لێک جیا نەکردۆتەوە بە گەرمە هاوکاریی شۆڕشی ڕزگاریی کوردی کرد بوو. پاش تێکشکانی شۆڕش و شەهیدکردنی ڕێبەرانی شۆڕش، لەگەڵ پاشماوەی جووڵانەوەکە ڕووی لە هەندەران کرد بوو. بۆ بژیوی ژیان هەر لە جگەرەفرۆشی و بۆیەی کەوشەوە بگرە هەتا شاگرد قاوەچی و کەبابچی… هیچ کارێک نەمابوو سەری لێ نەسووبێ.
لە سەردەمی شۆڕشی ئازادیخوازیی گەلی عوممان، شەڕی زوفار بۆ فێربوون و ڕاهێنانی مەشقی پارتیزانی لەگەڵ چەند هاوڕێیيەکی چووبوونە یەمەن. پێشمەرگەیەکی زۆر چوست و چالاک، کارامە و نەترسە. لە ناو هێزی پێشمەرگە قانوون و یاسای داناوە و ڕۆژانە مەشق و ڕاهێنان بە پێشمەرگە دەکات.
لەوکاتەوە گەڕابۆوە، ببووە فەرماندەی هێزی ناوچەکە. باوکم کادرێکی سیاسیی باڵای حیزب بوو، کە دەچوو بۆ جەولە بۆ هەر کوێیيەک، ئەویشی لەگەڵ خۆی دەبرد. مرۆیەکی بەزاکۆنتە و ئازا بوو. پیاوێکی باڵابەرزی ڕەشتاڵە و دەم بە پێکەنین، دوو ڕیز ددانی سپی لە دەمیدا وەک مرواری تروسکەیان دەهات، یەکەم شت بوو لە چاوپێکەوتندا دەکەوتە بەرچاوی ڕووبەڕووەکەی. پیاوێکی زۆر کەمدوێ بوو. ئەوەندەی لەگەڵ باوکم و هاوڕێکانی دەهاتە ماڵی ئێمە، زیاتر گوێگر بوو تا وێژەر. قەتم نەبیست باسی ئازایەتیی خۆی و ترسی هاوڕێکانی بکا.
ئەو ڕۆژە لای نیوەڕۆ کە چوومەوە ماڵێ، لەگەڵ باوکم و دوو پیاوی ورگن کە بە قەد و گیپاڵیاندا دیار بوو ئەوانیش کادری سیاسین، هاتبوونە ماڵێ؛ لەگەڵ باوکم جەفەنگیان لێدەدا. دایکم بێ ئەوەی بێڵێ قوون بدەمە عەرزی، هەرای لێکردم زوو بچمە خوارێ سفرە و خوان بەرمە سەرێ بۆ میوان. جوابی دایکم داوە: مەگین کاکم لە ماڵ نییە وا من دەبێ سفرە دانێم؟ دایکم جوابی داوە: ئەویش یارمەتیت دەدا. کاک بێکەس میوانە.
چوومە دیوی میوان سڵاوم کرد و یەکسەر ڕووم لە کاک بێکەس کرد. لە بەرم هەستا و بەگەرمی دەستوموشتاقی لەگەڵ کردم. لەبەر بێکەس نەپەرژامە سەر بابم و هاوڕێکانی.
باوکم دەنگی دام: کوڕم، ئەوە کاک دلاوەرە و ئەوەيش کاک سمکۆیە.
بەبێ مەیلییەوە لەگەڵ ئەوانیش دەست و موشتاقم کرد، خۆم خزاندەوە پەنا کاک بێکەس. باوکم کوتی: کوڕم ئازا سفرە ڕاخە و نانمان بۆ بێنە، بێکەس زۆری برسییە.
باوکم دەیزانی من چەندەم بێکەس خۆش دەوێ، بۆیە ناوی ئەوی وەپێش میوانەکانی تر خست، دەنا دەمزانی خۆی و هاوڕێ ورگنەکانی زۆر لە بێکەس برسیتر بوون. خەمی خۆیان بوو، برسیيەتیی خۆیان بە بێکەس دەردەبڕی.
ماڵەکەمان دوو نهۆم بوو. بۆ نهۆمی خوارەوە دوازدە پلیکان دەبوایە بچینە خوارەوە، لە چاوترووکانێکدا بەغار چوومە خوارێ. گورجێ دەستم دایە سفرە و خوان کە دایکم پێشتر داینا بوو. ئەو ڕۆژە دایکم کفتە و شۆرباوی لێنابوو. چوار کاشی چینیی سپی گوڵسووری ورد، حەوت هەشت کفتەی خڕخڕ، یەکی بە قەرا گڕکەیەک لە ناو قاپێکی زلدا. بەرلەوەی کاکم بگاتێ ڕفاندمنە سەرێ و لەسەر سفرەکە دامنان. پاشان چوومەوە خوارێ بەشە شۆرباوەکەی خۆم بردە سەرێ و لە پەنا کاک بێکەس دانیشتم. کاکم دۆلکەیەک دۆی ساردی پڕ لە شیوت و گوڵ و قەزوان، پیاڵەیەک پیوازی قاشکراو و پێنج پەرداخی خاوێنی هێنا سەر سفرەکە داینان. ئەو ڕۆژە کاکم لەگەڵ ئێمە لەسەر سفرەی میوان دانەنیشت. باوکم و دوو هاوڕێکەی بە دەم نانخواردنەوە هەر بۆڵەبۆڵیان دەهات. من هەر چاوم لە دەمی کاک بێکەس و کڵاشینکۆفە مزلییە پێنجبزمارەکەی بوو. دەتگوت کیژۆڵەیە تازە پێگەیوە، چاوچاوێنم لەگەڵ دەکا.
