شیعر
بەندی عەلی/ شاعیر / سلێمانی
دەشێ تەمەن میهری هەبێ و
ڕێت پێبدات ..
کەمێ زیاتر پێ ڕاکێشیت
لەو پێخەفەی
دەستە نەرمەکانی ژیان
بۆی ڕاخستووی بەپێی باڵات ..
ئەی چی لە جۆشی دڵ دەکەی ؟
چی تر لە پرسەی وەرینی
ڕەونەق و ڕەنگی گوڵ دەکەی ؟
لە زێدەبایی عومرێکی گۆشەگیرا ..
لە دەهرێکی بێ بەزەیی
پڕ کڕێوەو زەمهەریرا !
ئەی خەواڵوی بن ڕەهێڵە
دەی پێیەکانت داپۆشە ..
ئەم جیهانە ، ژیـژکێـکی
کوێر و دڕکاویی سەرخۆشە !!

