فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

حوسێن عارف

حوسێن عارف

عەبدوڵڵا سەڕاج/ نووسەر و ڕۆماننووس / فيلەند

 

ئەم ڕابەرە نۆژەنکارەم لە سەرەتای شەستەکانەوه ئاشنای چیرۆکی بووم کە لە گۆڤاری ( شەفەق) ی کەرکوکدا چیرۆکی ( چای شیرین) ی بڵاوکردەوە، عەقیدی خانەنشین شێخ عەبدولقادری بەرزنجی لە ماڵەکی خۆیدا ئەم گۆڤارەی بە کوردی و عەرەبی بڵاودەکردەوە ئەوسای ماڵەکەی بەرامبەر بە قەڵا و دوو گەرماوە کۆنەکە بوو. هەر لەوێش ئەو ڕەوانشادەم ناسی: گۆران، شێخ مارفی بەرزنجی حەمەی مەلا کەریم، کەمالی کە کاروباری بەڕێوەبردن و دارایی گۆڤارەکەی پێدرا بوو، و کەسانی تر.

چەند خاڵێکی هاوبەش هەیە لە نێوان ئەم چیرۆکنووسە گەورەیە و بەندەدا. هەردووکمان لە چیرۆکەوە کەوتینە ڕۆمان نووسین، هەردووکمان هاوسەرمان کۆچی دوایی کرد. هەر دووکمانیش چاومان لەدەستداوە، جا با دوو هەڵوێستی خۆنەویست و جوامێرانەی دۆستم حوسێن عارف تۆمار بکەم بۆ مێژووی ئەدەبیمان:

١- لە کۆتایی فیستڤاڵی گەلاوێژ ی ۲۰۱٨ ، چەند شاعیر و نووسەرێك سەردانی ناوبراویان کرد بۆ پرسە و دڵنەوایی کردنی هاوسەرەکەی و، ڕایانگەیاند کە من خەڵاتی زێڕینی گەلاوێژم وەرگرتووە ، ئەویش جوامێرانە پێیانی وتبوو: دەبوایە ( سەڕاج) پێش من ئەو خەڵاتەی پێبدرایە.

٢ – لە ساڵی هەشتاکاندا کە کاڬ حوسێن سەرنووسەری گۆڤاری بەیان بوو، ژمارەیەکی تایبەت بە چیرۆك بڵاوکردەوە، دەیان چیرۆکنووس بەشدار بوون تێیدا، ڕۆژهەڵاتی و ڕۆژئاوایی و باکووریش، کەسێك لە ناوبراو دەپرسێ : لەم دەیان چیرۆکە کامەیانت بە دڵە؟ وەڵامیان دەداتەوە: چیرۆکی ( ئەو پیاوەی زوو سەری سپی بوو) لە نووسینی عەبدوڵڵا سەڕاج کە بەڕاستی لە چیرۆکەکەی منیش جوانتر و نۆژەنترە ئا ئەمەیە هەڵوێستی جوامێرانە و خۆنەویستی کاکە حوسێن عارف . با یادگارێکی دیکەيش تۆمار بکەم ، پاش کۆبوونەوەیەکی دوای نیوەڕۆی بیست سی نووسەر و شاعیر لەوانە هێمن ،شێرکۆ بێکەس، حەسیب قەرەداغی و کەسانی تر ، چوار چیرۆکنووس بڕیارماندا درێژە بە کۆبوونەوەکەمان بدەین لە باڕێکی شەقامی ئەبونەواس لە کەناری ڕووباری دیجلە ، حوسێن عارف دکتۆر کاوس قەفتان ، کاکە مەم بۆتانی و من ، وتووێژی زۆر لە بارەی چیرۆکەوە و پاش مەست بوون و مڕبوونمان بە کەباب، لەوێوە سەر تا سەری شەقامی ڕەشیدمان بە پێ بڕی و لە گۆڕەپانی مەیدان ئەوان چوون بۆ لای وێستگەی پاسەکانیان، منیش گەڕامەوە بۆ ئوتێلەکەم، کە تەنگاوی میزکردن ئەبووین لە ڕێگا ، هەرزەکارانە میزمان بە قفڵی سەرمایەدار و کۆمپانیاکاندا دەکرد.