بێکەس سەری داخستبوو زۆر بە شێنەیی هێندێکی نانی لەت کرد و لە شۆرباوەکەی کوشی، تڵیتەکەی خوارد. پاشان دەستی برد کفتەیەکی خستە ناو قاپەکەیەوە بە پاروویەک نان هەڵیشێلا. ئاخرپاروو دەوریی کاشییەکەی پێ لستەوە، کوتی: ئاخر پاروو وەک ئاخرفیشەک وایە، نابێ بیدەی بە کەس، تەنانەت بە براکەيشت.
ئەو ڕۆژە لەبەر باوکم و هاوڕێ ورگنەکانی، نەموێرا لە کاک بێکەس بپرسم مەبەستی لە ئاخر پاروو و ئاخر فیشەک چییە؟
کاک سمکۆی هاوڕێی باوکم کەمێک لە کاک دلاوەر کەڵەگەتتر و کزتر بوو، سمێڵێکی تیژی هەڵداشت بووە سەر گۆنای. دیار بوو بە شیلەی خورما یان کشمیش پێکەوەی نووساندبوو. خۆی نیمچە ئیستالینێک بوو. کوتی: بێکەس ئەوەی تۆ باسی دەکەی ئەمڕۆ تەنیا لە ناو فیلمە کۆنەکانی سەردەمی شەڕی یەک و دووی جيهانی، لە ناو پارتیزانەکاندا دەبینرێ. پارتیزانەکان وڵاتە داگیرکراوەکەیان بە شەڕی پارتیزانی ئازاد دەکەن. پارتیزانەکان تا ئاخر فیشەک شەڕ دەکەن، بۆ ئەوەی بە زیندوویی نەکەونە دەستی دوژمن و زانیاری نەدەنە دوژمنەکەیان، خۆیان دەکوژن. ئەمڕۆ سەردەمێکی تر و دونیایەکی جیاوازترە. ئەمڕۆ شەڕ بە ئەندێشە و فکر و قەڵەم دەکرێ، جاران بە سەرباز و تۆپ و تانک وڵاتێکیان داگیر دەکرد، ئەمڕۆ بە داهێنان و پێشکەوتنی ئابووری، بەبێ تەقاندنی تاقە فیشەکێک و بێ ئەوەی دەستکردنەوەیەک هەبێ وڵاتێک داگیر دەکرێ.
بێکەس:
ـ بەڵێ، ڕاست وایە. منیش لەگەڵ جەنابت هاوڕام. بەڵام ئەوە بۆ وڵاتانی پێشکەوتووە، بەتایبەتی بۆ وڵاتانی ئوڕووپایی و ئەمریکایيە. تۆ چی دەکەی لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوین کە خودا بۆ هێنانە سەر سیڕاتەلـموستەقیمیان سەت و بیست و چوار هەزار پێغەمبەری ناردووە، هەزار و چوارسەت ساڵە شەڕ و ئاژاوە کەوتۆتە ناویان و تا ئێستايشی لەگەڵ بێت نەکوژاوەتەوە!؟ ڕۆژهەڵاتی ناوین پڕە لە وشتر، دانیشتووانی ئەم ناوچانە، لە شیر ، گۆشت و خوریی وشتر کەڵک وەردەگرن. وشتر بەتەواوەتی خۆی خزاندۆتە ناو ڕۆح و خوێن و پێستی خەڵکەوە. کورد دەڵێ: ئەگەر دوو گا بکەیە لای یەک، ئەگەر ڕەنگی یەک نەگرن بەدڵنیاییەوە خووی یەکتر دەگرن. دانیشتوانی ڕۆژهەڵاتی ناوینیش خووی وشتریان گرتووە. وەک دەزانن وشتر تا دە پازدە ڕۆژ لەو سەحرا و بیابانەدا بەبێ ئاو و تفاق گوزەران دەکا. وشتر ئاشقی دڕووەشینەیە و قەت لە خواردنی تێر نابێ، دڕووەشینە سەرەکەی زۆر تیژە و لە کاتی خواردندا زمان و دەمی وشتر بریندار دەکا، بەڵام وشتر دەربەستی زمان و خوێنی خۆی نییە. تابتوانێ و هەبێ، زیاتر دەخوا و زمانی خوێنێکی زیاتری لەبەر دەڕوا. لەو کاتانەدا ئەگەر بەرگری لە وشترەکە نەکرێ، ڕەنگە بە هۆی خوێن لەبەر ڕۆیشتنەوە مردارەوە بێت. لەڕاستیدا وشتر ئاشقی خوێنی خۆیەتی! خەڵکی ڕۆژهەلاتی ناوینیش ئاشقی خوێنڕشتنی خۆیانن. هەر دوێنێ بوو سەددام حسێن بە نێرەکەری هێرشی کردە سەر ئێران و دواجار تەواوی خاکی کوێتی داگیر کرد.
باوکم کوتی: ڕەنگە یەکێک لە هۆکارە گرینگەکانی ئاژاوەی ناو ڕۆژهەڵاتی ناوین، یەک دەست نەبوونی جەماوەری دانیشتووانی ئەم ناوچانە بێت. هەر وەکوو ئاگادارن ئەم ناوچانە دابەش بووە بەسەر عەڕەب، کورد، بەلووچ، فارس و ترک؛ لە لایەکی ترەوە ئەم ناوچانە کانگایەکی سروشتی پڕ پیت و بەرەکەتی نەوتی لێ هەڵکەوتووە. زۆربەی دانیشتووانی بە هۆی ئەم ماددە سروشتییەوە لە فکری داهێنان و خوڵقاندن دابڕاون و تەنیا چاویان لەوەیە نرخی نەوت بەرز بێتەوە و داهاتی ئەوان زیاد بکات. هەرچەندە زۆربەی هەرە زۆری دەسەڵاتدارانی ئەم ناوچانە گەندەڵن و تەنیا لە فکری دزینی پارەی نەوتەکەن، ئاسوودەیی و خۆشگوزەرانی و پێشکەوتنی وڵات و میللەتەکەیان لەبەرچاو نییە. بەرژەوەندیی گشتی دەکەنە قوربانی بەرژەوەندیی شەخسی و بنەماڵەیی. لە لایەکی ترەوە وڵاتانی زلهێز و دەوڵەمەند بۆ ئەوەی ئەو نەوتە بە فیڕۆ بەرن، دەسەڵاتدارانی ئەم ناوچانە تووتک ترسێن دەکەن. هەر تاوێک لە سووچێکی وڵاتەکەیان بە هۆی بەکرێگیراوەکانی خۆیان، ئاژاوەیەک دەنێنەوە و تەختی ئەو دەسەڵاتانە دەهەژێنن. ئەوانیش بۆ مانەوە لە دەسەڵات، هەموو چەشنە نۆکەرییەک دەکەن و پشت دەکەنە گەلی خۆیان. نەوت بۆتە مایەی بەدبەختی بۆ ئەو وڵاتانە.
