فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

غەزەل

غەزەل

هونەر موکريانی/ شاعير / مەهاباد

 

بەڵکوو بمبینی نیگارێ! منی بێ‌گیانی گەڕۆڵ

بەرهەڵایێ وەکوو من یانی ڕەها، یانی گەڕۆڵ

کێ دەڵێ هەوری به بارانەوه دەریا دەڕژێ؟

دیاره نەیدیوه به دەشتانەوه گریانی گەڕۆڵ

بۆ دڵت نایه بگا سوودی نیگاهێ به منت؟!

تا نەگا قەدری خەمێکی به دڵت زیانی گەڕۆڵ

بیستم و تانه گەلێ لەو دەروجیرانەیه خێر

بەڵێ ئەو خەڵکه دەزانن چییه جەریانی گەڕۆڵ

کچه پەڕپەڕ دەبی بەو پایزه کووچەی چی؟ مەچوو!

ڕۆڵه خۆ شۆخی دەگەڵ گوڵ نییه زریانی گەڕۆڵ!

دەپەڕێنم قسه، تەبدارم و لەرزم هەیە، کەی

غەزەلێ تەڕ دەدەلێ بێژه له هەزیانی گەڕۆڵ؟

به موسیبەت تەمەنم برده سەر و پاکم ئەگەر

لێ‌گەڕێ لەو کەژی ئینسانی‌یه عیسیانی گەڕۆڵ

مەرگ و ئازادی ئەگەر پێکەوه دەلوێ چ خەمێ

خوا شوکر عاقیبەتی دێ به خەفەت ژیانی گەڕۆڵ

ڕەگی ئازایی پسا، خوێنی دڵاوایی ڕژا

بەس خەساری هەیه شەو بۆ لەشی عوریانی گەڕۆڵ

چاوی گێڕا له غەریبانی گەڕیدەی دڵی شار

ئاشنایێ، دەگرێ ڕێگه به گەڕیانی گەڕۆڵ

سەرەتا زاتی هونەر بوو به گەڕۆڵ و ئەبەدا

نایه کۆتایی به ئەو زاته به پایانی گەڕۆڵ

۱٤ی ڕێبەندانی ۱۳۹۸ی هەتاوی