فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

ئێوارانە

ئێوارانە

( ١ )

سەردار جاف/  شاعير و ڕەخنەگر / ئەڵمانيا

 

ئەم ئێوارەيەم شێدارە

هەورێ بەری ئاسمانی شين و ڕوونی لێ تەنيوم

بە سەر دەفری هەناسەوە، رێ دەکەم

لە سۆراغی نيگاکانت

ترس ئاودامانی گرتووم، ترسێ لە ترسی تۆ ناچێ

فێرت کردم کە بترسم

لە خۆم لە ڕێ، لە ڕێگرتن، لە هەناسەم

ترس لە هەنگاوی لەرزۆک

ترس لە ترپەی دڵت، کە ياساغمه

ئەوا ڕاڕایی دەمخوات و

دەترسم بێم و،

دەرگا ئاسنينی ماڵت، هەر بە کڵۆمدراوی بمێنێتەوە

دەترسم بێم و

ئازارم دەی، بە دڵی پڕ ئازارتەوە

دەترسم بێم و

ژووانی چاوەنواڕی، هۆگری ئەو هەستە شێتانەی سارام نەبێ

دەترسێم بێم و

ئەو بازاڕی هەڕاجييەم لێ گران بێ، ئێوارەم بێ مۆمی ئيشق و دەست لە ملانێی سۆزا نەبێ

دەترسم بێم و

لە دوور ڕا جێ ڕانەخرا بێ، بۆ پشووی دڵەکوتێی من، چاوە ڕەشەکانی دووريم. کاڵ ببنەوە

دەترسم بێم و

مينا ڕۆژانی ئەوەڵی، خولق و لوتفت ڕەوا نەبێ،

ڕێی گەڕانەوەم خەرەند و چەن کاتژمێری تاريکی هۆن هۆن فرميسکی ڕەشم بێ،

تا هەتايە مەيل بمرێ و ڕۆحی قەقنەسی بتۆرێ

دەترسم بێم و

بە دڵی سارد و شکاوم قاوە تاڵەکەی تەنيایی فڕکەمەوە

ئەم وڕێنە جييە ناخم لەت لەت دەکا

دەمێک بوو لە سۆراغی جريوەی چۆلەکەت بووم بێت و

مينای ترسم، ترسا و نەهات

دەترسم دەستی تەزيوم، لە گەڕانەوەی ڕۆحمدا، ستێرنی ماشێن نەگرێ

لە تەک هەناسەم دابڕێ

تۆ نازانی

چۆن يەکەم رۆژ ، يەکەم ژووان، چوويە دڵ و

بوويتە ئەوينی ترۆپک و، لە هەنگوينیی تووڕتداوم

وەلێ دەڵێم

خۆشم دەوێی هەر خۆشەويستی منيت و،

تۆ خۆشەويسترين کەسمی

 

 

22 – 11 –  2022

Bad Camberg