کاک دلاوەر، یەکی سوورهوول، ملی کورت و زۆر ئەستوور بوو. تەوقی سەری تاکوتەرا گەندەموویەکی پێوە مابوو. لووتی دەتکوت بیباری سووری دۆڵمەیە. بە دەسرەسڕ زوو زوو ئارەقەی لووت و دەموچاوی دەسڕی.
کوتی: یەکێک لە باشترین ڕێکارەکان بۆ نەهێشتنی ئەم ئاڵۆزییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوین پاککردنەوە و بژاری ئەو ناوچە ئاژاوەلێدراوانەیە. دوژمنانی ئەو نەتەوانە بۆ تێکدانی ئەو ناوچانە، جەماوەری نەتەوەیەکی جیاواز دەهێننە ئەو ناوچانە و نیشتەجێیان دەکەن، تاکوو یەک دەستیی جەماوەری ئەو شوێنانە تێکبدەن. ئەو نەتەوانەيش بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەم پیلانە نائینسانییە، دەبێ وەک خۆیان هەڵسوکەوتیان لەگەڵ بکەن. دەبێ دەس بکەن بە خاوێن کردنەوە و بژاری ناوچەکەیان، خاوێنکردنەوەیەک وەک چۆن مەزرا و بێستان بژار دەکرێ. ئەوەی دەڵێن کورد و عەڕەب و کورد و…. بران، تەنیا درۆیەکی زلە کە سەرکردە سیاسییەکان لەسەر میدیا و شاشەی تەلەویزیۆن وەک سووری ئیسرافیل فووی پێدا دەکەن، کەس گوێی تێوە نییە. بەڵام ئەوان بە لاساری و بەردەوام دووپاتی دەکەنەوە، خۆشیان یەکەم کەسن کە بڕوایان بە قسەکەی خۆیان نییە. قەت پیادە و سوار، دەسەڵاتدار و بێدەسەڵات نابنە یەکێک. دەبێ نەتەوەکان چەشنی داشی دامە و شەترەنج هەریەکە و لە ڕیز و خانەی خۆی ڕیز بێت، یان باشتر وایە بڵێم وەک سەوزیخانە هەر سەوزەیەک لە کەردوو و دووکانی خۆی بچێندرێ. ئەوانەی وا هاوردەن و بەزۆر ئاوقای ناو ئێمە کراون، ئێمەيش دەبێ بە شێوەیەک ئەو هاوردانە دەرپەڕێنین کە قەت بیر لە گەڕانەوە نەکەنەوە.
باوکم کوتی: کاکە دلاوەر، ئەوەی تۆ دەفەرمووی کردەوەیەکی شۆوێنییە. ئەوەنییە ئێمە بە دەم ئەم دەردەوە دەناڵێنین، ئەگەر ئێمەيش وا بکەین ئەی جیاوازیمان لەگەڵ شۆوێنییەکان چییە؟ ئەو غەیرەکوردانەی کە دەیان و سەتان ساڵە لە نێو ئێمەدا دەژین، وەک ئێمە وان. ئەم خاکە خاکی ئەوانیشە. جگە لەوە، کاکە ئێمە دەبێ هەتا دەتوانین لە ناو نەتەوە دەسەڵاتدارەکاندا دۆستی خوێندەوار و تێگەیشتوو پەیدا کەین، سەد قسەی ئێمە وەک سووکە ئاوڕێکی ئەو کەسانە بە هێند وەرناگیرێ.
کاک دلاوەر: کاکە ئەوە تۆ دەڵێی چی؟ ئەوەی دەیفەرمووی بەڕاستتە؟ بە شەرەف لەسەر مافی نەتەوایەتیی گەلان، ڕای ئوستازێکی زانکۆ و ڕۆشنبیرێک لە گەڵ بابایەکی نەخوێندەواری پیوازفرۆش هیچ جیاوازی نییە. هەر باسی مافی نەتەوەییت کرد خێرا مۆرێکی حازرکراوی جوداییخوازیت لە قوون دەدەن. ئەوانە ئێمەیان تەنیا وەک پارێزەری سنوورەکان دەوێ، لەو مەملەکەتە کاولبووانەدا بۆ کورد هیچ کارێکی کە جگە لە پاراستنی سنوور نییە؟ ئەی هەڵسووڕانی چەرخی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و چی و چی بە بای خودا بەڕێوە دەچێ؟ تەنیا بەشی ئێمە لەو کاول بووانەدا کوشتن و مردنە. کوا تاکوو ئێستا قەتتان بیستووە لە شوێنێک ڕۆشنبیر و خوێندەواری عەڕەب و تورک و فارس سەبارەت بەو تاوانانەی دەرحەق بە نەتەوەی ئێمە کردوویانە داوای لێبووردنیان کردبێ؟
بێکەس کوتی: کاکە وەرن مەرد بن هەرچی دەیکەن بیکەن، ئیللا هەڵایسانی شەڕ نەبێ. شەڕ بەدبەختی و ماڵوێرانی لەدوایە. شەڕ سیمای جوانی ئینسانیی مرۆ دەسڕێتەوە و سیمای دزێوی و دڕندەیی مرۆ تۆختر دەکات. لە شەڕدا نرخ و بایەخی مردوو سەت هێندەی زیندوو هەڵدەکشێ. شەڕ وەک ئاوێنەی ژەنگاوی وایە، دەموچاوی مرۆی تێگەیشتوو و ئاشتیخواز لێڵ دەکات، سیمای پیاوە دڵڕەق و توندەوتیژەکان زەقتر نیشان دەدا. مەگین ئێمە ناڵێین هەموو حەول و کێشەمان بۆ ئەوەیە ژیانێکی خۆش بۆ خۆمان و بەرەی داهاتوو دەستەبەر بکەین؟ ئەی ئەگەر وایە بۆ زۆر گوێ نادەینە زیندووەکان و بەرژەوەندیی ئەوان لەبەرچاو ناگرین؟ ئەوەندەی من لە ژیانمدا تەجرەبەم کردووە و دیتوومە، ئەوەی لە شەڕدا دەکوژرێ کوڕی پیرێژن و تاقانەی چەند خوشک و کوڕی فەقیر و هەژار بووە. وەرن مەرد بن با نەهێڵین ئەو خەڵکە بەسزمانە کە بە گیان و دڵەوە وەدوای ئێمە کەوتوون ئاوارە و دەربەدەر بن، با خوێنیان بە فیڕۆ نەدەین و عەدمیان نەکەین. ئەو خەڵکە موڵک و سەروەت و سامانی ئەم گەلەیە. من ناشڵێم ئەگەر دوژمن هاتە سەرمان بە نووکە شەق تێمان هەڵدا، قوونی لە بەر نەبزێوین؛ من دەڵێم شەڕ تاقە ڕێی چارەسەریی کێشەکان نییە. با بۆ جارێکیش بووە جگە لە شەڕ، ڕێیەکانی تریش تاقی بکەینەوە.
