فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

خەونەكانی باوكم

خەونەكانی باوكم

غوڵام حوسێنی ساعدی/ وەرگێڕانی/ كاوە فاتیحی

 

رۆژی هەینییە، باوكم باوەشێك كاغەز و چەند دەفتەرێكی لەگەڵ خۆی هێنا، لە بەردەم ژووری میوانەكە بڵاوی كردبوونەوە، دەلاقەكان پڕ بوون لە بەڵگەنامەی بەنرخ، دەفتەری جۆراوجۆر، لیستی مووچەی كارمەندان، باوكم ژمێریاری فەرمانگەی داراییە. دایكم بە هات و هاوار و گریانەوە لە ژوورێ دێتە دەرەوە، لە سەر پلیكانەكان دادەنیشێت، بە ئاماژە ئێمەی بۆلای خۆی بانگ دەكرد:

دەزانی چ خەبەرە؟ دەزانی چ قوڕێكم وەسەر سەری گەڕاوە؟ بۆ ئەو هەینیيە چی بكەین، هەتا نەمرم ناحەسێمەوە لەو ژیانە، دەزانم هەتا نیوە شەو بەردەوام دەبێ، بۆ هیچ شوێنێك نەڕۆن، هیچ قسەیەكیش نەكەن. ئەوە چی بوو كەوتە خوار؟ بە هێواشتر قسەبكەن. دەفتەرەكانم لە كوێن… تائێستا ژوورەكانم گەسك نەداون، چێشتم لێ نەناوە، نابێ بجوڵێین، خەریكە شێت دەبێ، وەرە، وەرە، با تەماشای بكەین.

هەر دووكمان بە ماتەمات دەرۆیشتین بۆلای پەنجەرەكەی باوكم، لە ژوورەوە لەسەر بەتانيیەكی پینەكراو دانیشتووە، پرچیشی وەك بیبەری سوورە.

چاویلكەكانی لەسەر لوتی گیركردووە، قۆپچەی كراسەكەی كراو بۆوە، لەو كەلێنەوە پەراسوە دەرپەڕیوەكانی زەقتر باریكتر لەجاران دەر دەكەوتن. چەند دەفتەرێكی گەورەی لەسەر یەك هەڵچنی بوون، لەلای چەپ و راستیشی چەند پارچە كاغەزی گەورەی پێچراوە هەیە. بەڵام تائێستا هیچ كارێك ناكات. قەڵەمەكەی لە ناو ددانەكانی دابوو، بە دیقەتەوە لەگۆشەیەكی  ژوورەكە راماوە، دایكم دیسان دەست پێدەكاتەوە:

  • – ئەوەيش بوو بەماڵ؟ ئەوە بوو بە ژیان، خوایە گیان ئەگەر بمرم و بحەسێمەوە، مردن هەزار جار باشترە لەو ژیانە. ئاخر هیچ كەس نییە بەو پیاوە بڵێ ئێرە ماڵە خۆ ئیدارە نییە. بۆ ئەوەندە بە پەرۆشی؟ تەماشا، تەماشا، هەر دەڵێی پشیلەیە لەو سووچەی راماوە. ئێستا دەست پێدەكا، ئێستا پەلاماری دەدات، چەند ژماریەك لە ناو مێشكی تێكەڵ بوونە ناتوانێ رێكیان بخات.

بڕستم لێبڕا لەسەیركردنی دیمەنی ئەو هەموو كاغەزانە، بە زۆری دایكم لە سەر پەنجەرەكە دەهێنمە خوارێ، بەدەنگێكی ئارام و نەرم دەڵێم:

  • – ئیتر بەسە دایكە، وازی لێبێنە، دەبێ ددان بەخۆت دابگری، هێندەی نەماوە، دوو ساڵی تر خانەنشین دەبێ، ئەوانە هەمووی تەواو دەبن و ئێمەيش ئاسوودە دەبین.

دایكم وازناهێنێ، بەردەوام هەر شیڕەو گوڕەیەتی، تەواو لە لە دەستیان بێ تاقەت بووم، لە پلیكانەكانەوە سەر دەكەوم و دەچم دەرگای ژووری میوان دەكەمەوە، لەسەر زەویەكە ڕادەكشێم.  سەرم گێژ بووە، خەریكە لە هۆش خۆم دەچم، لەبەرامبەرم وێنەیەكی گەنجی باوكم كە هەڵواسراوە بە دیوارەوە ، سەر و سیمایەكی جوان رێك پۆش و لێوەكانیشی تەقریبەن قیت و گۆشتنن، پرچەكانی شانەكراون، بیرم لەوە دەكردەوە كە من بگەمە تەمەنی باوكم دەبێ شێوەم رووخسارم چی لێ بێت. بەو شێوە رووخسارە لاوازەی هەمە، بەو بێحەوسەڵەی كە هەمە بێ تاقەتی لێ سەندووم، هیچ شتێك لە ناو دەروون ومێشكم  جێبەجێ نابن. وێنەكە لە ناو چوار چێوەكەدا زیندوو بۆتەوە.

