قەسیدەی رۆزا ..
بەشی چوارەم … رۆزا دەبێ بە هیواوە بژیم …..
نازم عەلی/ شاعیر / سلێمانی
وەک کۆترێک ..،
لەفڕینی نێوان سەربانی ماڵێک و منارەی مزگەوتێکدا
ئارەزوو دەکەم بێمە ناو سنگتەوە .
تۆ … لەروناکی خودا درووستکراوی
وەرە … با بە ئارامی بچینە ئامێزی شەوەوە .
لەگەڵ تروکاندنی چاوەکانت
چیدی پیاوەکەی جاران نیم .
رەنگی شین ..،
چیدی ئەو رەنگە نییە هەموو کیژێک
بیکات بە کراسێک و دوگمەی سەرەوەی دانەخات.
من گەڵایەکی درەختم
بەئاوی جۆگەلەیەکەوە سەفەردەکەم
تا سەر ئێسقان
برینم هەیە .
وەک دەستفرۆشێک
بەیانیان و ئێواران … بەکام کۆڵانەدا گوزەربکەم
تیرۆرم دەکەیت .
مەسیح … یەک جار لەخاج درا
تۆ هەموو چرکەیەک
تاجێکی دڕکاوی لەسەرم دەنێی
بزماری ژەنگاوی لەهەرچوار پەلم دەچەقێنی
خاکی کەربەلا بە خوێنی حوسەین سوور بوو
ئیتر بۆچی ..،
ئاڵایەکی سوور لەسەر هەرچوار پارچەی دڵم دادەنێی ؟
هەموو جەستەم بوو بە پێ … هەر ناگەم
تۆ ست فاتیمەیت ..،
کەچی تۆزقاڵێک کلت نەدا لەچاوم .
ناتەوێ ببیت بە کەوێ
تێر بیت لە بارانی نیگام .
لەوڵاتی غەریبیدا کێ دەتناسێ ؟
کێ دەزانێ … دڵی پیرم .. هەستی تەڕی ناهێڵێ بمرم ؟
رەنگە لە من زویر بووبی ..،
بەڵام … شیعرم تاوانی نییە … بۆچی لێی دەتۆرێی