من گێژ ببووم لەو هەموو دووپات بوونەوەی ماف و نەتەوە و دەسەڵاتە. هەر تەقە لە سەرمەوە دەهات، کاس و وڕ ببووم. بۆ دەربازبوون لەو سەرئێشەیە دەستم دا کڵاشینکۆفە موزەلیيەکەی بێکەس، هەرچەند دراغی تێدا نەبوو. باوکم هات بە گژمدا. کوتی دەست لەو تفەنگە نەدەم و بینێمەوە جێی خۆی. وا چاکە بچم چایی بێنم بۆ میوانەکان.
ئەو قسەیەم لە دڵ گران بوو. بە دایکم کوت: دایە، بابم دەڵێ کاکم چایی بەرێ بۆ میوانەکان و نەچوومەوە سەرێ.
ڕۆژگار هات و ڕۆژگار چوو. من و کاکم هەردووکمان بووین بە پێشمەرگە، لە یەکێک لە هێزکانی زێرەوانی دامەزراین. چەشنی داشەهارەی دامە هەر تاوێک بۆ جەولە دەیانناردین بۆ ناوچەیەک. لەو جەولانەدا لەگەڵ براپێشمەرگەکانی شەنگاڵی، دەهۆکی، زاخۆیی، کەفری، قەرەداغی، حەڵەبجەی شەهید و کەرکووک، خانەقین و حەمرین تەنانەت بەشی باکووریش کۆبانی و عەفرین بووینە برادەر و دۆست. هیچ شوێنێکی کوردستان بۆ ئێمە نامۆ نەبوو، لە هیچ ناوچەیەک هەستمان بە غەریبایەتی نەدەکرد. جارجار کاکم بە قۆشمەیی خۆی بە ماڵێکدا دەکرد و هەرای لە ژنی خاوەن ماڵەکە دەکرد، ئەگەر پیر و بەساڵداچوو بایە، دەیگوت دایە گیان؛ ئەگەر گەنجتر بووایە دەیگوت پوورزا یان ئامۆزا؛ بەبێ شەرم کردن دەیگوت ئیشتیای فڵانە چێشتم کردووە، دایکم لێم دوورە، دەڵێن دەستاوی تۆ بەلەزەت و بەناوبانگە. زەحمەت نابێ کەمێکمان فڵانە چێشت بۆ ساز بکە. نازانم چ ودمێکی پێ بوو، کەس بێدڵیی نەدەکرد. هەموو وەک کەسێکی بنەماڵە بە دەمیيەوە پێدەکەنین و جەفەنگیان لەگەڵ لێدەدا. دەیانگوت: پێشمەرگەيش هەر پێشمەرگەی قەدیم. بە لەتێک کەشکی ڕەق و سوێر، حەوت شەو و ڕۆژ شەڕی دەکرد. خۆ شوکور لە خوا بەزیاد بێ شەڕ و شووڕیش نییە. ئەی ئەوە بۆ وا زگەڕۆیی دەکەی سەرپووت؟ دەڵێی کەڵت کوشتووە! بڵێی لە شەڕ بگەڕێیەوە چی بکەی!؟ ڕەنگە پیاویش بخۆی. ئەویش بە پێکەنینەوە دەیگوت: دڵنیا بە هەموو کەس بخۆم تۆم پێ ناخورێ، چون هێند پاک و خاوێن نی بتخۆم. جاری وا بوو دەهاتەوە مەقەڕ دەیگوت: تۆ و تۆ و تۆ بۆ نانی نیوەڕۆ یان شێو میوانی منن لە ماڵە دۆستێک. هەموو دەمانزانی دیسان خۆی بە مل کەسێکدا بڕیوە. خاوەن ماڵ کە چاوی بە ئێمە دەکەوت بە پێکەنینەوە دەیانگوت: ڕێوی بۆخۆی لە کونەوە نەدەچوو هەشتگەڵێکیشی لەگەڵ خۆی دەبرد. شا ئەو بەزمە! خۆی بە زۆر بە سەردا بڕیوین میوانیشی لەگەڵ خۆی بۆ هێناوین! ئێمەيش لەگەڵ ئەم قسانە ڕاهات بووین، هەموو لە قاقای پێکەنینمان دەدا. دوایە بە گەرمی بەخێرهاتنیان دەکردین و وەک کوڕی ماڵێ هەڵسوکەوتیان لەگەڵ دەکردین.