سەر و سیمای گۆڕاوە، چرچ و لۆچیەكی قووڵی لە دوو لێو و ددانی پەیدا دەبێ، پرچی ئاڵۆزەكەی دێتە سەر ناوچەوانی، رووخساری چرچ و لۆچ دەبێ، كوڵمەكانی چاڵ دەبن، شانەكانی، شانەكانیشی بەرزدەبنەوە.  زاری دەكاتەوە و رێك دەست دەكات بە ڕشانەوە، هەست دەكەم پەشێویەكی سەیر بەسەر دڵم دادێ، دەمەوێ هەستم، بۆنێك دەگاتە بن لووتم بە دوای ئەوە بابم  لە ژووری  هۆڵەكە هاواری كرد. بە پەلە خۆم دەگەیەنمە هۆڵەكە، باوكم بە تەنیایە لەرزێكی سەیر دایگرتووە.

  • – ئەوە چیتە باوكە؟ چی روویداوە؟
  • – راست نییە، بۆم جێبەجێ نابێ، فێڵك لە گۆڕێیە.
  • – چ فێڵێك باوكە؟
  • – هەموو شتەكان لەو دەفتەرانە جێبەجێ دەبێ.
  • – چی جێبەجێ دەكەی؟
  • – ژمارەی كاغەزەكانم، چی جێبەجێ دەبێ.
  • – چۆنیان جێ بەجێ دەكەی.
  • – هەموویان هەر وەكوو مێروو بەرێگا دا دێن و دەرۆن، ون دەبن، وەزاڵەیان هێناوم.
  • – ئەوە شتێكی مەحاڵە.باوكە
  • – چۆن مەحاڵ نییە؟ بەو چاوانەی خۆم دیتومن. چەند دانە چاوار، یان پێنج، هەر بەخێرایی جێگاكەی خۆیان دەگۆڕی.
  • – ئەوە گرنگ نیيە باوكە گیان…
  • – گرینگ نییە؟ تۆپێت وایە بە بەلاش دەخۆی و دەگەڕێی ئەوە گرینگ نییە؟
  • – ماندوو بوویە بابە گیان..ئەگەر یەك…
  • – ماندوو بوونی چی. ئەگەر هەڵەیەك بكەی دەزانی چی روو دەدات؟
  • – هەرگیز لەمن تێناگەی؟ ئەگەر بچوكترین هەڵە بكەیت دەزانی چی روو دەدات، دەزانی جیاوازی یەكسانە بەچی؟
  • – جیاوازی هەر هەمان جیاوازییە.
  • – نا مل ئەستوور، جیاوازی واتاكەی تریشی هەیە، ئەویش دزی كردنە، جیاوازی واتە دزی.
  • – یانی كێ دزی كردووە؟
  • – واتە من، باوكە بێ شەرەف و بێ ناموسەكەت.
  • – باشە خۆ سەروكاری تۆ لەگەڵ پارە نییە؟
  • – ئەی ئەوانەچین دەیان نووسم؟ مەگەر ئەوانە پارە نین؟
  • – ئاخر ژمارەی پارەكان نابێتە گەندەڵی.
  • – ئەی چی دەبێ بە گەندەڵی؟
  • – خودی پارەكە.
  • – هەستە برۆ لەبەر چاوم، تۆ لەچی تێدەگەی. مەگەر خوا لێ خۆش بوو بەرێز (دەفتەری)ت لەبیر نەماوە؟
  • – بۆچی، لەبیرمە.
  • – بۆچی خۆی كوشت؟
  • – نازانم.
  • – بەڵێ، نازانی، لەسەر هەمان ئەو گەندەڵيیە خۆی كوشت.
  • – كارێكی باشی نەكردووە.
  • – بەڵێ، لە روانگەی تۆ وایە، كاتێك منیش خۆم كوشت هەمان قسە دەكەی؟
  • – ئاخر بۆچی خۆی كوشت؟
  • – چونكە ناوی زڕا و حەیایی تكا بوو ، لە بەر ئەوەی ئابڕووی چوو بوو، پێت وایە من لە چی دەترسم؟ لە پاسەوان، یان دادگا، یان زیندان؟ نەخێر كاكە، لە ئابروو چوونی خۆم ، لە ناوزڕانی خۆم دەترسم.
  • – باوكە ئابڕووت ناچێ، هەموویان تۆ دەناسن، خاتر جەم بە.
  • – روو نادات، ئێستا ئەوە روویداوە، تا ئەو ساتە روویداوە.

