فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

ئەوینی من

ئەوینی من
حەمید قەڵادزەیی/ شاعیر / ھەولێر

ئەگەر باران
سۆزی ئاسمان بێ بۆ زەوی
بەمن چی گەر نەیشواتەوە
گەردی دڵ و
هەوری چاوی پڕ لە خەوی

با ڕەهێڵە
لە هەناوی زریانێکەوە هەڵبکا
چیم پێدەڵێ
کەمن وێڵی ئاسمانێکم
دوو ڕەهێڵەی تیاهەڵدەکا

لەگەڵ هەر شەستە بارانێک
یان، تاڵی گەرمی خۆرەتاو
ئاسمانی من
با هەر ژێر چەترەکەی تۆ بێ
لانەی من و
پەلکەزێڕینەی خودا بێ
هەتا دەستم
بگاتە بەژنی ئەستێرە و
خۆرەتاویش
لە کەناری خۆما هەڵبێ .