وەزعەکەمان زۆر خۆش بوو. لە هەموو لایەک خێر و بەرەکەت دەباری. وڵات پڕ ببوو لە کۆمپانیای بیانی، کار هێندە زۆر بوو خەڵکی ناوخۆیی پێی شوورەیی بوو بەعزە کارێک بکا. تەنانەت هێندێک ماڵ، نۆکەر و کارەکەری چینی و فیلیپینی و بەنگڵادیشییان گرت بوو. هەتا لە ڕۆژێکی تووش و دژواردا دوژمنان و نەیارانی نیشتمانەکەمان دەس بە یەکییان کرد، هەورێکی ڕەش و چڵکنیان هەڵداشتە سەر ئاسمانی وڵاتەکەمان، هەتا بەری ڕووناکیمان لێ بگرن. داعش زۆربەی خاکی نیشتمانەکەمانی داگیر کرد. سەروەت و سامانی خەڵکیان دزی. دەسدرێژی کرایە سەر ژن و منداڵ، پاشان وەک سەرەتای ئیسلام بازاڕی کڕین و فرۆشتنی ژنان و کچانی جارییە کرایەوە. پیرێژن و پیرە پیاوی پەککەوتە و منداڵی ورد کوژران و لەناو قووڵکەیەک لە چاڵ نران. ئێمەيش مەردانە لێیان هاتینە دەست و بە یارمەتیی هێزی نێونەتەوەیی و هاوپەیمانان توانیمان بۆ یەکەمجار ئەفسانەی داعش تێک بشکێنین. لە سەرەتای شەڕەکەوە تا بنەبڕکردنی سپای خەلیفەی موسوڵمانان، لەگەڵ کاکم پێکەوە شان بە شانی یەک لە مەتەرێزی شەرەف و پارێزگارییەوە هێرشمان دەبرد. کاکم تەقەی دەکرد و من پێشڕەویم دەکرد، من تەقەم دەکرد تا ئەویش دەگەیشتە حاندی من. زۆربەی کاتەکان ئەو پێش دەکەوت دەیگوت: کەسی کاکی! دایانبێژە. کاکم وەپێش دەکەوت، منیش بە وشیارییەوە دەسڕێژم دەکرد، نەمدەهێشت دوژمن سەر وەدەر نێن.
وردە وردە داعش خەریک بوو دەهاتە کۆتایی. زۆربەی خاکی نیشتمانمان بە یارمەتیی هاوپەیمان لە دەس داعش ڕزگار کرد. ناوەناوە لێرە و لەوێ هێرشیان دەکردە سەر ئەو شوێنانەی لێمان ستاندبوونەوە. هێزێکی تایبەتی خێرا بۆ هێرشی گورز وگومبەد بۆ سەر داعش پێک هێنرا. من و کاکم لەو هێزەدا ناومان نووسی. لە کاتی خۆڕێکخستنی هەر هێرشێکدا کاکم دەیگوت: کەسی کاکی! تۆ ژن و دوو منداڵت هەیە. لەم هێرشەدا تۆ بەشداری مەکە، بچۆوە دوو سێ ڕۆژ سەردانی ژن و منداڵەکانت بکە. منیش هەر بەشداری ناکەم. پێشمەرگەی لە ئێمە ئازاتریش هەیە. پێشمەرگە ئەمڕۆ وەک پڵینگی چیا وان، بەبێ ئێمەيش پلانەکەیان مسۆگەر دەبێ. منیش ڕەنگە لەو کاتەدا پێم گوتبێ: دەی باشە. ئەویش بێت و سەردانی براژن و برازاکانی بکا. بزانێ چەندە باڵایان کردووە و گەورە بوون. بزانێ بۆ ئەوە دەبن برازاکانی بکا بە پێشمەرگە؟ کاکم هەموو جارێک بیانووی دەهێناوە: لەپێشدا دەچێ سەردانی بنەماڵەی هاوڕێ شەهیدەکانی دەکات. دەیگوت: ئەوان زیاتر هەست بە تەنیایی دەکەن، سەردانی ئەوان پێویستترە. دەیگوت: دوایە ئەگەر توانی سەردانی ئێمەيش دەکات. ئەمجارەيش نەکرا جارێکی کە پێکەوە سەردانی برازاکانم دەکەین و دیاریی جوانیشیان بۆ دەکڕم. هەردووکمان وەعدمان دەدا لەو پلانەدا هیچمان بەشداریی شەڕ نەکەین. ڕەنگە من بەبێ ئاگاداریی کاکم قەرارم لەگەڵ بەرپرسی هێزەکەمان دانابێ لە شوێنێکی دیاریکراو لەگەڵ هێزەکە کەومەوە، بە بیانووی سەردانی ماڵەوە لە کاکم جیا بووبێتمەوە. لە گەرمەی شەڕەکەدا لەپڕ شانمان بەر یەک کەوتبێ. هاتبێتە پەنام. گوتبێتی: کەسی کاکی! ئەوە تۆيش لێرەی! ئەی ژن و منداڵەکانت؟ مەگین قەرار نەبوو سەردانی ئەوان بکەی؟ ڕەنگە پاش کۆتایی شەڕەکە ناوچاوانی ماچ کردبێتم گوتبێتی: لە سەری کاکیت کەوێ، باشت کرد هاتی بۆ ئەم هەڵمەتەيش. ئەگەر ڕاستت دەوێ، مرۆ کە خاکی نەبوو شەڕافەت و کەرامەتیشی نییە. کە خاک نەپارێزرا، پاراستنی نامووس و شەڕافەتیش ئاستەمە. تەنیا خاکە مرۆ تێیدا دەحەجمێ. هەموو شتێک لە خاکدا دەپارێزرێ. ئەوە نییە تەنانەت خۆشەویستە کۆچ کردووەکانیش بە ئەمانەتەوە بەخاک دەسپێرین.