ئەی بۆچی ئاوای لێهاتووە؟ بۆچی هەموو شتێك قاتی بووە؟  بۆهەموو شتێك تێكچرژاوە؟ دەتوانی وەڵام بدەیەوە یان نا؟ ها؟ بۆ وا لاڵ بووی؟ زمانت گیراوە؟ دەی بیڵێ، سەگباب، هەمووشتێكی بڵێ.

لەسەر سەر دەخولایەوە،  یەكێك لە دەفتەرەكانی دەكاتەوە، خۆم لە ژوورەكەوە فڕێ دەدەمە خوارێ، . شتێكی قورس لە پشتمەوە بەمست لە دەرگای دەكوتا.

سەعات دووی دوا نیوەرۆ من و دایكم. لە پاشخانێ نانی دەخۆین، دێینە دەرێ، خواردنی باوكیشم لەسەر دەلاقەكە سارد بۆتەوە، نە من و نە دایكم بوێری ئەوەمان نییە كاتی خواردنی وەبیر بێنینەوە. باوكم سەری بەرز دەكاتەوە لە پشتی چاویلكەكانیيەوە سەیری من و دایكم دەكات.

  • – چیتانە؟ بۆچی بەم شێوەیە سەیرم دەكەن؟

من لە دایكم بوێر ترم، بە هێواشی پێی دەڵێم:

  • – شتێكی وانییە.
  • – نا، زۆر شت هەیە، ئێوە نازانن.
  • – پێت وایە باوكە.
  • – نەخێر، ناشێ، ئەتۆ وەرە پێشێ.

دەچمە پێشەوە لە تەنیشتيیەوە دا دەنیشم، ئەو دەفتەرەی كە بەرامبەر باوكمە كراوەتەوە، باوكم بە پەنجەی ژمارەیەكم نیشان دەدات.

  • – ئەوە چەندە؟
  • – نۆ.
  • – بەڵام تا چەند خولەكێك لەمەو بەر حەوت بوو.
  • – ئەوەیان چەندە؟
  • – سێ.
  • – خوێڕی، پێش ئەوەی نیشانت بدەم هەشت بوو.
  • – چۆن شتی وابێ؟
  • – یانی من درۆ دەكەم؟ هەشت بوو و تەواو.
  • – ئاخر چۆن دەبێ هەشت ببێ بە حەوت.
  • – چۆن دەشێ؟ بەڵێ؟

بۆ چەند ساتێك لە سووچێكی ماڵەكەی رادەمێنێ، دواتر بە خۆشحاڵيیەوە.

  • – باشە، روون و ئاشكرایە، ئەگەر ژمارە هەشت هەڵگێریەوە دەبێت بە حەوت. بەشێنەیی وڵامت دەدەمەوە.
  • – بەڵێ، بەیەك هەڵگەرانەوە دەبێتەوە بە هەشت.
  • – بە هەڵگەرانەوە.
  • – راستە.
  • – بەڵام حەوت هەر كارێك بكەیت نابێتە نۆ. دەبێ؟
  • – بۆچی؟ دەشێ، هەر بەمشێوەیە درێژی بكەی شێوەی ژمارە یەك بنوێنێ، ئەوكات سەری شۆڕبكەیەوە بەملی بنوسێنی دەبێتە نۆ.

مستێكی تووند لە كەلەكەم دەسرەوێنێ.

  • – وازبێنە گەمژە، هەرگیز شتی وانابێ، بەڵام دەبێ سەر لەو فێڵە دەر بێنم، نهێنیيەكی سەیر و سەمەرە لەو نێوەندەدا هەیە، سحرێك لە ئارادایە.

رووی بۆلای دایكم وەردەگێرێ بە چاوە زەقە دەر پەریوەكانی تێی رادەمێنێ. چاویلكەكەی بەهێواشی دێنێتە خوارێ و لە ناوەراستی دەفتەرەكەی دای دەنێ.

  • – ها ژنەكە، ئەو كارە كاری تۆ نەبێ؟
  • – ئەوە دەڵێ چی پیاوەكە؟ بە حیساب بۆیە چل ساڵ؟
  • – بەڵێ بە گیانی تۆ، پێم وایە ئەوە هەمووی لە ژێر سەری تۆدایە، چیت كردووە؟
  • – وازبێنە بڕۆ بەلای كاری خۆتەوە. دەتەوێ شانەكەی لەسەری من بشكێنی؟
  • – بەگۆڕی باوكم هەمووی كاری تۆی بێ حەیا، بێ گومان شتێكت دەرخوارد داوم.
  • – بۆچی ئەو كارە بكەم؟
  • – بۆئەوەی ئیشوكاری ئیدارە نەهێنمەوە ماڵێ.
  • – خوایە پەنامان بدەی، هیچ شتێك نابیستم.
  • – خۆت مەكە بە كەڕەی شەربەت، راستیيەكەی بڵێ!