پاش چالاکی و کۆتایی شەڕ، پێکەوە سەردانی ماڵەوەمان دەکرد. کاکم دیاریی بۆ ژن و منداڵەکانم دەکڕی. سەردانی ماڵی هاوڕێ شەهیدەکانی دەکرد و بە گوێرەی توانا یارمەتیی دەکردن. داعش بە هیممەت و لەخۆبوردوویی پێشمەرگە کۆتایی هات. هەلی دەستەبەرکردنی سەربەخۆیی بۆ گەلی کورد ڕەخسا. نە من و کاکم و نە هیچ پێشمەرگە و نیشتمانپەروەرێک لە خۆشیان لە هیچ کوێیەک جێمان نەدەبۆوە. لەپاش ئەو هەموو کوشت و کوشتار و ماڵوێرانی و ئەنفال و کیمیاباران و پەت و سێدارەیە، شایی لە دڵمان گەڕا: ئیتر ڕزگارمان دەبێ و دەبینە خاوەنی کیانی خۆمان. بەڵام هەر دڵەڕاوکێمان بوو، بڵێی دوژمنانی گەلەکەمان هەر وا بە سووک و سانایی کۆڵ بدەن و دەستمان لە یەخە بکەنەوە!؟ بڵێی بێڵن بە دەردی خۆمان داسەکنێین!؟
ڕیفڕاندۆم لە ژێر هەڕەشە و چاوسوورکردنەوە و گوشاری دەرەکی و ناوخۆیی، بە سەرکەوتوویی بەڕێوەبرا. تەنانەت جەماوەری کەرکووکیش زیاتر لە هەشتا لە سەتی دەنگیان دا بۆ سەربەخۆیی کوردستان. ڕیفڕاندۆم بووە بەڵگەیەکی مێژوویی حاشاهەڵنەگر کە کەرکووک شارێکی کوردستانیيە و گەلی کورد سەربەخۆیی دەوێ. ئیتر بەرەو ئەوە دەچووین بێخەم بین. هەموو کارەکانی کورد بە باشی بەڕێوە دەچوون. هەموو ڕۆژێک سەرۆک کۆمار و گەورەپیاوی وڵاتێکی زلهێز و بیانی سەردانی کوردستانی دەکرد. هەر هەموویان پشتیوانییان لە گەلی کورد دەکرد. داعش نەمابوو و ناوچە دابڕاوەکانی کوردستان هەموویان گەڕابوونەوە ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی هەرێم. کەچی هەر زوو زانیمان کورد و ژیانی خۆش مەحاڵە! دیسان هەڕەشە و گوڕەشە زیاتر و توندتر لە پێشوو دەستی پێکرد، ئابڵۆقەی ئابووریی ئێران و تورکییە هاتە گۆڕێ، دەروازە سنوورییەکان هەموو گاڵە دران. دەوڵەتی عێراقیش بۆ گوشارخستنی زیاتر بۆ سەر حکوومەت، مووچەی خەڵکی کوردستانی بڕی. وردەوردە دەنگی ناڕەزایەتی لە ناوخۆی کوردستان سەری هەڵدا. هێندێک بەڕاستی وەزعیان شڕ بوو و هێندێکیش بە هاندانی دەرەکی، هەڵا و بگرەیان ساز کرد. حکوومەت مووچەی پێ دابین نەدەبوو، مووچەی هەموو لایەک نیوە کرا. مەترسیی هێرش بۆ سەر حکوومەتی هەرێم ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ زیاتر دەبوو. هێزی پێشمەرگە هەمووی چووبوونە ئامادەباشییەوە و پشوو و حەسانەوەکان وەدوا دەخران. پێشمەرگە کە تازە داعشی بەزاندبوو، باکی بە حەشد و سەربازی عێراقی نەبوو، کە هەموو چەک و چۆڵەکەیان لە مووسڵ بەبێ تەقە تەحویلی داعش دابوو. پاش ئازادکردنی مووسڵ بە بۆنەی ئازادکردنی حەوێجەوە عێراقییەکان هەموو هێزەکانیان هێنا دەووروبەری کەرکووک. ئەوەی نەدەبوو بووبایە قەوما. هێزی عیراقی زۆر بە چاوقایمی و بێ ترس هێرشی کردە سەر کەرکووک. هێزەکانی بەرایی پێشمەرگە بەبێ تەقە سەنگەریان چۆڵ کرد و چەک وچۆڵیان کشاندەوە دواوە. خەڵکی سڤیل بەریان بە نەفەرهەڵگر و دەبابەی خۆیی گرت، یەک دوو دەبابەیان هەڵگێڕاوە. خەڵک دەیانگوت: ئێوە کە غیرەتی شەڕکردنتان نییە، چەکەکانتان بدەن بە ئێمە، خۆمان بەرگری دەکەین لە کەرکووک. پۆلێک پێشمەرگە تەقەیان لە دوژمن کرد و سەنگەرەکانیان چۆڵ نەکرد، بەداخەوە هەر هەموویان لە پشتەوە پێکران و شەهید بوون. هەر پێشمەرگە بوو دەگریا و قوڕی دەپێوا. باسی فرۆشتنیان دەکرد.
من و چەند هاوڕێیەکم بە بیکەیسی تەقەیەکی زۆرمان کرد، هێزەکەمان ناچار کرد پاشەکشە بکات. بەڵام دووبارە بە هێزێکی زیاتر و تانکی ئەبڕامز و زرێپۆشەوە هێرشیان هێناوە. چەند هاوڕێیەکم شەهید بوون و منیش بە توندی بریندار بووم.
ڕەنگە ماوەی بیست ڕۆژێکی پێ چووبێ تا وەهۆش خۆم هاتبێتمەوە، خەبەری کاکم نەبوو و کەسیش خەبەری لە من نەبوو. هیچم لە چۆنیەتیی برینداربوونەکەم وەبیر نەدەهاتەوە، دوور و نزیک لە شاشەی تەلەویزیۆنەوە هەواڵەکانی بەرەی شەڕم لە نەخۆشخانەوە دەبیست. وام بۆ دەرکەوت عێراق مەبەستی بوو بە هاودەستیی تورک و فارس بە یەکجاری کیانی دەوڵەتی کوردی لە ڕەگ و ڕیشەوە دەرێنێ، بەڵام بە هوشیاری ڕێبەرانی نەتەوەیی و ڕۆڵە قارەمانەکانی گەل، لە دوژمن هاتنە دەست. تانکی ئەبڕامز کە دەیانگوت هیچ گوللەیەک نایبڕێ شکێندرا. پێشمەرگە لە پردی وسحێلا ئەفسانەیەکی تازەی بەرگرییان خوڵقاند. ڕیفڕاندۆم بەبێ پرسی خەڵک سڕ کرا! شەڕی حکوومەتی هەرێم و ئێراقیش بە ناوبژیکردنی وڵاتانی بیانی وێستا، هەڕەشە و گوڕەشەی عێراق بە دنەدانی تورک و فارس هەر بەردەوام بوو، بەڵام شەڕەکە وێستا.
نە من و نە کاکم چیتر وەک جاران مەیلی شەڕکردنمان نەمابوو. زۆر جار پێکەوە دەکەوتینە مشتومڕ، هەرچەند هەردووکمان لەسەر یەک شت سوور بووین: ئەو شوێنەی کە پێشمەرگە بە خوێنی سووری خۆی ئازادی کردبوو، سەرکردە سیاسییەکان بە پارەی سوور، نەوت و کورسی و بەڵێنی بێبەقا فرۆشتیان. پاش ئەو ماوە زۆرەی کە بە سەربەرزی و ئازادی ژیابووین، لە کەرکووک و دووز و خانەقین و… دووبارە خزاینەوە ژێر ڕکێفی عەڕەب و تورکمان و حەشدی شەعبی. وەک تاڵانچی دەستیان کرد بە تاڵان و سووتاندن و کاولکردن و دەسدرێژی بۆ سەر کەرامەت و نامووسی ئەو خەڵکە. ئەوەی داعش کردی، ئەوانیش دووپاتیان کردەوە. زۆر کچ و ژن لە حەیبەتا خۆیان کوشت، ئەوەی غیرەتی خۆکوشتنی نەبوو لەبەر باوک و برایان دەپاڕانەوە بیان کوژن. دەگێڕنەوە کوتوویانە چی تر ناتوانن شان بدەنە بەر قورسایی ئەو بێنامووسيیە.
ئێستا وەبیر قسەکانی کاکم دەکەومەوە: مرۆ کە خاکی خۆی نەبێ، نامووس و کەرامەتیشی نییە. کاکم پاش کارەساتەکەی شازدەی ئوکتۆبر نەشەی شکا و بزە لەسەر لێوی تارا. ئەو پیاوە بەدەمودووە دەتگوت قاوتیان لە دەم کردووە، بە زۆریش دوو قسەی نەدەکرد. چووە ناو خۆیەوە. دوورەپەرێزی لە هەموو کەس دەکرد. زۆر سەیر بوو کاکم بە وادەی چەند ڕۆژێک هەموو سەروسمێڵی سپی بوو، پشتی بە سەر باڵایدا چەماوە، وەک سێبەرێک دەهات و دەچوو، کەس هەستی بە بوونی نەدەکرد. ئەو پیاوەی جاران بە حەوت زنجیریش تاوێک لە ماڵ ڕاگیر نەدەبوو، زۆر کەم لە ماڵ وەدەر دەکەوت، تەنانەت تاقەتی منداڵەکانی منیشی نەبوو، کاتێک گڕوویان لێ دەگرت و خۆیان لە باوەشی دەهاویشت، پووڵێکی دەنا ناو مستیان، بەو جۆرە لە کۆڵ خۆی دەکردنەوە. هەمیشە بەتەنیا بوو. خۆی لە ئێمەيش دەشاردەوە، وەک بڵێی کارەساتێکی زۆر نەگونجاوی لێ قەومابێ.
ئێوارێی ڕۆژێکی مانگی گەڵاڕێزان ماڵی خەزوورم بۆ شێو بانگێشتنیان کردین بۆ ماڵی خۆیان. زۆرم حەول لەگەڵ کاکم دا ئەویش بێ لەگەڵمان، بەڵام هەر نەهات. پاش ئەو ماوەیەی بەسەر داگیرکردنەوەی کەرکووکدا تێپەڕیبوو، ڕەنگە وامان زانیبێ کاکم وەزعی بەرەو باش بوونەوە چووبێ. ڕۆژانە یەک دوو سەعاتێک بۆ پیاسەکردن لە ماڵ چووبێتە دەرێ. ڕەنگە چەند جارێک دوور و نزیک دوای کەوتبم، چووبێتە باغچەی ئاژەڵان یان باغچەی گشتی. لەگەڵ ئەوەی لەوە چووبێ میزاجی باشتر بووبێ، نازانم بۆ ئەو شەوە دڵم بەرایی نەدابێ بە خاترجەمی کاکم بە تەنیا لە ماڵێ بەجێ بێڵم! ئەو شەوە ڕەنگی دەموچاوی کاکم لە بەرچاوی من لە سەوزە و ئەسمەرەوە گۆڕدرابووبێ بۆ سپیی واش، سپیەکی مەیلەو شیر. چاوە زیتەکانی ورشەی جارانی تێدا نەبینرابێ. ڕەنگە ئەو شەوە بیانووی ئەوەی هێنابێتەوە سەردانی یەکێک لەو هاوڕێ تازانەی بکا کە بە هەڵکەوت لە باغچەی گشتی بووبێتنە دۆستی. ئەو شەوە تا ئەو لە ماڵ نەچووبێتە دەر، ڕەنگە ئێمەيش لە ماڵ دەرنەکەوت بێین.