هەڵدەستێت و بەپەلە پرچی دایكم ڕا دەكێشت و وە دیوی دەرێی دەكات، دەی داتە بەر مست.

  • – دەتكوژم! دەتكوژم! دەبێ پێم بڵێی، راستیيەكەم پێ بڵی.

بە تورەیەوە دەچم، دایكم  لە بن چەنگی باوكم دەردێنم، دایكم دەگریت و هەر توك و دوعای لێ دەكات.

دایكم چارشێوەكەی هەڵدەگرێت و دەرگا دەكاتەوە دەرواتە دەرەوە. بە پەلە بە دوای دایكم رادەكەم، دایكم بەگریانەوە دەگەڕێتەوە لە پەنجەرەكەوە پێی دەڵێ:

  • – یارەبی قەت خێر لەخۆت نەبینی، بەو ئاخیری تەمەنەوە لێتدام، پێت وایە دیلت گرتووە؟ دەرۆمە ماڵی براكەم.

باوكم بەدەنێگی بەرز شیڕاندی:

  • – بۆ هەر بە قورێ گیراوێك دەرۆی بڕۆ، هەر كەسێ دەست لە كاروباری ئیداری من وەربدات ئەوە سزا كەیەتی.

سەعاتی نۆش دوانزە جار زەنگ لێدەدات، چۆلەكە كە هەموو سەرە سەعاتێك دوانزە جار زاری دەكاتەوەو دایدەخاتەوە. دەنگی كەڵەشێرەكەی دراوسێمان بە دەنگی چۆلەكەكە بێ دەنگ دەبێ، من لە میوانخانەكە دانیشتووم و جگەرە دەكێشم لە پڕ دەرگا دەكرێتەوە، باوكم بە شپرزەو شێواوی دێتە ژوورێ، دەستەكانی دەخاتە سەر سینگی و لەبەردەمم چۆك دا دەدات.

  • – بەرێز هەجەل، تكات لێدەكەم، گوێ لە دوا داواكاری من بگرە. جگە لە فەرمانبەرێكی هەژار هیچی تر نیم، تەمەنێكە بەو پەڕی دڵسۆزيیەوە هەموو لە خۆ بردوویەكيیەوە ئیشوكاری ژمێریاری ئیداریم وەستۆ گرتووە. خوا شایەتە تا ئێستا بچكوترین سەرپێچیم نەكردووە. هەتا گەیشتوومە ئێرە. بەو پەری سەربەرزیەوە ژیاوم و دەژیم. نازانم چی روویداوە كەمن دووچاری بومەوە، هەر چەندە باش دەزانم یاسا لە سەر هیچ كەسێك باز نادات. دادپەروەری بۆهەموومان وەك یەكە. ئەوەی  كە روویداوە خەتای ئەو ژنە شەیتانە و ئەو كوڕە مل ئەستوورەم بووە، هیچ ترسێكم لە سزا نییە. تەنیا لەوە دەترسم ئابرووم بچێ. بیكە بەڵا گێری سەری منداڵەكانت ئازادم بكە، مەهێڵە ئابرووم بچێ لەلای هیچ كەس و ناكەس بەچەیەك، ناوم لە رۆژنامەو گۆڤارەكان چاپ نەكرێت، بەدبەختم، هەزارو یەك بەدەبەختیم چەشتووە، بەڵام هەرگیز بێ ئابڕوو نەبوومە، ئابرووم مەبە، تكات لێدەكەم. داواكارم داواكەم لێوەربگرن.

دەیەوێت قاچەكانم لە باوەش بگرێت، منیش هەڵیدەگرم و  بەرزی دەكەمەوە دەنگی دەنگی فەرمانەكانم بە ژوورەكە دەخولێنەوە.

  • – تەنیا تاوانی تۆ ئەوە گوێڕایەڵی فەرمانەكانی ئێمە نابیت.
  • – بەندە حەددی نییە، هەر شتێكی جەنابتان فەرمان بكەن موو بە موو جێبەجێی دەكەم.
  • – ئەگەر وایە، هەر ئێستا دەچی نانەكەت دەخۆیت و پاشان حەپێكی ئەسپرین دەخۆیت و دەخەویت.

باوكم وەك بڵێی لە ژوورەوە دەچێتە دەرێ، دوای ماوەیەك بە ئەسپایی دەرۆم و دەچمە رێڕەوەكە، پرخە پرخی باوكم لە هۆڵەكەوە دێت، جریوەی چۆلەكەیەكی كاكۆڵی لە شوێنێكی نادیارەوە دەبیسترێت.