ڕەنگە تازە دەستمان لە نانخواردن کێشابووبێتەوە کە یەکێک لە دراوسێکانی تەنیشمان تەلەفوونی بۆ کردبێتم. بە بیستنی زەنگی تەلەفوونەکە جەرگ و دڵم داکەوتبێ. لە دوای تێکچوونی مەزاجی کاکم ڕەنگە ئەوە یەکم شەو بوو بێت کە بە تەنیا بەجێمان هێشتبێ. کابرای ئەوبەری تەلەفوونەکە یەکسەر بەبێ ئەحواڵ پرسی کوت بێتی: ئەرێ کاکە لە ماڵی ئێوە چ باسە؟ ئەو تەقەیە چی بوو لە ماڵی ئێوەوە هات؟
من لە حەیاتمدا پیاوێکی ترسەنۆک نەبووم. تەقەيشم زۆر لە سەر کرابوو، لە کاتی شەڕدا گوللە وەک ڕێژنەی باران لەسەر سەر و دەوروبەرم کەوت بوو. نازانم بۆ ئەو شەوە بە بیستنی دەنگی تەقە لە تەلەفوونەکەدا زراوم چوو و ئەژنۆم شکا. لە سەر جێوە دەستم شل بوو تەلەفوونەکەم لە دەست بەر ببۆوە، دڵم بوورابۆوە کەوتبووم بە عەرزیدا. خەزوور و ژن براکانم بە پەشۆکاوی دەستیان دابووە بنپیلم، پرسیاریان کردبوو چی بووە؟ ئەو تەلەفوونە کێ بوو؟ من هاوارم کردبوو ئەی برای قارەمانم ڕۆ! ڕەنگە سەتان جار دووپاتم کردبێتەوە: برای ئازا و جوانم ڕۆ، برای قارەمان و نیشتمانپەروەرم ڕۆ.
نازانم چۆن منیان گەیاندبووە ماڵی خۆمان. بێدەنگییەکی بەسام ئەو دەووروبەرەی کپ کردبوو. شەو تاریکتر لە شەوان باڵی کێشابوو بە سەر کۆڵان و ماڵەکەمانەوە. دەستم هێزی کردنەوەی قفڵی دەرکەکەی نەبوو. ڕەنگە ڕەشیدی ژنبرام کلیلەکانی لێ وەرگرتبێتم، کوتبێتی ئێمە لەوێ بوەستین، خۆی چووبێتە ناو ماڵەکە. ماوەی چوونە ژوورەکەی ڕەنگە بە درێژایی مانگ و ساڵ و سەدەیەکی خایاندبێ. بریا تا ئەبەدیش ئەو چاوەڕوانییە کوشندەیە درێژەی خایاندبایە، قەت نەگەیشتبایەم بەو یەقینە تاڵ و جەرگبڕە. لە بەرهەیوانەکەوە ڕەنگە دوو سێ جار بانگی کاکمی کردبێ. گڵۆپی ناو ژوورەکان کوژابوونەوە. ڕووناکاییەکی زەردەڵ لە گڵۆپی بەرهەیوانەوە سەرەتاتکێی دەکردە ناو ڕاڕەوەکەی ژوورێ. ڕەنگە من لەوە زیاتر تاقەتم نەمابێ. چەشنی ئاژڵێکی کێوی کە لە دەست ڕاوچییەکەی بەربووبێ، بە پڕتاو خۆم کردبێ بە ژوورێدا، چووبێتمە ناو ژوورەکەی کاکم. کاکم چوارمەشقی دانیشتبێ. کڵاشینکۆفەکەی بەبێ دراغ نابووبێتە ژێر چەنەی. سەری بە سەر تفەنگ و کۆشیدا شۆڕ بووبێتەوە.
بە هەردووک دەست سەریم بەرز کردبێتەوە. چاوەکانی زەرد هەڵگەڕابێتن. بزەیەکی ساردوسڕی لەسەر لێو بووبێ، وەک ئەوەی گاڵتەی بە ژیان هاتبێ. ئەو زمهەڕیرەی لێوی منیشی تەزاندبێ، چەقوچۆی وێ خستبێتم. لەرزیبێتم و لەو شەوە سارد و تەریکەدا تەنیا گوێم لە تەقەی ددانم بووبێ. خوێنێکی ئاڵ بە بەرمل و سینگی کاکمدا چۆڕابێتەوە، وەک ئەوەی مناڵێکی ساوا گوڵی خاشخاشی لەسەر کراسەکەی نەخشاندبێ. پووکەی فیشەکێکی کڵاشینکۆف لە تەنیشتی کەوتبێ. پووکەکەم هەڵگرتبێتەوە. هەر زوو گوللەکەم ناسییەوە. ئاخر منیش گوللەیەکم لەوەی کاکم پێ بوو، کە قەت نەماندەخستە ناو دراغەکانمان. بە پێی وەسیەتەکەی بێکەس، ئەوە ئاخرفیشەک بوو. هەڵمان گرت بوو بۆ کاتی بێدەرەتانی، وەک ئاخرپاروو. وا دەردەکەوت کاکم چی تر دەرەتانی ژیانی نەمابێ. ڕەنگە منیش لەو کاتەدا دەستم کردبێت بە گیرفانی پاتۆڵەکەمدا، گوللەکەی خۆم دەرهێنابێ. نابێتمە بەری دەستم. ڕەنگە لەو کاتە ئاستەمەدا بێکەس تەنیا کەسێک بووبێت کەوتبێتەوە بیرم! وەسیەتەکەی لە ناو مێشکمدا وەک زەنگی کلیسا دووپات و دووپات بووبێتەوە: ئاخرفیشەک وەک ئاخرپاروو وایە، نابێ بیدەی بە کەس؛ تەنانەت بە براکەشت.
من ئێستا دوودڵم! نازانم منیش وەک کاکم ئەو فیشەکە وەک دواپاروو هەڵیگرم بۆ خۆم و ببمە ڕێڕەوی کاکم، یان بینێم بەو خاکفرۆش و خائینانەی خوێنی سووری کاکم و شەهیدەکانیان بە پارەی سوور و نەوت گۆڕیەوە!؟
ئاخری ئۆکتۆبری 20